مەرگی مرۆڤێکی هێمن
  2023-11-13       903       
هێمن قەرەداخی

نوسینی: رێبین مستەفا

 

چیزی که در سخن نمی گنجد

فقط با سکــوت قابل فهم است.

“شمس تبریزی

 

بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2013 لە ژێرزەمینەکەی غەزەلنووس

ناسیم، کاتێک داوەتکرابوو بۆ شیکردنەوەی فیلمی شۆڕەبی،پیاوێکی پاڵتۆ درێژی کڵاو لەسەر کۆمەڵێک دیوی قوڵ و جوانی فیلمەکەی باسکرد کە ئێمەی بینەر خەیاڵمان بۆی نەدەچوو یان پەییمان پێنەبردبوو، ئەو ڕۆژە بۆمن یەکێک لە ڕۆژە خۆشەکانم چوونکە دەیان دیوی نادیاری فیلمەکەی بەیان کرد،پیشانی داین دەکرێت هەمیشە سینەما و فیلم دیوێکی هەبێت بینەر پەی پێنەبات!

دواتر کتێبی مەعریفە و ئیمانی بە هاوبەشی لەگەڵ بەختیار عەلی بڵاوکردەوە، کتێبەکە بەقوڵی کۆمەڵێک دەردی ئیمانی و مەعریفی شەنوکەو کردبوو،لەکاتی خۆشی دەنگدانەوەی باشی هەبوو، من دوو سێ جار بۆی گەڕاومەتەوە و هەرجارێک شتێکی تازەم لێ هەڵێنجاوە!

ئەوە جگە لە نوسین و وتارە زۆر جوانەکانی دەربارەی وجود، ئەیستاتیکا، سینەما، فەلسەفە و ئاین کە بەردەوام فەیسبوکی هەموومانی پڕ دەکرد لە دید و بۆچوونی قوڵ و نایاب،

کاک هێمن بەمانای کەلیمە خوێندەوارێکی هێمن و لەسەرخۆ بوو، پیاوێکی مەند کە بەبێدەنگی کاری خۆی دەکرد و گوێی بە هەرا و زەنا و ژاوە ژاو نەدەدا!

لەهەمووی تراژیدی تر و ناخۆشتر لە بەکرەجۆ دەمبینی و دەیان جار لە کوچە و جادە و بانی بەکرەجۆ سوتفەم کردووە ، سوتفەی ماشێن هاژوشتن و نانخواردنیم دەکرد لە ڕێستۆرانتی سۆما!

وادیارە چیتر سوتفەی خۆی و نوسینە جوانەکانی ناکەین، چیتر یەکێک نادۆزینەوە بەبێدەنگی خەریکی ئیشی خۆی بێت،

چیتر یەکێک نادۆزینەوە لە خەمی جوانی و مەعریفەدا بێت.

لەڕاستیدا مرۆڤەکان بەردەوام لەناو زاکیرە و زهنی یەکدیدا دەژین، بەردەوام ئەوی دی لەناو ئێمەدا حزوری هەیە، مەعریفە و جوڵە و ژیان و مەرگی ئەوانی دیکە بەقوڵی لەناو ئێمەدا دەژی و کاریگەریمان لەسەر دادەنێت.

مەرگی کاک هێمن قەرەداخی مەرگی مرۆڤێکی هێمن و ڕۆشنبیر و بێدەنگە، مەرگی کەسێکە کە ئەو پەندەی بۆ ئیسپات کردین کە زۆرجار پەیامگەلێک هەن تەنها بێدەنگی و سکونەت دەرەقەتیان دێت، پەیامگەلێک هەن تەنها بێدەنگی دەتوانێت بیان گەیەنێت، ڕەوانت شاد و ڕێگاکەت پڕ بێت لە ڕێبوار و ڕۆشنبیری بێدەنگ و خودان پەیام.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×