ڕۆژێک دادێ تۆ دەبیتە شۆڕەبی، کتێبێکی شیعریی نوێی نەزەند بەگیخانی
  2023-11-14       906       

وەشانی نوسیار لە وەرزی نوێی کتێبەکانیدا کۆمەڵە شیعری (ڕۆژێک دادێ تۆ دەبیتە شۆڕەبی) لە نووسینی نووسەر و شاعیر نەزەند بەگیخانی چاپ و بڵاودەکاتەوە.

ئەم کتێبە لە دوو توێی ١٧٠ لاپەڕەدا کۆمەڵە شیعرێک دەگرێتە خۆی کە لە رووی فۆرم و ناوەڕۆکەوە ئەزموونێکی نوێی شاعیری بە ئەزموون نەزەند بەگیخانی-یە کە براوەی خەڵاتی شیعریی فێمینی فڕەنسییە (ساڵی ٢٠١٢).

کتێبەکە لە هەشت بەش پێکهاتووە کە وەک هەشت چڵەبی شۆڕبۆتەوە و بە کۆمەڵێ مۆتیڤ و هێڵکاریی هونەرمەندان قەرەنی جەمیل و رێبوار سەعید وێنەڕێژکراوە. بەشەکان بریتین لە: عیشق، لێکترازان، سروودی سروودەکان، پێگەییشتن، من ئەویترە، جەنگەکان درێژن، مەرگ، تاک-بوون لە کۆ-دا.

پارچە شیعرێک لە کتێبەکەکە:

رۆژێک دادێ

تۆ دەبیتە شۆڕەبی

لە کەنارەکانی من دەڕوێی

چڵی ئارەزووت شۆڕ دەبێتەوە ناو ئاوی شینی من

بەناو چۆڵاییەکانی جەستەی نیشتماندا دەڕژێین

دەبینە دەریا و

شەپۆڵ دەدەین

سەما دەکەن یاران

لەسەر پلاژی شیناییمان

نەزەند بەگیخانی: نووسەر و شاعیر، مامۆستای زانکۆ و هەڵگری خەڵاتی ئەکادیمیی ڤینسنت رایت-ە لە زانکۆی سیانسپۆی پاریس. لە ١٩٨٧ ەوە لە مەنفا دەژی و خوێندنی باڵای لە زانکۆی سۆربۆن-ی فڕەنسی تەواو کردووە و دواتر بۆ ماوەی ١٥ ساڵ لە زانکۆی بریستلی بریتانی کاری کردووە. بەگیخانی جگە لە کوردی، بە ئینگلیزی و فڕەنسیش دەنووسێ. بە کوردی شەش دیوانی شیعری و بە ئینگلیزی و فڕەنسی سێ دیوانی هەیە. شیعرەکانی بۆ دەیان زمانی زیندوو وەرگێڕدراون و لە ساڵی ٢٠١٢ دیوانی 'دوێنێی سبەینێ'' خەڵاتی فێمینی شیعری فڕەنسی بەناوی "سیمۆن لاندری" وەرگرتووە. ئەو دیوانە دوای نەمانی لە بازاڕ لە ساڵی ٢٠٢٢ لە لایەن کۆمەڵەی شاعیرانی فڕەنسی-یەوە دووبارە چاپ کراوەتەوە. بەگیخانی سەرپەرشتیاری بەشی "نەتەوە و کولتور و ئەدەبییاتی رۆژهەڵات"-ە لە دەزگای چاپ و پەخشی هارماتان لە فڕەنسا.بواری ڕۆژنامەگەریی کولتوورییدا کاری کردووە و لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار و پێگەدا نووسینەکانی بڵاوکردوونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×