زایۆنیزم‌و هێرزل
  2023-11-16       1022       

نوسینی: دانا حەمە عەزیز

 

سەرچاوەکان هەموو دەچنەوە سەر ئەوەی، لە ناو شاخەکانی قودس دا، شاخی زایۆن(سەهیۆن) پیرۆزترینیانە و پێگەی خوای ئیسرائیل بوە لەسەر زەوەی، هەربۆیە پاشا داود ی جولەکە سێ هەزار ساڵ پێش ئێستا قەڵای زایۆن ی وەك پایتەختی یەهود و بەن ی ئیسرائیل لەوێ دروستکردوە. بەڵام بابلیەکان ٢٦٠٠ ساڵ لەمەوبەر داگیر و کاول و ئەتکیان کردوە هاوکات قەومی یەهودیان دەربەدەر کردوە.

بەدرێژایی مێژوو، خەونی گەورەی یەهودیەکان گەڕانەوە بوە بۆ خاكی نیشتێمان و بۆ پایتەخت ی خۆیان(زایۆن - قودس). بەڵام بیریی زایۆنی یان سەهیۆنی تا کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم کاریگەر نەبوو. ساڵی ١٨٩٦ ڕۆژنامەنوس ی بە بنەچە جولەکەی نەمساوی تیۆدۆر هێرزل(تیۆدۆر هەرتەزل) وتارێکی مێژوویی دەربارەی گەڕانەوە بۆ خاکی نیشتیمان بڵاوکردەوە، وتارەکە دەنگدانەوەیەکی گەورە ی هەبوو. ساڵی دواتر یەکەم کۆنگرەی بزوتنەوەی زایۆنیزم (سەهیۆنی) لە شاری بازل ی سویسرا بەسترا و هێرزل بە سەرۆکی بزوتنەوەکە هەڵبژێردرا. هێرزل هەڵمەتێکی جیهانی گەورەی بۆ پشتیوانی زایۆنیزم دەستپێکرد، ڕاوێژی لەگەڵ سوڵتان حەمید ی عوسمانی و ئیمپراتۆری ئەڵمانیا و سەرانی زلهێزەکانی ئەو سەردەمە کرد. بەڵام هێرزل ساڵی ١٩٠٤ لە تەمەنی ٤٤ ساڵی دا کۆچی دوایی کرد و لە ڤێننا نێژرا، ساڵی ١٩٤٩ لاشەکەی برا بۆ قودس و لە گۆڕستانی گردی هێرزل بە خاك سپێردرایەوە. ئەم ڕوداوە تا ڕادەیەك بزوتنەوەکەی لاواز کرد، بەڵام زانا و عاقڵمەندانی جولەکە لە ئەوروپا و ئەمریکا و ڕوسیا و دەوڵەتی عوسمانی، دڵسۆزانە پشتی بزوتنەوەکەیان گرت و خەونی گەڕانەوە بۆ نیشتیمانیان کرد بە واقیع لەوانە بنگۆریان، چەی وایزمان، ئەلیعازر بن یەهودا و سەدانی تر. تەنانەت زانای گەورەی جیهان ئەلبێرت ئاینستاین کە حەزی لە سیاسەت نەبوو، ساڵی ١٩٢٣ دوای گەشتەکەی بۆ ژاپۆن بە قودس دا گەڕایەوە بۆ ئەڵمانیا، ئاینستاین لە قودس وەك سەرۆکی دەوڵەت لەلایەن دەسەڵاتی ئینتیدابی بریتانیا وە پێشوازی لێکرا، هەر لەوێ پێشنیاری کرد زانکۆیەک لە قودس بە زمانی عەرەبی و عیبری بکرێتەوە.

دوای تیۆدۆر هێرزل، لە گەورەترین سیاسیەکانی جولەکە کە ڕۆڵی باڵایان هەبوو لە گەشەکردنی زایۆنیزم و دواتر دەوڵەتی ئیسرائیل، ئەبا ئەحیمێر، شۆلێم عەلیخێم، داود بنگۆریان، چەی وایزمان، گۆڵدا مێئێر، مناحێم بێگین، شیمۆن پیرۆز. بەڵام لە بەتواناترین سەرکردە سەربازیەکانیان کە دەشێت وەك ڕزگار کەر و پارێزەری ئیسرائیل ناوی لە مێژودا بنوسرێت مۆشی دایان-ە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×