هاودەنگیی لە دژی کورد: هاودەنگیی سەلەفییەتی دیندار و بێدین
  2019-08-15       1144       

ناسری حسامی


ئەم ڕۆژانە ژنە هونەرمەندی کورد ماریا هەورامی کلیپێکی بڵاو کردووەتەوە. مەلایەک لە کوردستان بەو هونەرمەندەی گوتووە "دەڵە هەورامییەکە". دەزانین "دەڵ" یان "دێڵ" بە مێینەی سەگ دەگوترێ. بەم جۆرە مەلاکە، ژنێکی گۆرانیبێژ دەهێنێتە ئاستی سەگ چونکە کارەکەی ئەوی بەدڵ نییە.

لە ڕووداوێکی دیکەدا، کەسێکی دیکە، لە ئورووپا هەڵوێستێکی هاوشێوەی ڕەچاوکردووە. چالاکێکی "کۆمۆنیزمی کارگەری" وێنەی چەند کەری بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی ئەوە وێنەی "نوێنەرانی حیزبە کوردستانییەکان"ـە کە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی دانیشتوون.

ئەو دوو ڕەوتە، ئیسلامی سیاسی و کۆمۆنیزمی کارگەری گەرچی لە هەموو قسە و وتاریاندا دژ بە یەک دەنوێنن، بەڵام لە هەڵوێست بەرانبەر بەو کەسانەدا کە وەک ئەوان بیر ناکەنەوە، دوو دیوی دراوێکن: هەرتک لا لە جیهاندا دوو بەرەی "حق" و "باطل" دەبینن و جگە لە خۆیان هەموو کەس و گرووپێک دەخەنە بەرەی "باطل". هەردووکیان "نەیاران"ی خۆیان وەک ئاژەڵ دەبینن. لە هەر تک ڕوانگەدا، مرۆڤ ئەگەر وەک ئەوانی بیرنەکردەوە هیچ بایەخێکی نییە. هەرتک لا پێوانە ئەخلاقییەکانی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەدا دەسەپێنن و هەرچی لەگەڵ پێوانەکانی ئەوان نەهاتەوە سەرکوتی دەکەن. هەرتک لا پێیان وایە ئەرکی ئەزەلی و ئەبەدیی ئەوانە مرۆڤ بگەیەننە بەهەشت، تەنانەت ئەگەر بە زەبری شەقیش بێ. مەلاکە بە شەق خەڵک بگەیەنێتە بەهەشتی ئاسمان و کۆمۆنیزمی کارگەری بەشەق خەڵک بگەیەنێتە بەهەشتی ئێرانی یەکگرتووی کۆمۆنیستی.

کۆمۆنیزمی کارگەری پێشتر لە گەلێک وتار و هەوڵوێستیاندا هەمان سووکایەتییان بە زمانی کوردی، جلوبەرگی کوردی، مۆسیقای کوردی و کۆمەڵگەی کوردی کردووە کە ئەو مەلایە بە جلوبەرگ و گۆرانی و هونەری "ماریا هەورامی"ی کردووە. لە ئەدەبیاتی کۆمۆنیزمی کارگەریدا (بەنموونە لە وتاری "رامش سنندجی/ ٢٠٠١ دا و لە وتاری "حمید تقوایی/ ٢٠٠٤دا) هەمان سووکایەتی بە "جلی کوردی و فەقیانە"، بە "هۆرەی کوردی"و بە "خۆراکی کوردی" کراوە، کە مەلاکان بە "ژنی بێ حیجاب"، بە "پیاوی بێ ڕیش" و بەو کەسانەی دەکەن کە گۆشتی بەراز دەخۆن. هەرتکیان گاڵتە بەو شتە دەکەن کە پێیان ناشیرینە. ئەو دوو ڕەوتە، هەرتکیان لە ئاست مەسەلەی کورد یەک هەڵوێستیان هەیە: پێیان وایە کورد دەبێ لە خەلافەتی ئەواندا بتوێتەوە.

ئەوەی نەیاری فیکریی خۆی وەک ئاژەڵ دەبینێ، دیندار بێ یان بێدین، سەر بە بەرەی جەهل و تاریکییە. 

ئەو دیاردەیە زیاتر لەوەی ببێتە مایەی تووڕەبوونمان دەبێ سەرنجمان بەرێتە سەر ئەو حەقیقەتە کە ڕێگەی ڕزگاربوونی مرۆڤ لە چنگ دێوەزمەی خۆ بە حەق زانین و خۆسەپاندن، ڕێگەیەکی چەندە دژوارە و ئەو ڕاستییەش کە دوژمنانی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان بە دیندار و بێدینەوە چەندە هاودەنگن لەو دژایەتییەدا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×