تونێلی دەربەندیخان دادەخرێت
  2019-08-15       608       

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دەربەندیخان رایگەیاند، لەڕۆژی شەممەی داهاتوەوە دەست بە نۆژەنكردنەوەی ئەرزی تونێلی دەربەندیخان دەكرێت و بەو هۆیەشەوە تۆنێلەكە دادەخرێت.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دەربەندیخان لەراگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست ئاوێنە كەوتوە، رایگەیاند"دوابەدوای لیژنە پەیوەندیدارەکانی سەربە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو ڕێگاوبان ئاگاداریان کردین کە ڕۆژی شەمە ۱۷/۸/۲۰۱۹ کاتژمێر ۷ی بەیانی کاری نۆژەنکردنەوەی ئەرزی تونێلی دەربندیخان دەستپێدەکات."

هاتوچۆی دەربەندیخان لە رایگەیەندراوەكەیدا چەند رێنماییەكی داوەتە شۆفێران و وتویەتی"هاتوچۆ لەسەر شاخی بەرانانەوە دەبێت و بۆ ئەو مەبەستە ڕێگای سەر شاخ پاک دەکرێتەوە لەهەر خۆڵ و خاشاکێک کە هاتبێتەسەرشەقامەکەو هەروەها مەفرەزەکانی هاتوچۆی بەڕێوەبەرێتیمان ئامادەکاری تەواو دەکەن بۆ شۆفێران."

ئەوەشی خستۆتەڕو"شۆفێری ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان ئاگاداردەکەین کە ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە بزانین مەرجی توندوتۆڵییان تێدانیە یاخود دڵنیابین لەوەی کە ئۆتۆمبێلەکەی ناتوانێت بەسەرشاخدا هاتوچۆبکات ڕێگری لێدەکەیم و ڕێگای پێنادەین. ئەمەش بەمەبەستی ئەوەی نەبێتە گرفت بۆ شۆفێران و هاوڵاتیان کە لەم وەرزی گەرمایەدا دژواری و ئاستەنگ دروست بکات و خەڵکی بخاتە مەترسییەوە."

وتوشیەتی"ڕێگاکانی قەرەداغ، ناوتاق کراوەیەو هەر شۆفێرێک بیەوێت دەتوانێت بەکاریان بهێنێت بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجی ڕێگاوبانەکان."

ئاماژەی بەوەشداوە"تونێلی نیوکامپ و سەر ڕێگای بەنداوی دەربەندیخان داخراوە بەهۆی نۆژەنکردنەوەی بەنداوەکەوە بۆیە بەکارهێنانی ئەو ڕێگایە بەربەستەو هەوڵمەدە گرفت بۆخۆت و تیمەکانی ئەوێ دروست بکەیت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×