كۆسرەت رەسول: هەمو یەكێتییەكی دڵسۆز لەگەڵ ئەنجامدانی كۆنگرەدایە
  2019-08-25       751       

كۆسرەت رەسول، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی هەوڵەكان بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەمی حزبەكەی بەرز دەنرخێنێت و دەشڵێت؛ هەمو یەكێتییەكی دڵسۆز لەگەڵ ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی یەكێتیانەدایە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ‎ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٥/٨/٢٠١٩ لەشاری سلێمانی، كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بە ئامادەبونی حاكم قادر حەمەجان و ڕەفعەت عەبدوڵا، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی پێشوازی كردوە لە وەفدێكی ئەنجومەنی ناوەندی حزبەكە.

‎لە دیدارێكدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی دۆخی یەكێتی و هەنگاوەكانی ئەنجامدانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی و ئامادەكارییەكانی ئەم پڕۆسەیە.

لەمڕوەوە كۆسرەت ڕەسول هەمو هەوڵێكی دڵسۆزانەی بۆ ئەنجامدانی كۆنگرە بەرزنرخاندوەو داوای كردوە لەپێناو یەكێتی و سەركەوتنی گەورە هەنگاوەكان یەك بخرێن.

‎لە بەشێكی تری دیدارەكەدا جێگری سكرتێری گشتی ڕایگەیاندوە"هەمو یەكێتییەكی دڵسۆز لەگەڵ ئەنجامدانی كۆنگرەیەكی یەكێتیانەیە بۆ نوێبونەوەی یەكێتی و خۆئامادەكردن بۆ قۆناغی نوێی خەبات لە كوردستان."

‎بەپێی راگەیەندراوەكە كۆتا بەشی دیدارەكە تەرخانكراوە بۆ گوێگرتن لەدیدو بۆچونی هەڤاڵانی ئەنجومەنی ناوەندو سەرنجەكانیان بۆ ئەنجامدانی كۆنگرەو هەمو بەشداربوان هاوڕا بون كە بەستنی كۆنگرەی یەكێتی هەنگاوێكی گرنگەو بەشێكە لەژیانی حزبایەتی بۆ كۆكردنەوەی سەرجەم دەنگ و ڕەنگە جیاوازەكان لەژێر چەتری یەكێتی نیشتمانی كوردستاندا.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×