سلێمانی: كارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی گرد دەبنەوە
  2019-01-23       510       

كارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی گرد دەبنەوە‌و داوادەكەن بكرێن بە كارمەندی هەمیشەیی، هۆشداریش دەدەن بە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەئەگەری پشتگوێ‌ خستنی داخوازییەكەیان درێژە بە بایكۆتكردن‌و مانگرتن دەدەن. 


ئاوێنە: ئەمرۆ "چوار شەممە" كارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی لەبەردەم بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی گردبونەوە‌و راگەیەنراوێكیان خوێندەوە كە تێیدا هاتوە "ئێمە وەک کارمەندانی خۆبەشی تەندروستی کە ژمارەمان 5 هەزار کارمەند دەبێت، ماوەی پێنج ساڵە بەشێوەی خۆبەخش لە نەخۆشخانەکاندا دەوام دەکەین، داوای مافی خۆمان دەکەین، بەڵام هەتاوەکو ئێستا وەزیر و وەزارەتی تەندروستی وەڵامی داواکاریی ئێمەیان نەداوەتەوە".



راشیدەگەیەنن بەهۆی بایكۆتكردنیانەوە هەندێك بەشی نەخۆشخانەكانی پارێزگای سلێمانی كارەكانیان وەستاوە‌و پێشیان وایە بەردەوامی بایكۆتەكەیان بە زیانی هاوڵاتیان دەبێت‌و حكومەتی هەرێمیش بە بەرپرسیاری سەرەكی دەزانن.


هەرلەو گردبونەوەیەدا سەرۆكی لقی سلێمانی سەندیكای كارمەندانی تەندروستی، هاوژین عومەر رایگەیاند لەساڵی 2013 وە هیچ كارمەندێكی تەنردوستی دانەمەزرێنراوە، پێشی وایە بەردەوامی بایكۆتكردنەكان بەزیانی كەرتی تەنردوستی كۆتایی دێت. 

 


زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×