پێنجوێن..تەرمی هاوڵاتییەك دۆزرایەوە كە ئاژەڵی دڕندە بەشێكی زۆر لە لەشی خواردوە
  2020-01-27       1310       

نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، تەرمی هاوڵاتییەكی نەناسراو لەگوندێكی سەربە ناحیەی "گەرمك"ی قەزاری پێنجوێن دۆزراوەتەوە كە ئاژەڵی دڕندە بەشێكی زۆر لە لەشی خواردوە.

ئاوێنە: لوقمان لەتیف، لێپرسراوی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی پێنجوێن لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، کاتژمێر ٨ی ئەمشەو تەرمی هاوڵاتییەکی نەناسراو هێنرایە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان کە لەلایەن شوانێکەوە پۆلیس لەبونی ئاگادارکرابوەوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە تەرمەکە لە سنوری گوندی "سیاگوێز"ی سەربە ناحیەی گەرمکی قەزای پێنجوێن دۆزراوەتەوەو پۆلیسی گەرمک بەدواداچونیان بۆ کردوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، ئەوەی تێبینی کراوە تەمەنی لەنێوان ٣٥ بۆ ٤٠ ساڵدایەو جوتێ کالەی سوری لەپێدایەو ڕەسمی تاتۆیەک لەسەر سنگیەتی و هەندێ پارەی ئێرانی لە گیرفانیدا بوە.

ئاشكراشیكردوە كە دوای پشکنینی بەشی دادی نەخۆشخانەکەمان دەرکەوت کە ئاژەڵی دڕندە بەشێکی زۆر لە لەشی خواردوەو مێژوی مردنەکەی لەنێوان ٤٨ بۆ ٧٢ کاتژمێردایە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×