"تا ئه‌و كاته‌ی‌ یه‌كێتی‌ به‌مۆڵی‌ پاره‌ی بۆ ده‌هات‌و شه‌ریكی‌ پارتی‌ بو، كه‌س نه‌یده‌وت سته‌م له‌سلێمانی‌ ده‌كرێت"
  2020-02-04       4727       
ئا: ئەیاد محەمەد 

كێشه‌ی‌ غازی‌ ماڵان دروستكراوەو بۆ دەوڵەمەندبونی بەرپرسانی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتییه‌، چونکە لەئێستادا رۆژانە زیاتر لە ۱۰۰۰ تەن غازی شل لەكێڵگەی كۆرمۆر بەرهەمدەهێنرێت، له‌كاتێكدا پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بەكەمتر لە ۷۰۰ تەن غازی شله‌، ئه‌مه‌ وته‌ی‌ د. غالب محه‌مه‌د، ئەندامی لیژنەی نەوت‌و وزەو سامانەسروشتییەکانی‌ پەرلەمانی عێراقه‌.

له‌م چاوپێكه‌وتنه‌یدا له‌گه‌ڵ ئاوێنه‌، ناوبراو باس له‌قه‌یرانی‌ غازو ناكۆكییه‌كانی‌ یه‌كێتی‌‌و پارتی‌ ده‌كات‌و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ شه‌ڕی‌ ئه‌و دو حزبه‌ له‌پێناو هاوڵاتیاندا نییه‌، به‌ڵكو بۆ پاره‌و داهاتی‌ نه‌وت‌و غازه‌، ئه‌و ده‌ڵێت، "تا ئه‌و كاته‌ی‌ یه‌كێتی‌ به‌مۆڵی‌ پاره‌ی بۆ ده‌هات‌و شه‌ریكی‌ پارتی‌ بو، باسی‌ ئه‌وه‌یان نه‌ده‌كرد كه‌ سته‌م له‌سلێمانی‌ ده‌كرێت".


ئاوێنە: گرژی نێوان پارتی‌و یەکێتی لەئێستادا بۆچی؟ ئایا لەسەر سوتەمەنی‌و غازە بۆ هاڵاتیان‌و بەرژەوەندی هاوڵاتیان لای ئەوان لەپێش بەرژەوەندی خۆیانەوەیە؟

د. غالب محه‌مه‌د: نەخێر، لەیەكەم واژۆ كردنی گرێبەستی نەوتی لەساڵێ ٢٠٠٢  كە لەبلۆكی تەقتەق بو یەكێتی‌و پارتی بەشەریكی داهاتی نەوت دابەشدەكەن، لەزۆر بابەت ڕێكنەبون، بەڵام داهاتی نەوتی هەرێم كۆیدەكردنەوە، هەتا  دەركردنی یاسای نەوت‌و غازو دانانی وەزیری سامانەسروشتیەكان لەساڵێ ٢٠٠٧جا هەر بەدو ئیدارەیی بەڕێوەدەبرا داهات‌و شرینیەكانی نەوت كە زیاتر بو لە (١١) ملیار دۆلار لەنێوانی یەكێتی‌و پارتی دابەشدەكرا.


ئاوێنە: باشە ئەوکات هۆکار چی بو باسکردنی بەرژەوەندی خەڵک بەمشێوە لەئارادا نەبو؟
د. غالب محه‌مه‌د: ئەوکات هەرێمی كوردستان شامی شەریف بو! چونكە پارەكە برا بەش دەكرا، دوای ئەوەی ئاشتی هەورامی هات‌و هەرێمی كوردستان دابەشكرا بۆ (٥٧) بلۆكی‌ نەوتی كە (٢٩) بلۆكی كەوتە ئیدارەی سلێمانی‌و  دەستیانكرد بەكاری‌ كۆمپانیاكانی نەوت، هەر لەو كاتە هەتا ئێستا هەموو ئەو كۆمپانیانەی كە لەبواری خزمەتگوزاری و گواستنەوەو سكویرتی‌و كۆمپانیاكانی تر لەناوچەی سلێمانی دراوە بەنۆكان‌و ئیدارەی گشتی و قەیوان و كۆمپانیاكانی تر كە سەر بەبەرپرسەكانی یەكێتی و بنەماڵەی تاڵەبانین، هەتا ئەمساڵ یەك كێشەیان نەبو، كەسیش غەدری لە سلێمانی نەدەكرد! چونكە پارەكە بەمۆڵی دەهات بۆ بەرپرسانی یەكێتی‌و بنەماڵەنی تاڵەبانی بەتایبەتی، ئیتر هەتا ئەو كاتەی كۆمپانیاكانی ئەوان كاریان دەكرد بەهیچ شێوەیەك باسی ئەوەیان نەدەكرد كە پارێزگای سلێمانی  غەدری لێدەكرێت.

ئاوێنە: کەوایە ئەم ساڵ بۆچی ئەم هەڵا دروست بوە بەتایبەت لەم چەن ڕۆژەدا؟
د. غالب محه‌مه‌د: ئەم ساڵ تەندەركان بۆ كۆمپانیاكانی خۆیان دەرنەچوو لەمەش پارتی كلاوی بۆ دورین، هاتن بە فرمیسكی تمساحی باس لە غەدر كردن لە سلێمانی و ناوچەكانی گەرمیان دەكەن، ناڵێن ئەم هات و هاوارەمان لە پێناوی خۆمان و كۆمپانیاكانمانە نەك سلێمانی و گەرمیان، گەر ئێوه‌ راستگۆ بوونایە لە گەڵ خەڵكی سلێمانی و گەرمیان، ئێستا حاڵێ ئەم ناوچەیە وا نەبوو بەڵام ئەوان هەر لە خەمی گیرفانەكانی خۆیانن و هیچیتر، هەموو سلێمانی كاول بێت گرنگ نیە،  گرنگ ئەوەیە خۆیان سەلامەت بن و كۆمپانیاكانیان دەوڵەمەند بن، هەر وەك بنەماڵەی بەرزانی وان گرنگ ئەوەیە بنەماڵە سەلامەت بێت، ئیتر هەرچی دەبێت باببێت!


ئاوێنە: بەشێک لەئەندامان یەکێتی لەئێستادا بەوئاراستەیە قسەدەکەن کە شەڕ لەسەر سلێمانی دەکەن لەخەمی سلێمانی و پرۆژەکانیدان؟
د. غالب محه‌مه‌د: خۆزگەئەوەندەی شەڕ لەپێناوی خۆیان و کۆمپانیاکانیان دەکەن ئەوەندە شەڕیان بکردایە بۆزیادکردنی ڕێژەی کارەبا و سوتەمەنی سلێمانی، شەڕیان بۆ ڕێگاو بان و پرۆژەی سلێمانی و ئێدارەکای گەرمیان و ڕاپەڕین بکردایە ئەو کات ئێمەش دەستخۆشیمان لێیان دەکرد کەشەڕ دەکەن لەپێناو خەڵکدا بەڵام وەک دەڵێن " شینەکە بۆهەلیسەکەیە نەک حسێن"

ئاوێنە: بابێینە سەرغاز کە ئێستا زۆر بەگەرمی باس لەنەبونی دەکەن و بەڕێژەیەکی بەرچاو لەچەند شوێنێک گران بوە بۆچی؟

د. غالب محه‌مه‌د: بۆ هەمولایك ڕونیدەكەمەوە کەهۆكارەكەی دروستکراوە! دروستكراوە بۆ دەوڵەمەندكردنی بەرپرسان، چونکە لەهەرێمی كوردستان رۆژانە زیاتر لە (۱۰۰۰) تەن غازی شل لە كێڵگەی كۆرمۆر بەرهەم دەهێنرێت، پارێزگاكانی هەرێمی کوردستان پێویستیان بە كەمترە لە (۷۰۰) تەن غازی شل.

ئاوێنە: پارەی گواستنەوەی غازی ماڵان مانگانە چەنێک دەبێت وابەوشێوەیە شەڕی لەسەر بکرێت و  کێشەدروست بکرێت؟

د. غالب محه‌مه‌د: كۆمپانیای گواستنەوەی غاز ،مانگانە (٣٠) ملێون دۆلاری دەست دەكەویت کەوای شەری یەكێتی و پارتی لە سەر پارەیە نەك كەمی خزمەتگوزاری سلێمانی.

ئاوێنە: هەرێمی کوردستان پێویستی  بەکەمتر لە (۷۰۰) تەن غاز هەبێت تۆدەڵێیت زیارتر لە (۱۰۰۰)تەن لەکۆرۆمۆر بەرهەم دەهێنرێت بۆچی بەش ناکات؟

د. غالب محه‌مه‌د: بەپێی ئەو زانیاریانەی کە من هەمە هەر دوێنێ (۱٦۰۰)تەن غازی شل بارکراوە، کەچی هاوڵاتیان لەعەربەت خۆپیشاندان دەکەن داوای خزمەتگوزاری‌و سوتەمنی دەکەن، لەکاتێکدا هەرێم پێویستی ڕۆژانەی کەمترە لە(۷۰۰)تەن، کەوایە ئەبێت منیش بپرسم ئەم غازە بۆکوێ دەچێت؟ ئێستا بۆ ئێوەو خوێنەرانیش ڕونبوەوە کە دروستبونی کێشەو ئاڵۆزی لەنێوان یەکێتی‌و پارتی بۆ بەرژەوەندی خەڵک نیە پەیوەندی بەنەبونی غازەوە نیە تەنها بۆ بەرژەوەندی خۆیان‌و بنەماڵەکانیانە، ئیتر با کەس خۆی نەکات بەشێرو بڵێت غەدر لەسلێمانی قبوڵناکەین، بابڵێن غەدر لەکۆمپانیاکانی خۆمان قبوڵناکەین، چونکە گەر شەڕیان بۆسلێمانی بکردایە نەدەگەشتین بەم دۆخە.

ئاوێنە: تۆ کە ئه‌ندامی‌ فراکسیۆنی گۆڕانی دەبێت حیزبەکەت هەر بەو شێوەیە بێدەنگ بێت لەکاتێکدا بەشدارە لەحکومەت؟
د. غالب محه‌مه‌د: ئەمەوێ شتێک ئاشکرا بکەم، پێش ئەوەی گۆڕان بەشداربێت لەحکومەت، پرسی بەئۆرگانەکانی کرد سەبارەت بەبەشداریکردنی لەحکومەتدا، یەکێک لەئۆرگانەکانی فراکسیۆنەکەیەتی لەبەغداد، بەندە بەڕاشکاوی وتومە نابێت بەشداری لەحکومەت بکەین، چونکە چاکسازیی لەگەڵ پارتی‌و یەکێتیدا ناکرێت، ئێستا چەند به‌رپرسێکی گۆڕان کە لەوه‌زارەتەکانن، جگە لەشاهیدی دانیان لەسەرچەند شتێک وەک داهاتی نەوت و گومرکەکان‌و چاککردنی ڕێگەوبان کەچی لەئەسڵدا خۆیان ئاگایان لێی نیە، وەک شاهیدێک وان هیچیان نەبینیبێت.


ئاوێنە: کەوایە ئەپرسم بزوتنەوەی گۆڕان گەر تۆی سەر پشک بکردایە لەم دۆخەدا چیت دەکرد کشانەوەی یان بەردەوامی لەحکومەت؟
د. غالب محه‌مه‌د: بەتەئکیدی کشانەوەو گەڕانەوە بۆ شەقام هەڵژاردنی ئۆپۆزسیۆن هەتاکو ئەوکاتەی هەمو مافێکی هاوڵاتیانمان وەردەگرت.
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×