پەرلەمانتارێك: ئاگادارنەكراوینەتەوە ناوی كاندیدانی هەندێك لەوەزارەتەكان نێردرابێتە پەرلەمان
  2019-04-27       740       

عەتوان عەتوانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، پەرلەمانتاران ئاگادار نەكراونەتەوە لەوەی كە ناوی هەندێك لە كاندیدانی وەزارەتە بەتاڵەكان رەوانەی پەرلەمانی كرابێت و رونیشیدەكاتەوە هێشتا كێشەكان لەبارەی یەكلاكردنەوەی ئەو وەزارەتانەوە بەردەوامن.

ئاوێنە: پێشتر رۆژنامەی سەباح-ی نیمچە رەسمی، لەزاری بڕیاردەری پەرلەمانی عێراقەوە بڵاوی كردبوەوە كە ناوی كاندیدانی هەردو وەزارەتی پەروەردەو داد لەلایەن عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە رەوانەی پەرلەمان كراوە بەمەبەستی دەنگدان لەسەریان.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە كۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق دەستی پێكردو بەپێی كارنامەی پەرلەمان دانیشتنەكە دەنگدان بە هیچ كاندیدێكی چوار وەزارەتە بەتاڵەكەی حكومەتەكەی عادل عەبدولمەهدی لەخۆناگرێت.

عەتوان عەتوان لەبارەی لێدوانەكەی بڕیاردەری پەرلەمانی عێراقەوە رایگەیاندوە كە ئاگادارنەكراونەتەوە كە ناوی كاندیدانی هەندێك لەوەزارەتەكان ئاڕاستەی پەرلەمان كرابێت و ئەو بابەتەش نەخراوەتە نێو كارنامەی دانیشتنەكەی پەرلەمانەوە.

جەختیشی كردۆتەوە كە ھێشتا كێشەكان لەبارەی كاندیدی ئەو چوار وەزارەتەوە ماون كە بە بەتاڵی ماونەتەوە.

وتوشیەتی"شتێكی گرنگ هەیە ئەویش ئەوەیە كە سەرۆكی پەرلەمان پێی راگەیاندوین، دەنگ لەسەر وەزارەتە بەتاڵەكان نادرێت تەنها بە ئامادەبونی سەرۆك وەزیران، عادل عەبدولمەهدی نەبێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×