عێراق و فەرەنسا بەڵگەنامەی هاریكاریی ستراتیژی نێوانیان ئیمزادەكەن
  2019-05-03       810       

محەمەد حەكیم، وەزیری دەرەوەی عێراق و جان ئێف لۆدریان بەڵگەنامەی هاریكاریی ستراتێژی نێوان بەغداو پاریس-یان لەچەند بوارێكی جیاجیادا ئیمزاكرد كە میكانیزمی كرداریی بۆ جێبەجێكردنی لەخۆدەگرێت.

ئاوێنە: بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە لەچوارچێوەی پەرۆشی هەردو وڵاتدا دێت بۆ گەیاندنی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانیان بە ئاسۆیەكی فراوانتر كە ئەوەش خواستی هەردو گەلی عێراقی و فەرەنسییە.

رێككەوتنەكە چەند پرسێكی سەرەكی بۆ هاریكاریی نێوانیان لەسەر ئاستی راوێژی سیاسی، پتەوكردنی پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی دیپلۆماتی، پەرەپێدانی هاریكاریی دامەزراوەیی، هاریكاریی سەربازی و ئەمنی، پەرەپێدانی بەرنامەكانی مەشقپێكردنی تایبەت و گونجاو لەبواری دژایەتی تیرۆر، بەشداریكردنی فەرەسنیا لەگەشەپێدانی تواناكانی عێراق و هەروەها دروستكردنی كۆمپانیای ئابوری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی.

محەمەد حەكیم جەختی لەسەر خواستی بەغدا كردۆتەوە بۆ چالاككردنی هاریكارییەكان لەگەڵ فەرەنساو هەروەك تەئكیدیشی لەسەر پابەندیی هاوبەشیی هەردو وڵات كردۆتەوە.

ئیمزاكردنی ئەو رێككەوتنە دوای ئەوە هات كە رۆژی رابردو عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەسەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای عێراقی لە بەرلینەوە گەیشتە پاریس و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای فەرەنسا دیداری ئەنجام دا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×