ئەمڕۆ پێنجشەممە، یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان
دوای كۆبونەوەی نێوانیان، رایانگەیاند كە لەسەر دانانی تەیب جەبار، بۆ پارێزگاری
كەركوك رێككەوتون.
ئاوێنە: مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی لەکۆنگرەیەکی رژنامەوانیدا رایگەیاند
"لیستی برایەتی تەیب جەبار، وەک کاندیدی پارێزگاری کەرکوک پێشکەشی ئەنجومەنی
پارێزگای کەرکوک دەکات".
وتیشی "هیوادارن پارێزگاری کەرکوک خزمەتی خەڵکی شارەکە بکات و ببێتە جێگای
رەزامەندی هەموو پێکهاتەکانیش".
-ئەندازیار تەیب جەبار ئەمین ساڵی ١٩٥٤ لە کەرکوک لە دایک بوە.
-خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی و ئامادەیی لە کەرکوک تەواوکردوە.
-ساڵی ١٩٧٦ کۆلیژی ئەندازیاری
بەشی بیناسازی لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردوە.
-ساڵی ١٩٧٨ تا ١٩٩٢ فەرمانبەر بوە وەک ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبانی
سلێمانی.
-لە ١/٨/١٩٩٢
تا ١/٨/١٩٩٧ بریکاری وەزارەتی ئەشغال و نیشتەجێکردن بوە لە کابینەی یەکەم و دوەمی
حکومەتی ھەرێمی کوردستان.
-کۆتایی ساڵی ١٩٩٧ خۆی خانەنشین کردوە.
-لە ساڵی ١٩٩٨ لە کەرتی تایبەت کاری کردوە لەبواری ئەندازیاری.
-لە ساڵی ١٩٧٠ دەستی بە نوسین کردوە.
-خاوەنی چەندین کتێبی شیعری و کتێبی رەخنەییە.
-چەندین نوسین و کتێبی ھەیە لە بواری ئەندازەی شارو شوێن و ئاوەدانی.
-یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی ئەندازیارانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢.
-لە ساڵی ١٩٩٢ تا ٢٠٠١ جێگری سەرۆکی یەکێتیی ئەندازیارانی کوردستان بوە.
-ساڵی ٢٠٠١ تا ٢٠٠٣ سەرۆکی یەکێتیی ئەندازیارانی کوردستان بوە.
-ئەندامی یەکێتیی
نوسەرانی کوردە.
-ئەندامی یەکێتیی نوسەرانی عێراقە.
-ئەندامی کۆمەڵەی روناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوکە.