حەشدی شەعبی لەناوچە دابرێنراوەكان نەكشاوەتەوە
  2019-01-20       627       

ئا: ئەیاد موحەمەد

دەنگۆی کشانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی لەهەندێک ناوچەی جێناکۆک لەپارێزگای دیالە دورە لەڕاستیەوە‌و حەشدی شەعبی لەناوچە دابرێنراوەكان نەكشاوەتەوە، سەرچاوەیەک بەئاوێنەی راگەیاند تائێستا بەشێوەیەکی فەرمی هیچ شتێکی نوێ نیە ئەوهێزانە خۆیان مەترسییان لادروست بوە، هێزی ئەمریکیش سەردانی چەند جێگایەکیان کردوە بەڵام جێگیر نەبون لەو جێگایانە.


بەپێی زانیاریەکانی ئاوێنە کە لەسەرچاوەیەکی پارێزگای دیالەوە دەستی کەوتوە هێزەکانی ئەمریکا بەشەش ئۆتومبێلی هەمەرەوە چونەتە مەنزریە، جەلەولا و سەعدیە و قائدەی کەرکوشی نزیک بەڵام تێیدا  جێگیر نەبون، ئێستا هێزەکانی حەشد ، بەدر و عصائب لەجەلەولاو سەعدیە خۆیان کەم پیشان دەدەن و لەهەندێک لەزاڵگەکان کەمبونەتەوە بەهۆی ئەوەی ترسێکیان لادروست بوە.


سەرچاوەکە ئەوەشی بۆ ئاوێنە ئاشکراکرد هەمو هێزەکانی شیعە ئەوانەی لەچوارچێوەی لیستی سائیرون و فتح و هاوپەیمانی دیالەی وەتەنی کۆنن، هەمویان کۆکن لەسەر ئەوەی پێشمەرگە نەگەڕێتەوە تاوەکو خۆیان كۆنترۆڵی ناوچەكان بكەن بەتایبەت  ناوچە کوردستانییەکان تا لەهەڵبژاردنی داهاتو دەنگەکانی کورد و عەرەبی سوننە بۆ خۆیان مسۆگەر بكەن.



لای خۆشیەوە عارف عادل، بەڕێوەبەری ناحیەی جەبارە بەئاوێنەی وت "بەشێوەیەکی فەرمی هیچ شتێک نیە لەبارەی کشانەوەی حەشدی شەعبی، لەجەبارە  نوسنگەی  بەدر هەروەک خۆی ماوەتەوە‌و نەكشاوەتەوە، بارەگای بەدرهەیە ئەوانەی کەلەوێن پاسەوانی بارەگاکە دەکەن، ، ئێمەش بەوردی چاودێری دۆخەکەدەکەین".



هاوکات بەرپرسی کۆمیتەی یەکێتی لەقەرەتە، موحەمەد عومەر بەئاوێنەی وت "لەقەرەتەپە هێزەکانی بەدر و سەرایاسەلام و هەروەها عصائب و مجلس اعلاهەیە و بارەگاو هێزیشیان هەیە، حەشدی شەعبی لەهەندێک بازگە نەماون وەک بازگەی نزیک گوندی گاخۆر و بازگەی چوار ڕیانی جەلەولا قەرەتەپە کفری، چونەتە ناوبارەگاکان بەڵام وەکو پاشەکشە هیچ پاشەکشەیەکیان نەکردوە".


 هەربەپێی زانیاریەکانی ئاوێنە، لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و عێراقدا لەئاستێکی باڵادا کۆبونەوە کراوە بۆدروستکردنی هێزی هاوبەش بۆناوچەکان ولیژنە پێک هێنراوە بەڵام لەوبارەیەوە لیژنەکان دەستیان بەکارکرد نەکردوە.



 کشانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دوای شانزەی ئۆکتۆبەر لە خانەقین و جەلەولاو جەبارەو قەرەتە وایکرد هێزەکانی حەشدی شەعبی و هێزە ئەمنیەیکانی تر لەوناوچانەدا جێگیر بکرێن، هەرچەندە لە ئێستادا  باسی کشانەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی دەکرێت  لەژێر فشاری ئەمریکادا، بەڵام ئەوهێزانەی ئەمریکا بەپێی زانیاریەکانی ئاوێنە ڕۆشتونەتە چەند جێگایەک و جێگیر نەبون، تائێستا بەشێوەیەکی فەرمی هێزەکانی حەشدی شەعبی هیچ پاشەکشەیەکیان پێنەکراوە.

 
زۆرترین بینراو
© 2018 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×