سەبارەت بەڕێکكەوتنی گۆران‌و پارتی: چەند پرسیارێکی سادە لەبڕیابەدەستانی گۆران

د. محه‌مه‌د عه‌لی
  2019-02-19     1997

یەکەم: دەقی ڕێکەوتنەکەتان لەگەڵ پارتیدا جگە لە کۆمەڵێک ڕستەی گشتیی‌و مەتاتی‌و ئێنشائی، چیتری تێدایە؟ کوا سەقفی زەمەنی؟ کوا میکانیزمی جێبەجێکردنەکان؟ ھیچ بەروارێک‌و سەقفێکی زەمەنی نیە بۆ ھیچ یەکێک لەخاڵەکان، زۆر بەکەمی‌و لاوەکیانە باسی دەسەڵاتی دادوەری کردوەو ھاتوە: کەس نابێت بەبێ بڕیاری دادگا زیندانی بکرێت. بەڵام نزیکەی مانگێکە ٢٢ کەس بەبێ دادگاییکردن لەبادینان زیندانن‌و گۆڕان نقەی لێوەنایەت!. بەیەک‌ وشەش باسی گەڕانەوەی موڵکی گشتی‌و نەھێشتنی ناعەدالەتی لە موچەو خانەنشینی پلە تایبەتەکان ناکات (ئەم دوبابەتە لەبنەما ھەرەسەرەکیەکانی گۆران بون، بەڵام بڕیاربەدەستانی ئێستەی گۆران باسیان ناکەن، چونکە: کوڕانی نەوشیروان مستەفا موڵکی گشتیان-گردەکە-داگیرکردوەو زۆرێک لەبەرپرسەکانی گۆڕان سودمەندی سەرەکین لە موچەو خانەنشینی پلەتایبەتەکان).

دوەم: بزوتنەوەی گۆران بەردەوام ڕەخنەی گرتوە لەم شێوە تاک لایەن و ئینشائیەی ڕێکەوتن لەگەڵ حیزبەکانی تردا، ئەگەر ھەرحیزنێکی تر ئەم کارەی ئێوەی بکردایە، راگەیاندنەکەتان و گەنجە شەھادەدارەکانتان ئێستە چیاندەکرد و چیاندوەت؟! یەکێک لە ڕەخنەکان لە بزوتنەوەی گۆران پۆپۆلیسیزمە، لەڕاستیدا، بەم ڕێکەوتنە، بڕیاربەدەستانی ئێستەی گۆران سەلمانتان کەگۆران پۆپۆلیستە بەپلەی ئیمتیاز.

سێیەم: علی حەمە ساڵح لە ١٤/١٠/٢٠١٨نوسی: لەدومانگی داھاتودا گۆڕانکاری گەورە دەکەین لەناو گۆراندا. ئەوە ئەمرۆ ١٩/٢/٢٠١٩یە، چوار مانگ دوای ئەو قسانەی عەلی حەمە ساڵح، ئایا لە کوێ و لە چیدا گۆڕان لەناوخۆی خۆیدا گۆڕانکاریی کردوە؟ یاشێخ ئێوە کردتانە هەرا کە دامەزراوەی سەرۆکایەتی هەرێم بۆچوارساڵی داهاتو هەڵپەسێردراوە، بەڵام لەم ڕێکەوتنەدا، دایدەمەزرێننەوە. ئەرێ بەڕاست سەرۆکی هەرێم جگە لە ڕازیکردن و دۆزینەوەی پۆستی بەدیل بۆ برازاو زاواکەی سەرۆکی پارتی چیترە؟ ئەم کارەش لە پێناو هاوسەنگی دەسەڵاتی هەردوئامۆزاکەو بنەماڵەی بارزانیە نەک پاکێجەکانی گۆڕان!

چوارەم: ئێوە نەتوانن بەڵێنەکانتان بۆ چاککردنی ناوخۆی گۆڕان ببەنەسەر، چۆن متمانەتان پێبکەین بۆ بەڵێنەکانتان بۆ دەرەوەی بزوتنەوەکە. باشە ئێوە بەڵێنەکانتان بۆناو گۆڕان خۆی نەخوات و ناتوانن دەستوری گۆران و دامەزراوەکانی گۆران ڕێکبخەنەوە، چۆن متمانەتان پێبکەین، یان چۆن دەتوانن دۆخی حکومڕانی ھەرێم چاکبکەن (فاقد الشیئ لا یعگیه). ھەر ھێزێک بۆئەوەی بتوانێت دۆخی سیاسیی دەرەکیی بگۆڕێت، خۆ ئەبێت بتوانێت دۆخی ناوەکیی حیزبەکە خۆی بگۆڕێت. دۆخی ژورەکان و مەکۆکان‌ لە خراپترین دۆخدان. هاوکات کۆمپانیای وشە بوەتە حیزب لەناوحیزبداو زۆربەی دامەزراوەکانی بزوتنەوەکە بونەتە کارتۆنی، تەنانەت خانەی ڕاپەڕاندن ناتوانێت پەیڕەوێکی ناوخۆی هەبێت، ئیتر چۆن دەتوانێت کاری گەورە بۆ دەرەوەی بزوتنەوەکە ئەنجامبدات.

پێنجەم: زەحمەت نەبێت دەتوانن پێمان بڵێن جیاوازی نێوان ھێمن ھەورامی و مونا قەھوەچی لەمەسەلەی پارتیبوندا چییە و کامەیە؟! ئەگەر دوەمیان لە یەکەمیان پارتیتر نەبێت کەمتر نییە. ئێوە دەزانن پارتی خەریکی چ یارییەکە و ئێوە چۆن بە کورتبینییەکی سیاسیی گەورەوە لەو یارییەوە گلاون؟ لەماوەی ٢٧ ساڵی ڕابردودا، ئەوە یەکەمینجارە پارتی ھەرسێ ئەندامەکەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی لابێت؟!.

شەشەم: ئایا ئێوە دەزانن ئەگەر سەرۆکی پەرلەمانیش بدرێ بە یەکێتی، ھیچ لەمەوزوعە ناگۆرێت؟ چونکە دواجار ھەورامی و قەھوەچی بابەتەکان یەکلا دەکەنەوە!

حەوتەم: ئەرێ بەراست بۆ لەخۆتان ناپرسن: بۆچی بە دوانزە کورسیەوە پۆستەکانتان دو ھێندەی بیست و چوار کورسیەکەی خولی پێشووە؟ وەڵامەکە زۆر ئاسانە: گۆران بەم قیادەی ئێستایەوە، نەک ھیچ مەترسییەکی بۆسەر دەسەڵاتدارێتی پارتی نابێ، بەڵکو ڕێک بەپێی بەرژەوەندیەکانی پارتی کاردەکات. کارو ڕاگەیاندنەکەی گۆڕان لەماوەی چەند مانگی ڕابردودا، باشترین بەڵگەی دەستەمۆبونی گۆڕانە بۆ سیاسەتەکانی پارتی.

هەشتەم: ئێوە داوای دەسەلاتی زیاترتان کردوە بۆ جێگری سەرۆکی ھەرێم، چونکە دەدرێت بە گۆڕان! زەحمەت نەبێت ئەمە گەورەترین پاشەکشە نیە لە مەبادیئەکانی گۆران کە داوای گۆرینی سیستمی دەکرد نەک کەسەکان؟!ئەگەر دەسەڵاتی جێگری سەرۆکی ھەرێم ھێندە گەورەبێت کە ئێوە ئەتانەوێت، ئەی ئەبێت دەسەڵاتی سەرۆکەکە خۆی چەند بێت. لەکاتێکدا یەکێک لە کۆڵەکە سەرەکییەکانی سیاسەتی گۆڕان دەسکاریکردنێکی ڕیشەیی دەزگای سەرۆکایەتی هەرێمە نەک دۆزینەوەی کار بۆ گەورە هەڵسوڕاوێکی گۆڕان!
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×