لە16ی ئابدا پارتی لەکوێوە بۆکوێ؟

فارس نەورۆڵی
  2019-08-15     835
پارتی لەھەلومەرجێکدا دامەزرا لەھەموو ئاستەکاندا داگیرکەران گەلی‌ کوردستانیان تەوق کردبوو، دەسکاری کۆدی پەروەردەو کەلتورو ھۆشیاری کۆمەلگای کوردستانییان کردبوو، کوردستانیش لەڕوی جیۆپۆلەتیکییەوە لەدەرەوەی قسە لەسەرکردنبوو. لەبەرئەوەی ئەوکات لەڕووی پەیوەندیه نێودەوڵەتیەكانەوه جوگرافیایەكی سیاسی نەبوو كە ناوی كوردستان بێت. هەروەها ئەوكات كوردستان ئەو گرنگییه جیۆستراتیجیی نەبوو كەئێستا هەیەتی، دیسان کوردستان ناسنامەو کەسییەتی ناسراو نەبوو.
 
جگە لەوەش بەھۆی دابەشکردنی کوردستان بەسەر چوار دەوڵەت وسێ نەتەوەی جیاوازی ناوچەکەدا، کەسێتی جیۆپۆلەتیکی کوردستان لەسنوری جیۆپۆلەتیکی ئەو دەوڵەتانە باس دەکرا، ئەمەش ئیعتیرافی نێودەوڵەتی ھەبوو، جگەلەوە کۆمەڵگای کوردستان  پەرتەوازەبوو ھێزێکی تۆکمەی سیاسی وکۆمەڵایەتی نەبوو بەڵکو ھەر دەستەو گروپێک لێرەو لەوێ بەجیا جۆرێک لەخەباتی دەکرد. ئەوکات دەنگی کورد لەھیچ کوێ نەدەبیسترا، ژیان جیھانێکی داخراو بوو بۆ کورد، بێ ھیچ ھۆکارێکی گەیاندن کە ئازارەکانی‌ بەجیهان بگەیەنێ، لەڕووی سیاسییەوه جیھان کوردی‌ نەدەدی وەک لەناوچەیەکی کوێردابین ئالەم کاتەدا بیرکردنەوە لەدامەزراندنی ھێزێکی سیاسی کەبتوانێ وەڵامی ئەو ھەلومەرجە سەپێنراوە بداتەوەو بڵێ: لەدەرەوەی ئەم چوار دەوڵەتە لەدەرەوەی ئەم سێ نەتەوەیە نەتەوەیەکی دیکەی ڕەسەن لەم ناوچەیە ھەیە خاوەنی جوگرافیا و مێژووە. 

ھێزێک کەبتوانێ ھێزی پارچە پارچەی کورد کۆکاتەوەو لەحزبێکی سیاسیدا ئاراستەی کات. ئەم دۆخە ترسناکە بوێری سیاسی  وکۆمەڵایەتی و سەربازی دەویست، ئالەم ھەلومەرجەدا مستەفا بارزانی بیری لە دامەزراندنی (پارتی) کردەوە، بارزانی دەیزانی سەرھەڵدانی بزوتنەوەی سیاسی بەشێوەیەکی‌ سروشتی دەبێ  لەگەڵ دۆخ و ھەل ومەرجی ئابووری وکۆمەڵایەتی و فەرھەنگی دا بێتەوە، چونکە  بارودۆخی ئەو قۆناغە  ئامانجەکانی ئەو حیزبە دیاری دەکات. ئەوکات کۆمەڵگای کوردستان پێویستی بەھێزێک ھەبوو وەک فریاد ڕەس لەجەنگی بوون بیپارێزێت، بۆیە بارزانی  بڕیاری دامەزراندنی پارتی دا. لەبەر ڕۆشنایی  بیرکردنەوەکانی بارزانی دەستەیەک نیشتیمان پەروەر لەگەڵ بارزانی دا لە (16ی  ئابی 1964) پارتی دیموكراتی كورد یان دامەزراند ئا لەوکاتەدا پارتی بەتێگەشتنی لە ھەل ومەرجی سیاسی و جوگرافی‌ ئەو سەردەمە لەکۆنگرەی‌ یەکەمی‌ خۆیدا، جگەلە پەیڕەوی‌ ناوخۆ پەیڕەوێکی‌ دیکەی‌ هەبوو بەناوی‌ (پەیمانی‌ نەتەوەی‌ پارتی‌ دیموکراتی‌ کورد) لەخاڵی‌ یەکەمی‌ ئەو پەیمانەدا، هاتووە بەڕێگای‌ خەباتی‌ سیاسی‌ و ڕێگاکانی‌ دیکە خەبات دەکەین و تێدە کۆشین بۆ پێکهێنانی‌ دەوڵەتی‌ کوردستانی‌ فیدراڵی‌ دیموکراتی‌ لەعێراقدا، کە پێکدێت لە لیواکانی‌ موێل، هەولێر، کەرکوک، سلێمانی‌، خانەقین، دەستورەکەی‌ ئەنجومەنێکی‌ دامەزرێنەر دایدەنێن کە لەلایەن گەلی‌ کوردستانەوە ڕاستەوخۆ بەدەنگدانی‌ نهێنی‌ هەڵدە بژێردرێت.

ئەم پەیڕەوە بەجۆرێک لەجۆرەکان ئامانجەکەی لەتیۆرییەوە لەڕیفراندۆم کرا بەکردار، بۆ نزیکبونەوە لەئامانجە گەورەکە ئیتر ئەنجامەکەی چۆن بوو گرنگ ئەوە بو کورد توانی یەکجار پێچەوانەی جیھان بڵێ نەخێر بۆ دۆخی‌ داسەپاو بەڵێ بۆ بەرژەوەندی‌ باڵای‌ کورد. هەرچەندە ڕاپرسییەکە موسڵی‌ تێدا نەبوو. لێرەوە دەبینین پارتی لەدامەزراندنییەوە تائێستا بەچەندان قۆناغی سەخت و کەوتن وھەستانەوەدا تێپەڕیوە، ڕەسەنایەتی پارتی لەوەدا بووە دوای ھەرکەوتنێک ھەستانەوەکەی لەپێشتر بەھێزتر بووە، بۆیە پارتی دەسکەوتی گەورەی بەدەسھێناوە بۆ کورد لەقۆناغە جیاجیاکاندا، دەکرێ ئەو دەسکەوتانە لە ھەرقۆناغێکدا بە وێسگەیەک لەوێسگەکانی ئاسایشی نەتەوەیی کورد سەیر بکرێت. ئێستاکە کورد کە خاوەنی دامەزراوەی شەرعی ویاسایی خۆیەتی و لەئاستی جیھاندا مامەڵەی کرداری لەگەڵ دەکرێ ئەم دەستکەوتانە ڕیشەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ھێزو ئامانجەکانی (16ئاب) بۆیە پارتی ئێستا کە یادی (73) ساڵەی دامەزراندی دەکاتەوە، پێویستە ئەوپرسیارە بکات لەکوێوە ھاتووە؟ گەشتوەتە کوێ، بەرەو کوێ دەڕوات؟ ھەموو لایەک دەزانن پارتی ئێستا لەدۆخێکی بەھێزدایە ولەئاستی جیھان وناوچەکەو ناوخۆدا خاوەندارییەتی مەسەلەی کورد دەکات. بۆیە دەبێ بزانێ ھێز لەکاتی بەھێزیدا مەترسی لاوازی لەسەرە، کەواتە پێویستە بۆ بەردەوامی ومانەوەی بە بەھێزی لەیادی دامەزراندنیدا جیاواز لەدروشم و گێڕانی ئاھەنگ وشادی و وتاری‌ داکۆکی‌، بگەڕێینەوە سەر ئارگومێنت و پێداچونەوەیەکی ڕیشەیی بەخۆیدا بکات، ھەڵسەنگاندنێکی گشتگیر بۆ کۆی پارتی بکات لەبەرنامەیەک لەچوارچێوەی فیکری سیاسی دا و بەگفتوگۆی ڕاشکاوانە قسە لەسەرکەم وکورتییەکان بکات، لەسەرئاستی ناوخۆی پارتی و دەرەوەی پارتی بەگونجاندن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان،  بۆ ئەم مەبەستە پارتی  دوای (٧٣) ساڵ لەسەر ئەم ئاستانە قسەی نوێی ھەبێت من ئەوەندەم لەبەرچاوگرتووە دەکرێ ھەڤاڵانی دیکە پێشنیارو ڕای دیکەیان ھەبێت. لەبەرچاو گرتنەكانیش ئەمانەن:  

1ـ خوێندنەوەیەکی نوێ بۆپەیوەندییەکانی لەدەرەوەی پەیوەندی کوردستانی، بکات لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نوێی کورد.

2ـ لەسەر ئاستی ناوخۆی کوردستانی کرانەوەیەکی زیاتر بەڕووی لایەنەکان ومیدیادا بکاتەوە لەچوارچێوەی یاسادا.

3ـ  لەسەر ئاستی ناوخۆی پارتی ھەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئێستای بکات و ڕاشکاوانە قسە لەسەر خاڵە لاوازو بەھێزە کانی بکات، بەگرێدانی کۆنگرەیەک بەمەرجێ کۆنگرەکە کەمێک لەمۆدیلی کۆنگرەی حیزبی  ڕۆژھەڵات واتە (شەرقی) جیاواز بێت لەم کۆنگرەدا واقیع وەک ئەوەی ھەیە قسەی لەسەربکرێ نەک وەک ئەوەی حەزمان لێیە.

4- خۆشگوزەرانی خهڵك وداهاتی تاك:- پێویسته پارتی لەڕێگای حكومەتەوه كار بۆ خۆشگوزەرانی و ژیانێكی سەربەرزانەی خەڵك بكات و هەروهها كار بۆ بەرزكردنەوەی داهاتی تاك بكات لە كوردستان، لەبەرئەوەی ئەگەر دوێنێ پارتی لەشۆڕشدا بووەو خەڵك داواكانی پارتی جێ بەجێ كردووهو هاوكار بووه ئەمڕۆ پارتی لە دەسەڵاتدایه دەبێت داواكاری خەڵك جێ بەجێ بكات و گوێ لەخەڵك بگرێت، ئەمەش پێویست بەوه دەكات بەرپرسهكانی پارتی ڕاستەوخۆ لەناو خەڵكدا بن و لەنزیكەوه گوێ بۆ داواكانی خەڵك بگرن.

5- سەبارەت بەگەنجان ولاوان:- كۆمەڵگای كوردستان كۆمەڵگایەكی گەنجه ڕێژەی گەنجان لەئاستی كۆمەڵگای كوردیدا نزیكەی 70% یە و ژمارەیەكی زۆریش دەرچووی زانكۆو پەیمانگاكان هەیەو بێ كارن ئەمەش دەبێته هەڵئاوسان و لەداهاتوودا دەبێته گرفت بۆ حكومەت و كۆمەڵگا، بۆیه پێویسته هەوڵبدرێت لەڕێگای حكومەت و كەرتی تایبەتەوه ڕێژەی ئەو بێكاریەی ناو گەنجان چارەسەربكرێت. 

6- لەسەر ئاستی میللی:- بیر کردنەوە لەکورد بوون لەم ھەل و مەرجەدا، چۆن کوردبین؟ چۆن کوردسازی بکەین؟، چونکە ھێشتا کوردبوون  کێشەی بوونی ھەیە، ڕاستە کورد لەشەڕی بووندا، کوردبونی خۆی پاراست، بەڵام ئێستا بونێکی لەرزۆکمان ھەیە، بەتایبەتی‌ لەڕوی‌ کەلتوریەوە ئەمەش پێویستی بە بیرکردنەوە ھەیە، بەڵام کێ بیرمان بۆبکاتەوە؟ چۆن بیر بکەینەوە؟ 

لەبەر ئەوەی کوردبوون، بوونی ھەمومانە دەکرێ ئەم بیر کردنەوەیە ئەقڵی ناو پارتی و ئەقڵی دەرەوەی پارتی‌ بێت  چونکە، بیرکردنەوە بۆکورد لەھەمو نەتەوەکانی دیکە گرنگترە، بۆئەوەی لێرەوە شوێن کێشەکانی خۆمان بکەوین، ئەمەش بوێری دەوێ،  پێویستمان بە کۆجیتۆی کوردی‌ ھەیە، لێرەدا پێویستە بوێربین لەڕەخنەگرتن لەزاتی خۆمان  ئەوکات دەتوانین بەدوای کێشەکانی خۆماندا بڕۆین بۆیە، پارتی پێویستە ھەڵوێستە لەسەر کێشە قوڵەکانی کۆمەڵگای کوردستاندا بکات، کار بۆچارەسەری  ئەم پارادۆکسەی ناو کۆمەڵگای کوردی وحزبی کوردی بکات. کارکردن بۆ بنەما بکاتە خەمی گەورەی خۆی‌،  بنەمایەک بۆ کوردبون کە ھەمومان کۆ کاتەوە، کێشەی کورد ئەوەیە کورد ھەیەو نیە ئەوەتا ئێمە زمان کۆمان ناکاتەوە، چونکە ستاندارد نیە ئاین نەبوەتە بنەما بۆ یەک بون، قوربانیەکان، ئەنفال، ھەڵەبجە ڕاینەچڵەکاندین نەبوەتە بنەما بۆیەک بوون ئێمه کێشەمان ئەوەیە ئەوبنەمایەی‌ کۆمان دەکاتەوە ونە، بۆچی؟ چونکە کورد ئامادەی ئەم یەکبونە لەڕۆحیدا نیە کەواتە بۆدۆزینەوەی کۆدی چارەسەری ئەم کێشە فەرھەنگی و پەروەردەیی و سیاسییانە پێویستمان بەجۆرێکی دیکە لە بیرکردنەوە ھەیە  بەداماڵینی بیرکردنەوە نەرێنییەکان، چونکه ھەمو داوای یەکبونی کورد دەکەین کەچی لەکردارماندا پارادۆکسە دژ بەیەکی ھەیە چارەسەرو تێپەڕاندنی ئەم  دۆخە ئەرکی پارتی یە لەبەرئەوەی‌ دوای (73) ساڵ پارتی هێشتا خاوەنداریەتی مەسەلەی کورد دەکات و مەسەلەی ھەیە بۆیە دەبێت پرۆسەیەک لەم ڕوەوە بخاتە سەرپێ، بۆ چارەسەری‌ کێشە قوڵەکانی‌، پەروەردەو فکرو کەلتور لەئاستی‌ کۆمەڵگەی‌ کوردستاندا.

7ــ  لەئاستی حوکمڕانی دا :-  پێویستە کار بۆ دادپەروەری و سەروەری‌ یاسا بکات ، چونکە ئەم دو چەمکە لەئاستی‌ کرداردا لەژێر پرسیاردان.

8ـ  دروستکردنی تاک:- پێویستە پارتی کار بۆ دروستکردنی تاکی ئەقڵانی بکات چی لەسەر ئاستی پارتی چی لەسەر ئاستی کوردستانی، چونکە ئەگەر چی باڵەخانەی زۆر دروست کەین، بەڵام  تاک دروست نەکرێت بەرگەی ھەزەیەکی دوژمن ناگرێ. دواجار دەمەوێ بڵیم دوای (73) ساڵ تا ئێستا پارتی پێداویستی کۆمەڵگای کوردستان ونەتەوەی‌ کوردە و پارتی ئەوەیە وەک ئەوەی‌ هەیە هیچ نواندنێک ناکات و ڕاستگۆیە لەگەڵ خەڵک و ئامانجەکانی‌ خۆیدا و ڕاستگۆیە لەگەڵ خەڵک و ئامانجەکانی‌ خۆیدا و بەکردار ئەمەشی‌ سەلماندوە، بۆیە منیش وەک ئەوەی پێداویستی یە بۆ گەلی‌ کوردستان ئەم سەرنجانەم لەم  وتارەدا بۆیادی (73) ساڵەی پارتی جۆرێک لەچوارچێوەی زانستی دا  خستەڕو بەمەبەستی بەردەوام بونی پارتی تاگەشتن بە ئامانجە گەورەکە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×