بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامە بوو یان کاردانەوە؟!

ساڵح ژاژڵه‌یی
  2019-12-18     781

به‌شی‌ چواره‌م

له‌ م به‌شه‌دا ئه‌مه‌وێت رونی‌ بکه‌مه‌وه‌ کە له‌ ئه‌نجامی‌ دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا کێ‌ سودمه‌ند و کێش زه‌ره‌رمه‌ندبوو. به‌ کورتی‌: 

1- کاک نه‌وشیروان سودمه‌ندی‌ یه‌که‌م بوو له‌ دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا. دوای‌ ئه‌نجامدانی‌ هەڵبژاردنەکانى ریفۆرم و سه‌رنه‌که‌وتنی‌. کاک نه‌وشیروان توشی‌ شکستێکی‌ سیاسی‌ و رێکخراوه‌یی وا گه‌وره‌ بوو که‌ هه‌رگیز له‌ ژیانیدا چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌ئه‌کرد، هه‌ر ئه‌وه‌ش بوو به‌ هۆکاری‌ ئه‌وه‌ی‌ که‌ له‌ ناو یه‌کێتی‌ بێته‌ ده‌ره‌وه‌. چونکه‌ بڕوای‌ وابو مانه‌وه‌ی‌ له‌ناو یه‌کێتیدا، دواڕۆژی‌ سیاسی‌ هێنده‌ی‌ تر تاریک ده‌کات.

به‌ڵام بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ویسگه‌یه‌ک بوو سه‌روه‌ری‌ رابوردوی‌ به‌ زیادیشه‌وه‌ بۆ گێڕایه‌وه‌ و زۆر به‌ گه‌وره‌یی له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان ده‌رکه‌وته‌وه‌. کاک نه‌وشیروان بوو به‌ ژماره‌یه‌کی‌ گه‌وره‌تر له‌ بواری‌ سیاسیدا له‌سه‌ر ئاستی‌ ناوخۆ و ناوچه‌که‌و وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌. ئه‌وه‌ش سه‌رکه‌وتنێکی‌ سیاسی‌ گه‌وره‌بوو بۆ داهاتوی‌ خۆی‌.

2- کاک نه‌وشیروان له‌ دامه‌زراندنی‌ کۆمپانیای‌ وشه‌وه‌ ره‌چاوی‌ به‌رژه‌وه‌‌ندی‌ مناڵەکانى‌ کردبوو. حسابێکی‌ زۆر باشی‌ بۆ زامنکردنی‌ داهاتویان کردبوو له‌ رێگای‌ ئه‌وه‌ی‌ که‌ کۆمپانیای‌ وشه‌ ببێته‌ موڵک و مالى ئەوان‌. کۆمپانیای‌ وشه‌ ‌ هه‌موو بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان ده‌گرێته‌وه‌. هه‌موشمان ئه‌زانین دوای‌ وه‌فاتی‌ خۆی‌ هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ ده‌رچوو که‌ خۆی‌ به‌رنامه‌و پلانی‌ بۆ دانابوو.

3- به‌شێکی‌ که‌می‌ گۆڕانخوازانیش به‌ هۆی‌ گۆڕانه‌وه‌ بون به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان یان پۆستی‌ حکومییان وه‌رگرت ،‌ ئه‌وانه‌ش تازه‌ ده‌ستیان به‌ کاری‌ سیاسی‌ کردبوو. خاوه‌نی‌ خه‌باتی‌ سیاسی‌ و پێشمه‌رگایه‌تی‌ نه‌بون. زۆرینه‌ی‌ ئه‌وانه‌شى کە بون به‌ ئه‌ندام په‌رله‌مان هه‌ر دوای‌ ته‌واوبونی‌ خوله‌که‌یان له‌ بزوتنه‌وه‌که‌ دوور که‌وتنه‌وه‌. ئه‌وانه‌شی‌ که‌ مابون. له‌ هه‌ڵپه‌ی‌ وه‌رگرتنی‌ پۆستدابون بۆ جارێکی‌ تر. ئه‌گه‌ر پۆستیان ده‌ست نه‌که‌وتایه‌. ئه‌که‌وتنه‌ ره‌خنه‌و گله‌یی کردن و کشانەوەو وازهێنان. 

4- زۆرینه‌ی‌ هه‌ره‌ زۆری‌ گۆڕانخوازان به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی‌ زۆر چالاک و دیاربون روبه‌ڕوی‌ ئه‌شکه‌نجه‌و لێدان و سوکایه‌تیی‌ پێکردن و دوورخسته‌وه‌ له‌ کاره‌کانیان یان ده‌رکردن و نانبڕاوکردن و موچه‌ بڕینیش بوون، له‌ بری‌ ده‌سکه‌وت.

5- ئه‌وانه‌شی‌ ته‌نها ده‌نگده‌ری‌ گۆڕان بون و دیارنه‌بون. توشی‌ بێئومێدییه‌کی‌ گه‌وره‌ بون و نه‌ بڕوایان به‌ سه‌رکرده‌کان و نه‌ بڕوایان به‌ ئه‌حزابی‌ سیاسی‌ ماوه‌و گه‌یشتونه‌ته‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ی‌ هه‌رچی‌ به‌رپرسی‌ حیزبه‌کانن به‌رده‌وام ده‌یانه‌وێت ده‌ور و به‌ری‌ خۆیان بخه‌ڵه‌تێنن و بۆ خزمه‌تی‌ خۆیان و که‌سوکاریان و ده‌وروبه‌ریان به‌کاریان بهێنن. ئه‌مه‌ش مه‌ترسییه‌کی‌ زۆر گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاینده‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ کوردستان و هێواش هێواش خۆشه‌ویستی‌ بۆ نیشتمانیش نامێنێت و که‌س له‌ خه‌می‌ که‌سدا نابێت.

دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ کوردستاندا. روداوێکی‌  سه‌رنج راکێش بوو. چاوه‌ڕوانی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێ‌ ئه‌کرا گۆڕانکاری‌ گه‌وره‌ی‌ ئه‌رێنی‌ به‌دوای‌ خۆیدا بهێنێت. به‌ڵام پێچه‌وانه‌که‌ی‌ راست ده‌رچوو. گۆڕانکاری‌ زۆر خراپ و نه‌رێنی‌ به‌دوای‌ خۆیدا هێناو ئه‌وه‌نده‌ی‌ تر جه‌ماوه‌ری‌ بێ هێواو بێ ئومێدکرد. 

ده‌رئه‌نجامه‌ خراپه‌کانی‌ دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان:

1- له‌کاتی‌ دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕاندا ژماریه‌کی‌ زۆر له‌ سه‌رکرده‌و کادرو پێشمه‌رگه‌و تێکۆشه‌ری‌ دێرینی‌ ناو یه‌کێتی‌ بەشدارى دروستکردنى بزوتنەوەى گۆڕانیان  کرد و رۆڵى سەرەکییان بینى لە هێزو قورسایی بزوتنەوەکەدا. له‌ به‌رامبه‌ردا یه‌کێتی‌ لاواز بوو به‌رامبه‌ر به‌ نه‌یاره‌که‌ی‌ که‌ پارتییه‌. دواجار ئه‌و لاوازبونه‌ی‌ یه‌کێتی‌ به‌ زیانی‌ هه‌موو دانیشتوانی‌ زونی‌ سه‌وز شکایه‌وه‌ به‌ ئه‌ندام و لایه‌نگری‌ هه‌موو حیزبه‌کانه‌وه‌. چونکه‌ له‌ روی‌ خزمه‌تگوزارییه‌وه‌ پشتگوێ‌ خرا. 

2- ئه‌وه‌ی‌ زۆر گرنگه‌ که‌ ئاماژه‌ی‌ بۆ بکه‌ین و هه‌ڵوه‌سته‌ی‌ له‌سه‌ر بکه‌ین ئه‌وه‌یه‌ که‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رۆحی‌ ئۆپۆزسیون بون و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ و باوه‌ڕ به‌ خۆبونی‌ له‌ هه‌رێمی‌ کوردستان توشی‌ شکست و بێ ئومێدییەکى‌ بێ وێنه‌کرد و چه‌ندین ساڵی‌ تری‌ ئه‌وێت تا دۆخه‌که‌ وه‌کو پێش دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌که‌ی‌ لێ دێته‌وه‌ و خه‌ڵکی‌ هۆشیان به‌به‌ردا دێته‌وه‌. 

ئه‌و جۆش و خرۆش و فیداکاری‌ و له‌ خۆ بوردنەى‌ جه‌ماوه‌ر هه‌یانبوو له‌ پێناوی‌ گۆڕانکاریدا به‌ جارێک مرد. ئه‌گه‌ر سه‌یر بکه‌ین پێش ئه‌وه‌ی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان دروست ببێت. میدیای‌ ئازاد روڵ و کاریگه‌ری‌ خۆی‌ هه‌بوو. راپۆرت و نوسینی‌ رۆشنبیران له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات کاریکەرى‌ گه‌وره‌ی‌ هه‌بوو. به‌و هۆیه‌وه‌ گوێیان بۆ ئه‌گیراو حسابیان بۆ ئه‌کرا. به‌ڵام که‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان سه‌ری‌ هه‌ڵدا ئه‌وه‌نده‌ کاریگه‌ری‌ هه‌بوو، ئه‌مانه‌ی‌ هه‌موو داپۆشی‌ ، ئەوە بو رۆژنامه‌ی‌ هاوڵاتی‌ و ئاوێنه‌ که‌ خوێنه‌ریان زۆر بوو هه‌ر داخران. 

 هەر کە  بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان توشی‌ شکست و لاوازبون بوو ئیتر کاریگه‌ری‌ له‌سه‌ر روداوه‌ سیاسیه‌کان نه‌ما. که‌واته‌ دروستبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ڕوی‌ سیاسیه‌وه‌ نه‌ک گۆڕانکاری‌ ئه‌رێنی‌ دروست کرد، به‌ڵکو به‌جارێک پڕۆسه‌ی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ کوردستانی‌ تێکداو توشی‌ پاشه‌کشه‌یه‌کی‌ گه‌ورەی‌ کردو جه‌ماوه‌ری‌ بە بێ ئومیدى بەجێهێشت.

به‌ بۆچونی‌ خۆم پاشه‌کشه‌و شکستی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان له‌ گۆڕه‌پانی‌ سیاسی‌ هه‌رێمی‌ کوردستاندا له‌م بارودۆخه‌ هه‌ستیاره‌ی‌ ئێستادا نه‌ک هیچی‌ که‌متر نییه‌ له‌ ئاشبه‌تاڵه‌که‌ی‌ ساڵی‌ 1975 به‌ڵکو خراپتریشه‌. ئه‌گه‌ر سه‌رنج بده‌ین شکستی‌ ساڵی‌ 1975 شکستێکی‌ سیاسی‌ و سه‌ربازی و بلانى نێودەوڵەتى‌ بوو زیاتر له‌وه‌ی‌ که‌ شکستی‌ بیرو ئومێدبڕانبێت.

هاوڵاتیان بڕوایان به‌ خه‌بات و تێکۆشان مابوو. بڕوایان به‌سه‌رکرده‌کانیان مابوو. هه‌رئه‌وه‌ش بو به‌ هۆکاری‌ ده‌ستپێکردنه‌وه‌ی‌ شۆڕش دوای‌ ساڵێک له‌ نه‌مانی‌. ئه‌وه‌بوو شۆڕشی‌ نوێی گه‌له‌که‌مان به‌ رابه‌رایه‌تی‌ یه‌کێتی‌ نیشتمانی‌ کوردستان ده‌ستی‌ به‌ خه‌بات و تێکۆشان کرده‌وه‌ و ئه‌م بارودۆخه‌و ئه‌م ده‌سکه‌وتانه‌ی‌ ئێستا به‌رهه‌می‌ ئه‌و هه‌ڵسانه‌وه‌یه‌.

به‌ڵام شکست و پاشه‌کشه‌ و لاوازبونی‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان روحی‌ به‌ره‌نگاربونه‌وه‌و خۆڕاگری‌ مراند. متمانه‌ی‌ له‌ناوبرد. هیواو ئومێدی‌ لاواز کرد. ته‌سلیمی‌ ئیراده‌ی‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ بوو که‌ له‌ سه‌ره‌تادا ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ له‌ پێناوی‌ لاوازکردنی‌ ئه‌واندا دروستبوو. ئه‌م بزوتنه‌وه‌یه‌ کارێکی‌ وای‌ کرد هیچ که‌س باوه‌ڕی‌ به‌ هیچ سه‌رکرده‌یه‌ک نه‌مێنێت و هه‌موان به‌ خۆپه‌رست و به‌رژه‌وه‌ندپه‌رست بزانن. 

له‌ هه‌موی‌ کاره‌ساتبارتر ئه‌وه‌یه‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان رۆلیکى کاریگەرى هەبوو بۆ ناو زڕاندنى  ته‌ربیه‌تی‌ حیزبی‌. به‌هۆی‌ ئه‌مه‌شه‌وه‌ ته‌ربیه‌تی‌ کۆمه‌ڵایه‌تی‌ عورفی‌ ناو کۆمه‌ڵگاشی‌ له‌ناوبرد. ئه‌وه‌ی‌ رێزو ئیحتیرام هه‌یه‌ له‌ ناو ئه‌م حیزبه‌دا نه‌ما. بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان حیزبایه‌تی‌ هه‌ر سوک کرد و کارێکی‌ وای‌ کرد. جه‌ماوه‌ر بێزی‌ له‌ حیزبایه‌تی‌ دێته‌وه‌و رقیان لێی ئه‌بێته‌وه‌.

زۆربه‌داخه‌وه‌ کوڕەکانى کاک نه‌وشیروان تەنانەت ڕێزیان لەمامى خۆشیان نەگرت. له‌کاتێکدا ئه‌مان له‌ دایک نه‌بون  له‌ شاخ هاوه‌ڵ‌و هاوڕێى باوکیان بووەو، دامه‌زرێنه‌ری‌ بێته‌له‌کانی‌ یه‌کێتی‌ بوه‌. دوای‌ وه‌فاتی‌ باوکیان هەر مه‌رحه‌باشی‌ ناکه‌ن و کوڕه‌که‌شیان له‌ گرده‌که‌ دوورخسته‌وه‌. ئەمە کارێکى تەواو نامۆیە بە عورف و عادەتى کۆمەڵگەى کوردەوارى.

ئه‌مه‌ داهێنانی‌ کاک نه‌وشیروان بوو به‌ناوی‌ نه‌وه‌ی‌ نوێ‌. کۆمه‌ڵێک خه‌ڵکی‌ کرده‌ ده‌مڕاستى‌ بزوتنه‌وه‌ی‌ گۆڕان و ئه‌وانیش هیچ حسابێکیان بۆ که‌سانی‌ تر نه‌ئه‌کرد هه‌ر خه‌می‌ خۆیان بوو. کار گه‌یشتبوه‌ ئه‌وه‌ی‌  پاسه‌وانه‌کانی‌ مه‌کۆ قسه‌ی‌ نه‌شیاویان له‌سه‌ر ئه‌م و ئه‌کرد و که‌سیش نه‌بوو لێیان بپرسێته‌وه‌. به‌ناوی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ هه‌مومان وه‌کو یه‌کین.

 واتە داهێنانێکى وای هێنایە ئاراوە  که‌ که‌س متمانه‌ی‌ به‌وه‌ی‌ دی‌ نه‌مێنێ و له‌ ئه‌نجامدا به‌سه‌رخۆشیاندا شکایه‌وه‌. ئه‌وه‌تا دوای‌ نیوسه‌ده‌ له‌ خه‌بات و تێکۆشان له‌ گه‌رمیان به‌ کاک عومه‌ری‌ سه‌ید عه‌لی‌ ئه‌ڵێن. تۆ قسه‌ مه‌که‌ تۆمان ناوێت. ئه‌مه‌ ناو ئه‌نێی چی‌؟ له‌ئێستادا له‌ هه‌رێمی‌ کوردستان ئه‌زمه‌ی‌ نه‌بونی‌ سه‌رکرده‌ له‌ ئارادایه‌. هه‌موان چاوه‌ڕوانی‌ فریادره‌سێکن که‌س نازانێت که‌ی‌ ئه‌و فریادره‌سه‌ له‌ دایک ئه‌بێت.


زۆرترین بینراو
© 2020 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×