بەڕێزان، نەتەوەكەمان لە باشوور، بەرگەی زۆر ناهەمواری و چەرمەسەری و نادادپەروەریی لە ئەم 35 ساڵەی سایەتانی گرتووە، هاوكات هەرگیز مێژووی دەسەڵاتی سەپاوی ڕژێمە یەكلەدوواییەكەكانی ئێراقیشی لەبیر ناچێت، چونكە ئەوە بابەتێك نییە ، كە هیچ نەتەوەیەكی ژێردەستەی زیندوو، بتوانێت لەبیریبكات. هەر ئەوەش وایكردووە كە بەرامبەر بە حوكمڕانیی خۆمان و هەموو ناهەموارییەكان ، گەلەكەمان دانبەخۆیدا بگرێت ، چونكە چاك دەزانێت ، كە ئەم دیفاكتۆیە دوژمنی زۆرن و هەمەچەشنەشن، بەڵام هەمووشیان لە یەك خاڵدا بەیەكدەگەنەوە، كە ئەویش لاوازكردن و بەرەو نەمان بردنی هەرێمەكەمانن. لایەنێكی هەوڵەكانیشیان لە ئەو پێناوەدا ، دڵساركردنەوەی نەتەوەكەمانە لە بڕوابوونی بە حوكمڕانیی خۆی . بۆ ئەوەش بەكرێگیراوی ناوخۆیی و دەرەكیشیان بەگەڕخستووە و دەیشیخەن، كە ئەمە بۆ هەموو دوژمنێك كارێكی ئاسایییە. جا ئێمە هیچ گلەیییەكمان لە دوژمن نییە، كە ئەوان پەرژەوەندییان لە پەرتكردن و نەهێشتنی ئێمەدا ببینن، بەڵكو گلەییەكە لە خۆمانە ، چونكە هیچ پەندێكمان لە مێژووی هەزار ساڵی پێشوومان وەرنەگرتووە، لە ئەوەدا كە سەرجەم میرنشینەكانمان لەناوچوونیان بە هۆكاری گرفتی نێوان خۆیان و بڕوابوون بە داگیركەران بووە. باشترین بەڵگەش لە دووای ڕاپەڕینەوە، لەنێوان حیزبەكانی ئێوەدا ، ئەو شەڕە خۆكوژەیە و پەرتبوونی نەتەوەكەیە لەنێوانتاندا، هەموو ئەوانە وایانكردووە كە داگیركەران بتوانن دەستبخەنە كاروبارتانەوە و كار بۆ بەرنامەی خۆیان بكەن . باشترین نموونەش ئەوەیە كە دووساڵ بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕی و ئێوە نەتانتوانی نە پەڕلەمان پێكبهێنن و نە حكومەت. گومانیش لەوەدا نییە، بەردەوامیی ئەو بارە، دەبێتە هۆی لەدەستدانی ڕەوایی هەرێمەكەمان. كاتێكیش كە ئامادە نەبن دەست بخەنە دەستی یەكتر ، ئەوا دەبێ هەمیشە بەچاوی گومانەوە لەیەك بڕوانن و لە بەرامبەردا داگیركەران بێنە نێوانتانەوە و كاری خۆیان بە ئاسانی ببەنەسەر. نموونەیەكی بەڵگە نەویستیش ئەوەیە ، كە لە ئەم ڕۆژانەدا لەلایەن بەغداوە بەرامبەر هەرێم و دامەزراوەكانی لە بەیاننامەیەكدا خرایەڕوو . لە هەمووی كۆمێدیتر ئەوەیە، كە دەڵێن بۆ نەهێشتن و بنبڕكردنی گەندەڵی دەیانەوێت سنوورەكانی هەرێم ڕاستەوخۆ بگرنەوە. من لێرەدا قسە نەستەكە كوردییەكەم بیردەكەوێتەوە، كە دەڵێت :" ئەگەر كەچەڵ دەرمانكەر بووایە، ئەوا تیماری سەری خۆیی دەكرد" دیارە هەموو ئێراقییەك و تەنانەت وڵاتانی دراوسێش هەموو دەزانن ، كە گەندەڵی لە ئێراقدا لە چ ئاستێكدایە ، كەچی ئەوان گەندەڵیی هەرێم دەكەنە بیانوو بۆ پەلاماردانەوەی هەرێمەكەمان . ئەوەی كە بۆ ئێوە مایەی دەستخۆشی بوو ، نەك هەر لەلایەن باشوورییەكانەوە ، بەڵكو لەلایەن كوردانی هەموو پارچەكان و تاراوگەشەوە ، ئەویش ئەو بەیاننامە هاوبەشەتان بوو ، لە بەرامبەر بەیاننامەكەی ئێراقدا.
ئێستا وا (فایەق زیدان) ، كە خۆی و ( تۆم باراك) لە لەندەن، وەك دەوترێ داڕێژەری ئەم پێشهاتە نوێیەن، كە بەناوی سیمای ئێراقی نوێوە، داڕێژراوە و هەلی ناڕێكیی ئێوەیان قۆستووەتەوە. جا كاتێك بینییان كە خەڵكی كوردستان چۆن لە ئەو بابەتە دەڕوانن ، ئەوا ئێستا هەر (فایەق زێدان)خۆی، كە سەرۆكی مەجلیسی دادوەریی باڵای ئێراقە، داوایكردووە، كە لە 1/12/2026دا ، هەموو لایەنەكان لەبەغدا كۆببنەوە بۆ لێدووان سەبارەت بە ئەم پێشاتە نوێیە . هاوكات خۆیشی وەك چارساز و كاركەر بەدەستوور دەداتەقەڵەم، ئەگەرچی پتر50 مادەی دەستووری پێشێلكراون و لە پێشیشیانەوە مادەی 140یان دیزەبەدەرخۆنە كردووە ، هاوكات بەڕێز (فایەق زێدان) خۆی ڕاڤەی مادەكانی دەستوور ، بەپێی بەرژەوەندیی خۆیان دەكات ، بۆیە ئێوە كە ئامادەن بچنە ئەو كۆبوونەوەیەوە ، نابێت ڕاوێژی زۆر بە پسپۆڕانی بەتوانای قانوونی دەستووری ، چ ناوخۆیی و چ بێگانەش نەكەن ، هاوكات دەبێت بەلایەنی كەمەوە دوو لە ئەو پسپۆڕانەشتان لەگەڵبن ، تاوەكو گەرماوگەرم بتوانن ناڕەوایی و نادروستیی ڕاڤەكانی دەستەی بەرامبەر بەشێوەیەكی ئەكادیمیی دروست بخەنە ڕوو . گومانم لە ئەوەدا نییە ، كە لایەنی بەرامبەر لەڕێگەی زمانی دەقەكانیشەوە ، كار بۆ سەپاندنی بۆچوونی خۆیان دەكەن ، بۆیە وا چاكە كە دوو پسپۆری لەبادابووی زمانی عەرەبییشتان لەگەڵدابن، بۆ ئەو ساتەی كە بیانەوێت بە لێكدانەوەی خۆیان واتای وشەكانی دەقێك بچەسپێنن . ئەم بابەتە دەبێت پێش چوونتان بۆ بەغدا، چەندین كۆبوونەوەی لەبارەوە بكرێت ، چونكە ئەوان ئەوەی لە ئەو كۆبوونەوەیەدا هەوڵی بۆ دەدەن، ئەوەیە كە بڵێن ئەوان لە لێكدانەوەكانیاندا ڕاستن و ئیدی تۆپەكە فڕێدەدەنە گۆڕەپانی هەرێمەوە و بەوەش خوازتی خۆیان دەچەسپنن و كوردی باشوور هێدیهێدی بەرەو چوارگۆشەی یەكهەم دەبەنەوە . هیواداریشم پسپۆڕانی هەردوو حیزب ، لە ئەو ماوە كەمەی كە بۆ وادەی دانیشتنەكە ماوە ، وەك یەك تیم كاری ڕژد بكەن . ئەوەش بزانن كە نەتەوەیەك چاوی لە ئەو هەوڵەتانە لە پێناوی گەوهەریترین پرسی هەنووكەیی كورددا . سەركەوتنتان لە ئەو بووارەدا ، سەركەوتنی نەتەوەكەمانە.