فە ر هاد پیرباڵ: شفتی فرۆش و شتی تریش...!

د. رێباز رسوڵ
  2020-07-21     819
ئەفلاتون و زێنەفون دەگێرنەوە کە دوای ماوەیەکی کەم لە فەرمانڕەوایی هەشت مانگەی (سی سەرکوتکەرەکە) کە لەلایەن کەسایەتی سیاسی، (کریتیاس) ەوە رابەرایەتی دەکرا، دەستەڵاتدارانی ئەسینا دۆسیەیەکیان لە دژی پیرەپیاوێکی حەفتا ساڵە کردەوە لە ساڵی (٣٩٩) بە رلە زاین، بە تۆمەتی داننەنان و سوکایەتی بە پیرۆزیەکان وگەندەڵکردن و پەروەردەکردنی گەنجان،  لە ناویاندا (کریتیاس)، لە سەر کۆمەڵێک بنەمای ناڕەوشتی. دۆسیەکە لە دەرئەنجامدا بە سەرکۆنەکردن و بڕیاری  مردنی پیرەپیاوەکە کۆتایهات. ئەو پیرە پیاوە، بە گوتەی ئەفلاتون، داناترین و دادوەرترین مرۆڤی ئەوکاتی یۆنان بوو. ئەو پیرە پیاوە سوقراتی فەیلەسوف بوو!
ئەگەرچی ڕۆشنبیری لە راستیدا لە سەرەوەی هەموو شتێکە وڕۆشنبیریش لە پێشەوەی هەموو کەسە تەنانەت ڕابەرە سیاسییەکانیش لە ژیاندا، بەڵام پرۆسێسێکی مەعریفی ئاڵۆزە بە جۆرێک کە لە وانەیە یەکێک توانای دارشتنی ئارگیومێنتی لۆژیکی هەبێت، بەڵام بەرگەی بەرپرسیارییەتی ئارگیومێنتەکانی و رەنگدانەوەی کردارییان نەگرێت. لە وانەیە زۆربن ئەو مرۆڤانەی کە دە ڵێن ودەنوسن: هۆنراوە و پەخشانی ناسک؛ رۆمان و چیرۆکی جوان؛ وتار و لێکۆلینەوەی بە پێز، بەڵام کەمن ئەوانەی کە بە گوێرەی نوسینەکانیان ژیان دەکەن و بە دوای بیرۆکەکانیان بەرپرسانە هەنگاو دەنێن. ڕۆشنبیری پیشە نییە، بەڵکو بەرپرسیاریەتییەکی ئەوپەڕی مرۆڤانەی ژیانکردنە لە بەرامبەر خود و ئەوانی تردا کە هەلگرتنی زۆرجار پێویست بەخستنە مەترسی ژیان و ئازادی مرۆڤ وتەنانەت بە گرەوکردن لە سەر مردنیش دەکات.
زۆرن ئەو مرۆڤانەی کە خۆیان رۆشنبیرانە وێنا دەکەن، بەڵام زۆرکەم ودەگمەنن ئەو مرۆڤانەی کە ڕۆشنبیرانە دەژین. ژیانی ڕۆشنبیر ژیانێکی دژوارە و بەرگەگرتنی پێویستی بە ئیرادە ولە خۆبردووییەکی زۆر هەیە. رۆشنبیریی ڕاستەقینە ژیانێکی ناکۆمەڵایەتی و پڕ لە برسییەتی و تینویەتی پیویست دەکات. کەسایەتییەکی ناجێگیرودەرونێکی نەخۆش و نیگەران و ڕوویەکی پەڕگیروترساو لە رۆشنبیر داوا دەکات. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە ڕۆشنبیری ڕاستە قینە زیاتر لە هەر مرۆڤێکی تر بە تەلانی پرسیارەکاندا هە ڵدەزنێت و زیاد لە هەر کەسێکی تر لە خەڕەندی وڵامەکاندا هە ڵدەنگوێت. لە بەرامبەریشدا، پاداشتەکەی پەیکەرێکە دوای مردنی !
فەرهاد پیرباڵ، یە کێکە لە و رۆشنبیرە هاوچەرخانەی ئێمە کە خاوەن قەڵەمێکی رەنگین و زمانێکی زەنگینە لە کوردستان. ئەگەر رۆشنبیرانی تر تە نیا لە یەک ڕێگەوە کار لە سەر پێشخستنی ئینتێلێکتی مرۆڤی کورد بکەن، ئەوە فەرهاد رەنگ نەماوە نەیپڕژێنێتە سەر تابلۆکەی! لەوانەیە سە یرنەبێت کە مرۆڤێک شاعیر بێت و کە مێکیش سە روکاری لە گەڵ هونەری گۆرانی گوتندا هەبێت، لێ سە مەرەیە کە مرۆڤێک لە یەک کاتدا شفتی فرۆش و فەیلەسوف و نوسەر و لێکۆڵەر و هۆزانڤان و رۆماننوس و گۆرانیبێژ و وێنەکێش و سینەماکارێکی زۆر سەر کەوتوو بێت. سەمەرە تر ئەوەیە کە کەسێک نییە لە کوردستان کە تامی تشریبەکەی پیرباڵی نەکردبێت !
فەرهاد، بە بێگومان، هەڵەیەکی گەورەی لە ژیانیدا ئەنجامدا کاتێک چەند ساڵێک لەمەوبەر پاڵتۆیەکی دوو دیوی سوکرات-ماکیاڤیللی کردەبەر ڕۆشنبیریەکەی بە دژایەتی رەوتێکی سیاسی دیاریکراو و ئاشکراکردنی ئینتیمای سیاسی بۆ هێزێکی سیاسی پاشڤەرۆ کە تەواو دژبوو بە باوەڕ و پرەنسیپە ئایدۆلۆژیە کانی پیرباڵ. هەرچەندە ئەوە تەنیا فەرهاد نییە کە ئەو هەڵەیەی کردووە و هەموومان بەر لە فەرهاد جارێک، بارێک بە شمشاڵی ناسیۆنالیستیی هێزە کلاسیکییەکان سەرمان باداوە.
ئەوەی کە پیرباڵ جیادەکاتەوە لە ڕۆشنبیرەکانی تر بەگشتی ئەوەیە، کە ئەو تا ئەو پەڕی سنورەکانی توانا ڕاستگۆیە لە نوسین و ئاخاوتن و هیچ ماسکێکی کلتوری ناکات بۆ ئەوەی زمانی خۆی بشارێتەوە. ئە و خۆی پاڵەوان و جەلادی نوسین و ئاخاوتنەکانییەتی. ئە و لەیەک کاتدا ئیبراهیمی قوربانیکەر و ئیسماعیلی قوربانییە لە ناو دنیا رۆشنبیریەکەیدا. لە وانەیە رۆشنبیری تری هاوچەرخ هەبن، کە لە فەرهاد باڵاتر ببینرێن، بەڵام هیچ کە س لە فەرهاد رۆشنبیرتر نییە لە کوردستان. هۆکارەکەشی ئەوەیە کە متمانەی رۆشنبیری بە بستی وشە و باوەشی کتێب ناپێورێت بە ڵکو بە ڕاستگۆیی لە نوسین و ئاخاوتن و هەڵگرتنی بەرپرسیارییەتی رۆشنبیری و ئامادەگی بۆ قوربانیدان لە پێناوی رۆشنبیریەکەیدا دە پێورێت.
ئەمرۆ لە کوردستان سوپایەک لە قسەکەرو نوسەرهەیە بەڵام ئەوانەی کە دەچنە خانەی رۆشنبیرەوە لە سەدا یەک تێپەڕناکەن. بە واتایەکی تر، لە سەدا نەوەدونۆ لە قسە کەرو نوسەرەکانمان خەڵکانێکی کاسبن بە چەنەبازی و زمانلوسی و پرتەپرت و بۆڵەبۆڵیان. هەربۆیەشە هیچ کوێیەک لە کوردستان هەژارتر نییە لە ڕووی بەرهەمی فکری ڕاستەقینەوە ئەمڕۆ. کەمن ئەو جێگایانەی لە کوردسان تاریکترن ئەمڕۆ. رۆشنبیریی تەنیا پڕژانی کەفی دەم نییە بەڵکو تەپوتۆزی مەیدانیشە. رۆشنبیری پیشە نییە، بەڵکو شێواز و ناوەڕۆکی ژیان کردنە. ئەوەی کە لەم ڕاستییە تێگەیشتووە تەنیا پیرباڵ و چەند کەسێکی ترن، کە لە پەنجەی دەست تێپەڕ ناکەن. باقی خەڵکی چیتربە بینینیا ن و گوێگرتنیان هێڵنجی دێت!
دەستەڵاتی کوردی دەستەڵاتێک نییە کە لە سەر بنەمای شایستەیی سیاسی و بیرکردنەوە و رەخنەی ڕۆشنبیرانە بنیادنرابێت. هە ربۆیەشە لە چوارچێوەی حوکمڕانییەکەیدا جێگایەک بۆ فەرهاد و فکری فەرهاد نییە. هەرچەندە ئەو دەستەڵاتە زۆر شارەزایانە گرفتە کەسی و گرێ و گۆڵە سایکۆلۆژیەکانی فەرهادی بە کارهێناوە تا ئەو جێگایەی کە بەرژەوەندی سیاسی خۆی پێویستی کردبێت و دواتریش لە سەر ڕێگەی "هەنارە"  فرێیداوە بۆ شفتی فرۆشتن.
ئەگەرچی هیچی ترلە دەستەڵاتدارانی هەرێم چاوەڕێ ناکرێت زیاترلە وەی کە کردویانە بەرامبەر بە  فەرهاد، بەڵام گەلی کورد دەبێت فەرهاد وەک ڕۆشنبیرێکی راستەقینە بناسێت و بەرهەمەکانی وەک سامانێکی فکری مەزن خاوەنداری بکات.  تاوانی فەرهاد تاوانێکی کەسی نییە لە کوردستان، بەڵکو تاوانێکی ڕۆشنبیرانەیە. هە مان تاوان کە درایە پاڵ سوقرات و ڤۆلتێر و رۆسۆ و سپینۆزا و لوسەرکینگ. تاوانی سوکایەتی بە پیرۆزی بتەکان و بە مۆدێلکردنی رۆحێکی یاخیگەرانە لەلای گەنجان. فەرهادیش باشتر دەبێت کە شوێن ئامۆژگاری ئەفلاتون بکەوێت نە ک  شوێن پێی سوقرات. نابێت رێگە بدات کە جارێکی تر پایتەخت تاوانێکی تر بەرامبەر رۆشنبیری ئەنجام بدات !
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×