خەجاڵەت نابن ..؟

محەمەد رەئوف
  2020-09-11     669
مستەفا كازمی بە بێ ترس (ترسی‌ كۆرۆناو ترسی‌ ئەمنی) ئەنفال و ئێزدی و رەشوروتەكانی ئەم وڵاتە بەسەر دەكاتەوەو ئێوەش لە پشتی لاپتۆپ و كۆشكو ڤێلاكانتانەوە فەرمان دەردەكەن.

كازمی لەناو ماڵی ئێوەدا گوێ لە ترپەی دڵی پیرەژن و منداڵی بێ باوك و كەسوكاری ئەنفالكراوان دەگرێت، ئێوەش شەق لە مامۆستا هەڵدەدەن و موچە دەبڕن و خۆپیشاندەران دەئاخنە كونجی زیندانەوە....

خەجاڵەت نابن پیرە ژنێكی ئەنفالكراو بە كازمی دەڵێت " كوردستان ئەمانەتی تۆ بێت" ئەی 30 ساڵە ئەمانەتی سەركردەكانی كوردەو ئەوان هەر لە ئازارو نەهامەتیدا ژیاون و رۆژێك كەسێكیان سەردانیان نەكردن و لە نزیكەوە لە ئازارەكانیان بگەن.

دوێنێ كازمی سەردانی قەڵای (نزاركێ)ی كرد لە دهۆك ئەو قەڵایەی كە شوێنی كۆكردنەوەی ئەنفالكراوانی بادینان بوو لە ئابی 1988 و لە قۆناغی هەشتەمی ئەنفال، هیچ سەركردەیەكی كورد دەزانێت ئەو قەڵایە لە كوێیەو رۆژێك سەردانی كرد.

شەو رۆژ هاواری قاچاغچێتی دەروازە سنورییەكان دەكرێت، هیچ سەركردەیەك جورئەتی كرد شەوێك خۆی بكات بە خاڵێكی سنوریدا و بزانێت چی دەگوزەرێت، دوو رۆژە دەنگۆی سەردانی كازمی هەیە، بەتەواوی قاچاغچێتی لە دەروازەكان راگیراوە، لە دیوی ئێرانەوە بە هەزاران ترێلە وەستاوەو لە ترسی كازمی ناتوانن ئامدیوی بكەن. ئێوەش لە پشتی لاپتۆتەوە بانگەشەی چاكسازی دەكەن...!!!

كازمی پێش سەرۆكی كابینەی نۆیەم سەردانی ئیبراهیم خەلیل و باشماخ دەكات، پێش ئەویش سەردانی هەڵەبجە دەكات، كە تا ئێستا سەرۆكی كابینەی نۆیەم نەی هەڵەبجەو گەرمیان و راپەڕینی بینیوەو نازانێت سۆران و حاجی ئۆمەران دەكەونە كوێی كابینەكەیەوە ... لە دووری دوورەوە بۆ تەبەڕوك جارێك رێی كەوتە 18 كیلۆمەتر دووری سلێمانی... 

كازمی بەروونی بە سەركردەكانی كوردی ووت حوكمڕانی لە پشتی كۆمپیوتەر و كۆشكو تەلارەكانەوە ناكرێت، نەیەنە ناو خەڵكەوەو لەگەڵ ئازارەكانیان نەژین، دواجار كۆشك و تەلارەكان فریاتان ناكەوێت، خەڵكی بەدوای بەدیلدا دەگەڕێت.

كازمی پێی وتن نە كۆرۆنا رێگرە لە چوونە ناو هاوڵاتیانی خۆتان نە ئەو مەترسیە ئەمنیەش هەیە تا رێگربێت لەسەردانیكردنی ئازارەكانی خەڵكی..

بەراستی حوكمڕانی لە پشتی كۆمپیوتەرو سەرشاخ و گردو كۆشك و تەلارەكانەوە ناكرێت ...!!   
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×