چەند سەرنجێك لەبارەی سەردانەكەی كازمی بۆ كوردستان

محەمەد عەلی
  2020-09-12     904
سەرۆكوەزیرانی عێراق (مستەفا كازمی) بەو ھۆكارەی ماوەیەكی زۆر بەرپرسی یەكەمی دەزگای ھەواڵگریی عێراق بووە، لە ھەمووان زیاتر شارەزایی دەربارەی سایكۆلۆژیەتی تاكی عێراقی ھەیە و رێك ئەوە دەكات كە ئەوان دەیانەوێت، ھاتنیشی بۆ كوردستان بەم شێوەیە، بۆ ھەمان مەبەستە. ئەوەی تایبەت بێت بە ھەرێمیش، پیشاندانی نیازپاكییەتی دەربارەی ئەو داتا و زانیاریانەی بە حكوومەتی عێراقی داوە و ئامادەیی ھەموو ئاسانكارییەكە بە مەبەستی ڕێككەوتن، بەو مەرجەی لە چوارچێوەی دەستووردا بێت، لەم ھەنگاوەدا ھەردوو لایەن، عێراق و ھەرێم، مەبەستی خۆیان پێكاوە، لە ئێستا بەدواشەوە بەغدا بیانووی نامێنێت دەربارەی بڕینی پشكی ھەرێم لە بودجەی عێراق و سەرۆكوەزیرانیش پەیامێكی بۆ شەقامی شیعی نارد، كە ناوەرۆكەكەی بریتی بوو لەوەی، ئەوەتا من خۆم سەردانی دەروازە سنوورییەكانی كوردستانم كردووە و دڵنیا بوومەتەوە.

لە دوای شكستی سەرۆكوەزیران لە كۆنتڕۆڵكردنی ھەژموونی میلیشیا شیعییەكان و بە تایبەتیش دوای ئەوەی ڕایگەیاند، كە عێراق پێویستی بە مانەوەی ھێزەكانی ئەمەریكایە، راستەوخۆ بووە جێگەی رەخنەی ھەردوو ھاوپەیمانیی فەتح و سائیروون و ھەڕەشەی لێسەندنەوەی متمانەیان لێ كرد، لە لایەكی ترەوە ھەندێك لایەن ھەوڵەكانیان چڕكردووەتەوە بۆ دووبارە دەستپێكردنەوەی خۆپیشاندانەكان، لە بوونی ئەگەرێكی ئاواش، دوور نییە ھەمان چارەنووسی (عادل عەبدولمەھدی) ھەبێ، بۆیە ئیدی كازمی لەوە گەیشتووە تاكە لایەنێك كە بتوانێ پاڵپشتی بكات  و ھاوسەنگیی بەرامبەر ھێزە شیعییە گەورەكان بۆ بگەڕێنێتەوە، ھەرێمی كوردستانە.

ھاوكات كاتی سەردانەكەش جێگەی سەرنجە، بە تایبەتی دوای چوونی سەرۆكوەزیرانی عێراق بۆ ئەمەریكا و بەشداریكردنی لە دانیشتنە سێقۆڵییەكە لەگەڵ (میسر و ئوردن) لە ئاستی باڵادا، دواتر سەردانی سەرۆككۆماری فەڕەنسا (ئیمانوێل ماكرۆن) بۆ بەغدا بوو، ئیدی دەكرێ بڵێین ئامانجی ھاوبەشی ھەمووان، دانانی سنوورێكە بۆ فراوانخوازییەكانی توركیا لە ناوچەكە و كاڵكردنەوەی ھەژموونی ئێرانە، بۆ ئەمەش پێویستییان بە عێراقێكی سەقامگیر و ھەرێمێكی بەھێزە، جگە لە ڕێككەوتنی نێوان ھەولێر و بەغداش، ڕێگەیەكی تر بوونی نییە، بە تایبەتی لە پرسی بودجە و بەڕێوەبردنی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و، لە ھەمووشی گرینگتر ڕێككەوتنە لەسەر پرسی نەوت.

ئەوەشمان بیر نەچێت، بەشی دووەمی سەردانەكە بۆ سلێمانی، تەواو پەیوەست بوو بە خۆنواندنێكی جیاوازی سەرۆككۆمار (بەرھەم ساڵح)، بە جۆرێك سەركردەی چەند ھێزێكی سیاسی لە ماڵەكەیدا كۆكردەوە لەبری كۆبوونەوە لە شوێنێكی حیزبی، ھاوكات پەیامێكی ناڕاستەوخۆش بوو بۆ ھێزە عێراقییەكان، كە ئیدی ناوەندی بڕیار لە دەبەشانەوە گواستراوەتەوە بۆ مێرگەپان و ڕۆڵی ھاوسەرۆكانی بچووك كردەوە لە پێشوازی لەسەر گۆڕی خوالێخۆشبوو (مام جەلال). بە دیوێكی تریشدا، ئامادەكارییەكی پێشوەختە بوو بۆ دەسپێكردنی بانگەشەی لیستی ھاوبەشی نێوان سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرانی عێراق، بە تایبەتی كاتێك جووتیارێك بەڵێنی دەنگدان بە لیستەكەی دەدات لە كاتی ھەبوونی لە كوردستاندا.  
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×