فەرەنسا.. دۆستە ھەمیشەییەكەی كورد

محەمەد عەلی
  2020-08-31     776
لە دوای دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتیی ئەورووپا، فەڕەنسا بە پاڵپشتیی ئەڵمانیا، دەیەوێت سەركردایەتیی ئەورووپا بكات و بە ھێزەوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكە، ئەوەی زیاتر ئەو ویستەی فەڕەنسای دەرخست، تەقینەوە نائاساییەكەی بەیروت و سەردانی سەرۆك (ماكرۆن) بوو بۆ لوبنان و سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە (چان ئێف لۆدەریان ) بۆ عێراق و ھەرێم، ئیدی دەكرێ چاوەڕوانی ڕۆڵی زیاتر لە فەڕەنسا بكرێت و سەرەتایەكی باش بێت بۆ كورد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی لە ناوچەكەدا، بە تایبەتی لە باشوور.

لە دوای كۆڕەوە ملیۆنییەكەی باشوور، ڕۆڵی فەڕەنسا لە پاڵشتیكردنی كورد زیاتر دەردەكەوێ، ھەر لە دەرچوونی بڕیاری ٦٨٦ی ئەنجومەنی ئاسایش و دروستكردنی ناوچەی ئارام، دواتر لە شەڕی داعش و پێشوازیكردن لە سەرۆكی حكوومەتی ھەرێم و شكاندنی ئابڵووقەی سەر ھەرێم لە سەروبەندی گەلەكۆمەكەی سەر ھەرێم لە ١٦ی ئۆكتۆبەر، لە ئێستاشدا لە دوای بڕینی بودجەی ھەرێم لە بەغدا و فشارە نایاساییەكانی عێراق بۆ لەباربردنی قەوارەی ھەرێم و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا و دابەزینی نرخی نەوت، دەكرێ فەڕەنسا ڕۆڵی خۆی ببینێت لە چارەسەركردنی كێشەكانی ھەرێم، بە تایبەتی پاش ھاتنی وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی ئەم وڵاتە بۆ ھەولێر و بەغدا، گۆڕانكاریی ئەرێنی لە ھەڵوێستەكانی بەغدا ڕووی داوە.

ئەوەتا لە سووریا و رۆژئاوای كوردستان، بەو ھۆكارەی كە فەڕەنسا ھاوپەیمانی نزیكی ئەمەریكا و دژبەری سەرەكیی ھەوڵە فراوانخوازییەكانی توركیایە لە ناوچەكە و دۆستی قبووڵكراوی گشت لایەنە سیاسییە كوردییەكانی ڕۆژئاواشە، ئەم پێگەیەش ھاوكار بووە بۆ سەقامگیربوونی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و دوورخستنەوەی لە مەترسی، بەپێی وتەكانی (جۆن بۆڵتن) راوێژكاری پێشووی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا بێت، ئەوەی (ترەمپ)ی رازی كردووە بەمانەوە لە سووریا، خودی سەرۆك (ئیمانوێل ماكرۆن) بووە، لە لایەكی ترەوە لە ژێر چاودێریی فەڕەنسا و سەرۆك بارزانی، لایەنە ناكۆكەكان گەیشتوونەتە ڕێككەوتنی سەرەتایی، ئەمەش كاریگەریی راستەوخۆی ھەبووە بۆ پاراستنی قەوارەی رۆژئاوای كوردستان.

لە بەرامبەر توركیاش، بە ھەمان ئاراستە مامەڵە دەكات و لە ڕێگەی دانانی سنوورێك بۆ فراوانخوازییەكانی توركیا لە لیبیا، دەیەوێت پارێزگاری لە پێگە مێژووییەكەی بكات لە ئەفەریقا، لە پرسی گرژییەكانی نێوان یۆنان و توركیاش، بە ئاشكرا پاڵپشتیی یۆنان دەكات و لە كۆتا لێدوانیشیدا سەرۆككۆمار (ئیمانوێل ماكرۆن) ھەڕەشەی لە توركیا كرد و ڕایگەیاند، ھێڵی سوورمان بۆ داناوە لە دەریای سپیی ناوەراست و لە كۆبوونەوەی داھاتوو لەگەڵ ھاوتا ئەورووپییەكانیدا، پرسی گەمارۆكان بۆ سەر توركیا تاوتوێ دەكەن، ئەم ھەنگاوانەش كورد دەتوانێ سوودیان لێ وەربگرێت، ئەگەر بە دروستی مامەڵەی لەگەڵ بكەن.

لەسەر ئاستی جیھان و ئەورووپاش، توانی ڕۆڵی كاریگەری ھەبێ، ئەوەتا لە سەروبەندی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، فەڕەنسا توانی ئابووریی وڵاتانی ھەژاری ئەورووپا بپارێزێت لە ڕێی ھاوكاریی دارایی لەلایەن وڵاتانی پیشەسازیی گەورەی ئەورووپا، لە ئێستاشدا توانیویەتی لەگەڵ ھەبوونی بۆچوونی جیاواز، بەڵام پارێزگاری لە ھاوپەیمانیەتییان بكەن لەگەڵ ئەمەریكا و چاوەڕوانی ڕۆڵی زیاتریشی لێ دەكرێت لە داھاتوودا، بۆیە بە دڵنیاییەوە كاریگەری لەسەر پێگەی كورد لە ناوچەكەدا دەبێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×