وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەپێناو دەرکەوتنی راستییەکان و رێگەگرتن لە دوبارەبوونەوەی هەڕەشەکان دژی هەرێم، بەغدا خۆی دەدزێتەوە لە بەرپرسیارێتی بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كە لە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن.
ئاوێنە: وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روونکردنەوەیەکدا لە پێگەی فەرمی خۆی دەڵێت "ئەو چاوەڕوانییە لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ هەیە كە لە كاتی بوونی هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان یان هەر ناوچەیەكی تری عێراق، لەپێناو دەركەوتنی ڕاستییەكان و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی هەڕەشەكان و سزادانی ئەنجامدەران، ڕێوشوێنی پێویست بگیرێتە بەر، بەڵام بەداخەوە هەست دەکەین جۆرێك لە پەردەپۆشكردن و خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتی هەیە بەرانبەر ئەو زێدەڕۆییە ئەمنییانەی كەلە دژی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێن".
وەزارەتی ناوخۆ زیاتر روندەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵانی ڕابردووش كە بە دەیان جار هەرێم بەر پەلاماری درۆن و مووشەكەكان دەكەوت، هەرچەندە ئاراستە و سەرچاوەی مووشەك و درۆنەكانیش دیار بوون و چەندینجار بۆ دەرخستنی ڕاستییەكان لیژنەی هاوبەشی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ دروست بوون، "بەڵام دیسان بەداخەوە نە دەرئەنجامی لێكۆلینەوەكان بۆ ڕای گشتی ئاشكرا دەكران و نە لەسەر ئەو تاوانە ئاشكرا و كردەوە نایاساییانە كەس سزا دەدرا و هیچ ڕێوشوێنێكیش لەبەرانبەر هیچ لایەنێك نەگیرایەبەر".
هەربەپێی ئەو وەزارەتە، ئەوەیش لەکاتێکدا بوو لە بەرزترین ئاستی نێوان هەردوولا هەماهەنگی هەبووە و بەڵگەی ڕوون و ئاشكراش لەبەر دەست بوونە.
لەکۆتایی رونکردنەوەکەدا وەزارەتی ناوخۆ راشیگەیاند "لێرەدا ڕایدەگەیەنین كەشوهەوای سیاسی و بیروڕای سیاسیی لایەنەكان بەهەر بارێكدا بێت، پاراستنی ئاسایشی وڵات و ڕێگەگرتن لە بە ئامانجگرتنی ژیانی هاوڵاتییان و سەروەری و سەقامگیریی وڵات ئەركی لەپێشینەی دامودەزگە فەرمییەكانی هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستانە".