شاندێکى دەمپارتی سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات
  2025-07-05       243       

شاندێکى پارتی دەم بۆ بەشدارى لە یەکەمین رێوڕەسمى چەکدانانى ئەندامانى پەکەکە سەردانى هەرێمى کوردستان دەکات.

ئاوێنە: شاندێکى پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان "پارتی دەم" لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد "لە پرۆسەى (ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتی)دا بە رۆژانی گرنگ و مێژووییدا تێدەپەڕن کە بە مانای قۆناغێکی نوێ دێت.

ئاماژەی بەوەشدا، هەر لە سەرەتای پرۆسەکەوە، پارتەکەیان رۆڵی ئاسانکاریی گێڕاوە.

لەبارەی چەکدانانى پەکەکەشەوە، ئەو پارتە وتیشی "لەچەند رۆژی داهاتوودا ژمارەیەک لە ئەندامانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی بڕیارەکانی کۆنگرەی پارتەکەدا رێوڕەسمێک رێکدەخەن".

هاوکات پارتی دەم 15-20 کەسی لە رۆژنامەوانان، نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بۆ بینینی رێوڕەسمەکە بانگێشتکردووە و لەگەڵ شاندی پارتەکەدا سەردانى هەرێمی کوردستان دەکەن.

هەربەپێی راگەیاندراوەکەی دەم پارتی، هیچ رێگرییەک نییە لەوەی هەر رۆژنامەوانێکی دیکە لەسەر ئەرکی خۆی سەردانى هەرێمی کوردستان بکات و رێوڕەسمەکە بە ئاگاداری دەسەڵاتدارانی تورکیا بەڕێوەدەچێت.

جێی ئاماژەیە، بڕیارە یەکەم رێوڕەسمى چەکدانانى ئەندامانى پەکەکە لەنێوان 10 تاوەکو 12ـی تەمموز لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت.

هەروەها رۆژى 3ـى تەمموز زاگرۆس هیوا، وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە، لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ئەسیۆشییەتید پرێس ئاماژەی بەوەکردبوو، ئەندامانی پەکەکە "لە ژێر چاودێری رێکخراوەکانى کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە پەیوەندیدارەکاندا چەکەکانیان لەناودەبەن".

راشیگەیاند "رەنگە لەنێوان 20 بۆ 30 ئەندامدا بێت".

ئەقەش لەکاتێکدایە، پارتی کرێکارانی کوردستان، رۆژی 12ـی ئایاری 2025 رایگەیاند، رۆژانی 5-7ـی ئایار کۆنگرەی بەستووە و لەسەر بانگەوازەکەی 27ـی شوباتی ئۆجەلان، بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی داوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×