بە تۆمەتی ساغکردنەوەی نەوتی ئێران، ئەمەریکا بازرگانێکی سلێمانی دەخاتە لیستی سزاکانیەوە
  2025-07-04       947       

بە تۆمەتی ساغکردنەوەی نەوتی ئێران، ئەمەریکا ژمارەیەک بازرگانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەخاتە لیستی سزاکانییەوە، کە یەکێکیان بازرگانێکی شاری سلێمانییە بەناوی ( س.س).

ئاوێنە: بەگوێرەی بەیاننامەی فەرمی فەرمانگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی  (OFAC)، بازرگانێکی شاری سلێمانی لەساڵی 2020وە تۆڕێکی ئاڵۆز بەڕێوەدەبات و کاری کڕین و هەناردەکردنی نەوتی ئێران بە ڕیگەی نایاسایی دەکات.

بە پێی ئەو بەڵگانەی دەست وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا کەوتوە، ئەو تۆڕە نەوتی ئێرانیان لەگەڵ نەوتی عێراق تێکەڵکردوە، لەڕێگەی ساختەکردنی بەڵگەنامەکان بۆ بەلاڕێدابردنی دەزگاکانی چاودێری نێودەوڵەتی.

وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا دەلێت: داهاتی ئەم کارە بە ملیارەها دۆلار مەزەندە دەکرێت و خراوەتە خزمەتی ئێران و سوپای پاسداران و حیزبوڵای لوبنانی، جگە لەوەش (س س ئ) بە ملیۆنان دۆلار بەرتیلی بە بەرپرسانی عێراق داوە بۆ ئاسانکاری بۆ دەرکردنی بەڵگەنامەی ساختە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکەی.

سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئەو بازرگانەی شاری سلێمانی بریتین لە بلۆککردنی سەروەت و سامانی چەند کۆمپانیا و کەشتییەکی پەیوەست بە ناوبراو و قەدەغەکردنی مامەڵەکردنی ناوبراو لەگەڵ سەرجەم ناوەند و کۆمپانیاکانی ئەمریکا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×