دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر فەرمانی دەستگیركردنی بۆ ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری پێشوی كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی عێراق دەركرد. ئەحمەد حاجی رەشید لەبارەی لێدوانێكی بۆ كەناڵی عەهدی عێراقی رونكردنەوە دەدات و دەڵێت، لێدوانەكەی شێوێندراوە.
ئاوێنە: دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر یاداشتێكی دەستگیركردنی بۆ ئەحمەد حاجی رەشید، پەرلەمانتاری پێشوی عێراق دەركردوە و داوای لە هێزەکانی پۆلیس كردوە بیگرن و بیدەن بەدادگا لەبەر ئەوەی لە دادگای لێکۆڵینەوەی هەولێر سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە.
دادگای لێكۆڵینەوەی هەولێر ئاماژەی بە هۆكاری سكاڵاكە نەكردوە بەڵام هێمای بۆ ئەوە كردوە كە سكاڵاكەی بەپێی ماددەی 226 لە یاسای سزادانی عێراقی لەسەر تۆماركراوە.
پێدەچێت سكاڵاكە پەیوەندیی بەو لێدوانەوە هەبێت كە كەناڵی عەهدی عێراقی دابویە پاڵ ئەحمەد حاجی رەشید و ناوبراویش ئەمڕۆ لەوبارەیەوە رونكردنەوەیەكی بڵاوكردۆتەوە.
ئەحمەد حاجی رەشید لە رونكردنەوەكەیدا وتویەتی"کەناڵی عەهد لێدوانیکی منیان بەشێواوی بڵاوکردوەتەوە و دوای قسەکردن لەگەڵ کەناڵی ناوبراو ئاگادارکردنەوەیان کە سکاڵای یاساییان لەسەر تۆماردەکەم، هەر بۆیە دوای لێبوردنیان کردو دو سەرنوسەری گروپەکەشیان لەکار دورخستەوە و سەرجەم هەواڵەکەشیان لەتەواوی گروپی تلەگرام و سۆشیال میدیا سڕییەوە."


