رەجەب تەیب ئەردۆغان، رایگەیاند، پرۆسەی ئاشتی بەو جۆرە دەڕوات کە ئەوان دەیانەوێت، دەڵێت “چەکەکانی پەکەکە دەسوتێنرێن”.
ئاوێنە: لە راپۆرتێکی رۆژنامەی یەنی شەفەقی توركی کە ئەمڕۆ پێنجشەممە 3ی تەمموز بڵاویکردووەتەوە رایگەیاندووە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا، لەمیانی دیدارێكی لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی دادو گەشەپێدان، زانیاری گرنگی لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری ئاشتی ئاشكراكردووە و رایگەیاندووە، بەم نزیکانە لیژنەیەکی تایبەت لەسەر ئەو پرسە لە پەرلەمان پێکدەهێنرێت.
ئاماژەی بەوەکردووە، “پرۆسەکە بەو شێوەیە دەڕوات كە ئێمە ویستمان و هیچ کێشەیەک نییە، راپۆرتە مەیدانییەکانیش جەخت لەمە دەكەنەوە.”
لە دیدارەکەدا وتوویەتی “رۆژی چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو لەگەڵ شاندی دەم پارتی كۆدەبمەوە، ئەوەی ئێمە باسمان کرد بەدەست هاتووە و، باس لەوە دەکەین کە ئایا جێبەجێ دەکرێت یان نا.”
سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە جەختیکردووەتەوە، چەکە کۆکراوەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان ئامادەکراوە، بەم نزیکانە وێنەی داماڵینی چەک بڵاودەکرێتەوە، ئەو چەکانەی کە بڕیارە رادەستبکرێن، بە ئامێری کارەبایی دەسوتێنرێن و لەناودەبرێن.