سلێمانی‌و هەولێر زیاتر لەتورکیا لەئامادەکاریدان بۆ چەکدانانی پەکەکە
  2025-07-04       1529       
ئیبراهیم کالن، سەرۆکی میت لەهەکاری

ئا: ئاوێنە

 

شاندی دەم پارتی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی تەموز، سەردانی ئۆجەلان دەکات لەئیمرالی، ڕۆژی دووشەممەش، لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە، بەدوای ئەوەشدا یەکەم گروپی گەریلا بەشێوەیەکی رەمزی لەدوو ناوچەی نزیک سلێمانی‌و دهۆک، چەکەکانیان رادەستدەکەن، میدیاکانی تورکیا دەڵێن " سلێمانی‌و هەولێر زیاتر لەتورکیا خەریکی ئامادەکارین بۆ چەکدانانی پەکەکە".

 

رۆژنامەی هەبەر تورک، لەراپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە تا ئێستا ١١ جار هەوڵی ئەوە دراوە پەکەکە چەک دابنێت، ٧ جاریس لەسەردەمی تۆرغۆت ئۆزالەوە لەساڵی ١٩٩٣ەوە تا ئێستا هەوڵی چارەسەری کێشەی کورد دراوە، بەلام هەرجارەو بەهۆی پێشهاتێکەوە ئەم هەوڵانە شکستیان پێهێنراوە. ئەمجارەیان هەموو لایەک بەوریایی‌و پەرۆشەوە دەیانەوێ پرۆسەی چارەسەرکردن بەئەنجام بگات.

پرۆسەیەک کە بەتەوقەکردنی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لەگەڵ پەرلەمانتارانی دەم پارتی دەستیپێکرد، پرۆسەکە ئەمجارەیان جێی بایخی زیاترە، لەبەرئەوەی پشتیوانی باخچەلی بۆ پرۆسەکە، دەنگی ناڕەزایی لەبازنەکانی ناسیۆنالیستی تورکیدا کپ کردووەو هەمووانی گەیاندووە بەو باوەڕەی کە دەرئەنجامەکەی سوودی بۆ وڵات دەبێت.

سەردانەکانی شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی بەدوای ئەو تەوقەکردنەدا هات‌و سەرنجام نامەکەی ئۆجەلان لەمانگی شوباتدا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر خێراکردنی پرۆسەکە دروستکرد.

قۆناغی یەکەمی پرۆسەکە، بانگەوازی باخچەلی‌و لێدوانی ئۆجەلان بوو.

قۆناغی دووەم، کۆنگرەی پەکەکە بوو کە بەکۆی دەنگ بڕیاری هەڵوەشاندنەوەو چەکدانانی خۆی راگەیاند.

ئێستا قۆناغی سێیەمی پرۆسەکە دەستپێدەکات، کە رادەستکردن‌و دانانی چەکەکانە.

بەپێی ئەو زانیاریانە "هەبەر تورک" بڵاویکردوەتەوە، شاندی دەم پارتی ڕۆژی یەکشەممە ٦ی تەموز، سەردانی ئۆجالان دەکات لەئیمرالی.

چاوەڕوان دەکرێت لەم سەردانەدا، ئۆجەلان نامەیەک یان پەیامێکی نوێ بڵاوبکاتەوە کە تیایدا داوای رادەستکردنی چەکەکانی پەکەکە لەڕێگەی شاندی دەم پارتییەوە بکات.

پێدەچێت شاندی دەم پارتی ڕۆژی دووشەممە ٧ی تەموز، لەگەڵ ئەردۆغان کۆببێتەوە.

لەم پڕۆسەیەدا ئامادەکاریی تەواو کراوە لەلایەن ئەو گروپانەی لەپرۆسەکەدا بەشدارن لەهەولێرو دهۆک‌و سلێمانی‌و بەغداش.

یەکەم ڕادەستکردنی چەک بەشێوەیەکی رەمزی لەدوو ناوچەی جیاوازی نزیک سلێمانی‌و دهۆک دەستپێدەکات.

ئایشەگول دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی، هەرچەندە وادەی تەواوی بۆ ئەم پرۆسەی چەک دانانە نەخستەڕوو، دوای کۆبوونەوەی دوێنێی کۆمیتەی بەڕێوەبەری حزبەکە، بەڵام ئاماژەی بەوە دا کە دەکرێت هەفتەی داهاتوو پێشهاتی گرنگ سەبارەت بەپرۆسەکە ڕووبدات.

هەبەر تورک ئاماژە بەوە دەکات دوو بۆچوونی جیاواز هەیە سەبارەت بەژمارەی ئەو کەسانەی کە چەک دادەنێن‌و گرتە ڤیدیۆیەکانیان:

یەکەم: بانگەشەی ئەوە دەکرێت کە ئەفسەرانی میت‌و یەکە ئەمنییەکان‌و بەرپرسانی بەغداو ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئامادە دەبن لەکاتی رادەستکردنی چەکی یەکەم گروپی پەکەکە کە ژمارەیان ٥٠ گەریلایە.  پاشان گرتە ڤیدیۆییەکانی رێورەسمی رادەستکردنەکە دەدرێتە ڕۆژنامەنووسان.

دوومیش، ئەوەیە کە تورکیا دەیەوێت ئەم پرۆسەیە لەسەرەتاوە تا کۆتایی لەژێر کۆنترۆڵی میتدا ئەنجام بدرێت. بۆ ئەوەی پرۆسەکە رووبەڕووی پێشهاتی نەخوازراو نەبێتەوەو تێکنەدرێت. هەندێک دەزگای ڕاگەیاندنیش بانگهێشت دەکرێن‌و رادەستکردنی چەکەکان ڕاستەوخۆ پەخش دەکرێت. پاشان ئەوانەی چەک دادەنێن دەچنە ناو تورکیاوە.

 

چەکەکان‌و سەرکردەکانی پەکەکە چییان لێدێت؟

بۆچوونی جیاواز هەیە لەسەر ئەوەی چی بەسەر ئەو کەسانەدا دێت کە چەکەکانیان دادەنێن.

بۆچوونی سەرەکی باس لەوە دەکات کە دانانی چەک ڕێوڕەسمێکی ڕەمزییەو وەک پرۆسەکانی چەک دانانی ئیتاو ئیرا، چەند مانگێکی دەوێت.

باس لەدوو شوێنی جیاواز دەکرێت لەنزیک سولەیمانی‌و دهۆک بۆ ئەو رێورەسمە ڕەمزییەی کە چەکەکانی تێدا دادەنرێت.

بەپێی زانیارییەکان، ١٢٨٣ئەندامی پەکەکە لەلایەن تورکیاوە داواکراون لەپۆلە ڕەنگە جیاوازەکانی وەک سوورو زەردو سەوز، بەڵام ئاماژە بەوە کراوە کە ژمارەی ئەوانەی لەبەڕێوەبردنی باڵای پەکەکەدان نزیکەی ٧٠ بۆ ٨٠ کەسن‌و ژمارەیان لە ١٠٠ کەس تێناپەڕێت.

ئەمانە بژاردەی ناردنیان بۆ وڵاتانی جیاواز پێدراوە، بەڵام ئەوان پێیان باشترە لەناوچەکەدا بمێننەوە.

مستەفا قەرەسو، ئەندامی ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی کەجەکەو بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی کەجەکە، یەک لەدوای یەک لێدوانیان دا.

هۆزات کە تا ئێستا لەساردترین کەسەکان بووە سەبارەت بەپرۆسەکە، داوای لەجەهەپە کرد توندتر پرۆسەکە لەباوەش بگرێت، ئەو وتی "ڕەنگە حکومەت بەئاگادارییەوە سیاسەتێک پەیڕەو بکات کە ڕێگری لەئۆپۆزسیۆن بکات خاوەندارێتی پرۆسەکە بکات، پێویستە ئۆپۆزسیۆن ئەم یارییە تێکبدات."

پێدەچێت هیچ کێشەیەک رووبەڕووی سەرکردە باڵاکانی پەکەکە نەبێتەوە کە لەلایەن تورکیاوە داواکراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جەخت لەوە دەکرێتەوە کە پرۆسەی گەڕانەوەیان دوادەخرێت بۆ مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو.

هۆکارەکەی ئەوەیە کە ڕێکخستنی پڕۆژەیاسای لەسێدارەدان، لەپەرلەمانی تورکیادا بۆ مانگی ئۆکتۆبەر دواخراوە، چونکە نیگەرانی ئەوە هەبوو کە سزادراوانی "فەتحوڵا گولەن"یش سوودی لێوەربگرن.

 

کۆمیسیۆنێک لەپەرلەمان پێکدەهێنرێت

وا بڕیارە کۆمیسیۆنی یەکگرتوویی‌و تەبایی نیشتمانی لەئەنجومەنی نوێنەرانی تورکیا بەسەرۆکایەتیی "نوعمان کورتولموش"ی سەرۆکی پەرلەمان پێکبهێنرێت.

مەهەپە پێشنیاری کردبوو کە ١٠٠ کەس ببنە ئەندامی کۆمیسیۆنەکە، بەڵام ئاکەپە دەیەوێت ژمارەیان لە ٣٥ کەس زیاتر نەبێت.

هەروەها بۆچوونی جیاواز هەن سەبارەت بەدەسەڵات‌و سروشتی کۆمسیۆنەکە.

کورتولموش هەوڵێکی زۆر دەدات بۆ پێکهێنانی ئەم کۆمسیۆنە کە تایبەتە بەچارەسەرکردنی کێشەی کورد، پێش ئەوەی  پشووی هاوینەی پەرلەمان دەستپێبکات.

 

کێ دەست دەگرێت بەسەر "قەندیل"دا؟

هەبەر تورک ئاماژە بەوە دەکات لەبەرئەوەی مەسەلەکە بەدانانی چەک کۆتایی نایەت، پرسیارێکی گرنگتر ئەوەیە شوێنی ژیانی پەکەکە، بەتایبەتی قەندیل چۆڵ دەکرێت؟ کە چۆڵ بکرێت کێ پڕی دەکاتەوە؟

هەبەر تورک جەغت لەوە دەکات کە ڕێوشوێنی خۆپارێزی دەگیرێتەبەر بۆ ئەوەی ڕێگری لەهاتن‌و نیشتەجێبوونی ڕێکخراوەکانی دیکە بۆ قەندیل بکرێت‌، لەم چوارچێوەیەدا تورکیا دەستبەجێ ناوچەکە بەجێناهێڵێت، لەناوچەکەدا دەمێنێتەوە تا هەموو قۆناغەکانی پرۆسەکە کۆتایی دێت.

 

هەمووان ستایشی "ئیبرهیم کاڵن" دەکەن

بەپێی راپۆرتەکەی هەبەر تورک، دەم پارتی‌و هەموو ئەو لایەنانەی بەشدارن لەپرۆسەکەدا، سەبارەت بەپێشکەوتنی پرۆسەکەو نەبوونی هیچ لادانێک لەنەخشەڕێگاکەدا، ستایشی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت دەکەن.

ئاماژە بەهەڵوێستی ئەو دەکرێت کە بەباشی پرۆسەی چارەسەریی بەڕێوە دەباتهو سیاسەت لەسەر بنەمایەکی تەندروست‌و نەهێشتنی ئاستەنگ‌و خاڵە نەرێنەکان دەکاو پەرۆشی گەیشتنە چارەسەرکردنە.

 

بەغداو هەولێرو سلێمانی پاڵپشتن

هەبەر تورک ئاماژە بەوە دەکات کە ڕوونە کاڵن ڕۆڵی گەورەی هەبووە لەو کەشوهەوای ئەرێنییەی لەبەغداو سلێمانی‌و هەولێر بەدیدەکرێت.

سەرەتا حکومەتی هەرێم، واتە ئیدارەی هەولێر ئەو لایەنە بووە کە بەهێزترین پاڵپشتی ئەم پرۆسەیەی کردووە. هەموو کارگێڕانی هەرێمی کوردستان‌و بەتایبەت بنەماڵەی بارزانی کە لەماوەی ڕابردوودا لەگەڵ پەکەکە پێکدادانیان هەبووە، هەموو پشتیوانییەکانیان بۆ بەرەوپێشچوونی تەندروستانەی پرۆسەکە نیشانداوە.

ئەوان رایانگەیاندووە "ململانێی نێوان هێزە چەکدارەکانی تورکیاو پەکەکە ساڵانێکی زۆرە ئێمەی ماندوو کردووە، ناتوانین ئەو ناوچانە بەڕێوەببەین، لەئێستادا ناتوانین ٦٠٠ گوندمان کۆنتڕۆڵ بکەین، چونکە یان پەکەکە زاڵە بەسەر ئەو ناوچانەدا یان ناکۆکی لەنێوان هێزە چەکدارەکانی تورکیاو گەریلاکانی پەکەکەدا هەیە. خوازیاریین بەزووترین کات‌و بەسەرکەوتوویی ئەم پرۆسەیە کۆتایی بێت، هەرچی پێویست بێت دەیکەین".

 

شەڕی ئێران‌و ئیسرائیل پرۆسەکەی دواخست

هەبەر تورک ئاماژە بەوە دەکات "شەڕی ئێران‌و ئیسرائیل کاریگەری نەرێنی لەسەر پرۆسەکە هەبووەو ماوەی مانگێک پرۆسەی چەکدانانەکەی دواخست، ئەگەرنا زووتر دەگەیشتنە ئەم خاڵە."

ئەوەش ئاشکرا دەکات، کە جگە لەنێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمیش لەسلێمانی پاڵپشتی بێ مەرجی خۆیان بۆ پرۆسەکە راگەیاندووەو ئیدارەی بەغداش بەشدارییەکی بەرچاوی کردووە.

لەڕاستیدا حکومەتی عێراق کە لەم دواییانەدا پەکەکەی وەک (ڕێکخراوێکی تیرۆریستی) ناساندووە، ماوەی نزیکەی 3 مانگە گەمارۆی خستوەتە سەر کەمپی مەخمور، کە ئەو ئاوارانەی تێدا نیشتەجێن لەتورکیا هەڵاتوون.

 

گەریلاکان دەچنەوە بۆ هەکاری

بەپێی راپۆرتەکەی هەبەر تورک، کۆمەڵێک گەریلا کە ژمارەیان لە ٦٠ بۆ ٦٥ کەسدان، خۆیان بۆ چوونە ناو تورکیا ئامادە دەکەن.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو دیدارەی کە دوێنێ ئیبراهیم کاڵن بەڕێوەبەری میت لەگەڵ عەلی چەلیک، پارێزگاری هەکاری‌و فەرماندە باڵاکانی ناوچەکەو هەندێک لەبەڕێوەبەرانی باڵای یەکە ئەمنییەکان بەتایبەتی لەچوکورجاو یوکسکۆڤا ئەنجامیاندا، ئامانجی ئەمە بووە.

لەهەکاری دوو دەروازەی سنووری هەن بەناوەکانی ئوزوملوو دێریچیک ئومورلو، کە بەڕووی هەرێمی کوردستاندا دەکرێتەوە.

وا چاوەروان دەکرێت کە  ٦٠ بۆ ٦٥ گەریلا لەم لەم دەروازانەوە بچنە هەکاری.

دەسەڵاتدارانی تورکیا دەڵێن "هەموو شتێک بەپلان‌و بەوریایی‌و بەگەشبینییەوە بەڕێوەدەچێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×