سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بە چەواشەکاری و زانیاری هەڵە حکومەتیان کرایە ئامانج، بەڵام بەردەوام بوون لە بنیادنانی چاکسازی.
ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی وتارێکدا لە ١٠ی موحەرەم، رایگەیاند "شەهید بوونی ئیمام حوسێن و هاوەڵانی (سەلامی خوایان لێ بێت) ئاڕاستەی مێژووی گۆڕی و بوو بە پێوەرێک بۆ جیاکردنەوەی حەقیقەت لە تاریکی ناڕاست".
وتیشی "بەردەوام بووین لە بنیاتنانی دامەزراوەکانی دەوڵەت لەسەر بناغەیەکی پتەو و بەهێزکردنی پێگەی عێراق لەنێو وڵاتاندا".
سودانی ئاشکراشیکرد "سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی چەواشەکاری و زانیاری هەڵە کە کاری حکومەتیان کردە ئامانج، ئێمە بەردەوام بووین لەسەر رێگەی چاکسازی و بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان".
هەر بەوتەی ناوبراو "ئەمڕۆ گەلانی عەرەبی و ئیسلامی ئێمە زۆر پێویستیان بە گردبوونەوە لە دەوری ناوی حسێن و قوربانیدانەکانی هەیە بۆ یەکخستنی وتار و لابردنی ئەو نادادپەروەری و دەستدرێژییەی، کە هێزەکانی دڕندەیی دژی گەلەکەمان لە غەززە و لوبنان ئەنجامی دەدات و لە دەستدرێژێکانیدا بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران".
سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆتایی وتارەکەیدا ئەوەشی خستە روو "خاکی عێراق شەرەفمەند بوو ئەوەی کە تەرمی حوسێن (سەلامی خوای لێ بێت) لە خاکەکەیدا لەخۆ بگرێت و لەو بەروارەشەوە حوسێنییە ئازاکانی عێراق ئەرکی بیرهێنانەوەی داستانی نەمری حوسێنییان بۆ خەڵک لەئەستۆ گرتووە".