ئەردۆغان: ئەم هەفتەیە لەگەڵ وەفدی دەم پارتی كۆدەبینەوە
  2025-07-05       183       

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، دەبێت پڕۆسەی چەكدادانی پەكەكە بەبێ مەرج بێت و چەكدادانیش پرۆسەی چارەسەری زیاتر بەرەوپێشەوە دەبات. دەشڵێت، ئەم هەفتەیە لەگەڵ وەفدی دەم پارتی كۆدەبێتەوە.

ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، ئەمڕۆ شەممە، لە کاتی گەڕانەوەی لە ئازەربایجان، لە نێو فڕۆکەكەی قسەی بۆ رۆژنامەنوسان كردو وتی، چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پرۆسەی چارەسەری زیاتر بەرەوپێشەوە دەبات.

وتیشی، ''دوای ئەوەی چەک، خوێن و فرمێسک بەتەواوی لە رۆژەڤی گەلەکەمان سڕانەوە، سەردەمێکی نوێ لەڕوی دیموکراسی و ئاسایشەوە لە وڵاتەکەمان دێتەکایەوە''.

 ئەردۆغان وتی، رێگە نادەن هیچ لایەنێک بەربەست بۆ پرۆسەکە دروست بکات؛ ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی دەرەوە و دەزگای میتی وڵاتەکەی ''بەوردی و هەستیارییەوە'' چاودێری پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە دەکەن.

ئەردۆغان باسی لەوەش كرد "هەڵوێستمان رونەو هەر لەسەرەتاوە رامانگەیاندوە كە دەبێت چەكدانان بەبێ مەرج بێت و رێكخراوەكە خۆی هەڵوەشێنێتەوە."

 ئەو قسانەی ئەردۆغان لە کاتێکدان، بڕیارە گروپێکی گەریلاکانی پەکەکە لە چەند رۆژی داهاتودا لە رێوڕەسمێکدا لە هەرێمی کوردستان وەک هەنگاوێکی "نیازپاکانە" بە شێوەیەکی سیمبولی چەکەکانیان دابنێن.

 ئەردۆغان لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی، ئەم هەفتەیە پێشوازی لە شاندێکی دەم پارتی دەکات.

وتیشی، شاندەکەی دەم پارتی لە پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی روها پێکدێن و هەروەها لە کۆبونەوەکەدا ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت و ئەفکان ئالا، بریکاری سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) ئامادە دەبن.

سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبونەوەکەدا لەگەڵ شاندی دەم پارتی، وێڕای ئەو هەنگاوانەی تاوەکو ئێستا لەبارەی پرۆسەی چارەسەری نراون؛ هەنگاوەکانی داهاتوی پرۆسەکەش باس دەکەن.

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×