خەبات عەبدوڵڵا
بەگوێرەی ئاژانسەکانی هەواڵ، بێگومان ئەگەر هیچ دۆخێکی کتوپڕ نەیەتە ئاراوە، پارتی کرێکارانی کوردستان بەنیازە لە نمایشێکدا و وەکو نیازپاکی، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان و بە بەرچاوی میدیاکانەوە، چەک بە کۆمەڵێک گەرێلا فڕێ بدات.
سەرەڕای هەموو ئەو سەرنج و تێبینیانەی لەسەر کۆی پڕۆسەکە بەگشتی هەیە، بەڵام نەدەبوا هەرێمی کوردستان؛ یەکێتی و پارتی (تەنانەت پەکەکە خۆیشی) بچوونایەتە ژێر باری داوایەکی ئەمنیی دەوڵەتی تورک تا پڕۆسەی چەکدانانەکە لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، ڕاستتر وا بوو هەنگاوێکی لەم جۆرە ئەگەرچی هەنگاوێکی بێ گەرەنتییە، لە ناو خاکی باکوور و لە تورکیا ئەنجام بدرایە.
بە چەکدانانی پەکەکە لە ناو هەرێمی کوردستان:
یەکەم: تورکیا دەیسەلمێنێت کە پەکەکە حیزبێکی دروستکراوی دەرەوەی تورکیا و کێشەی کورد لە باکوور کێشەیەکی دروستکراوی دەرەوەی سنوورەکانە.
دووەم: دەشێت بۆ کاتێکی نادیار یان بۆ هەتایە تورکیا ڕەتی بکاتەوە لێخۆشبوون بۆ ئەو هەزاران کەسەی لەشکرەکەی پەکەکە دەربکات و مانەوە و چارەنووسیان وەکو هێزێکی ناو هەرێمی کوردستان، ڕووبەڕووی هەرێم خۆی بکاتەوە کە بێگومان ئەوەش کێشەی جیاجیای بۆ داهاتوو لێ دەکەوێتەوە.
سێیەم: یەکێتی و پارتی خۆیان دەکەنە خاوەنی پڕۆسەیەک کە لێکەوتەی لەسەر باشووریش دەبێت. ئێران دەمێکە لە هەنجەت دەگەڕێت تا کۆتایی بە بزووتنەوەی چەکداریی کورد لە ڕۆژهەڵات بهێنێت، ئەم پڕۆسەیەی وا تورکیا لەڕێی پارتی و یەکێتییەوە بۆ چەکداماڵینی پەکەکە دەستی داوەتێ، سەرمەشقێکی باشە بۆ ئێران تا دیموکرات و کۆمەڵە و ئەوانی تر بە هەمان دەرد ببات. نەک هەر ئەوە، بەڵکو بە بیانووی سەلامەتی سنوورەکان زۆر ئاساییە لە داهاتوودا ئێران و تورکیا کار بۆ چەکداماڵینی باشوور و گەڕانەوەی هێزی ئەمنی و جەیشی عێراق بۆ هەرێم بکەن بەتایبەتیش کە هەرێم لە غیابی لەشکرێکی یەکگرتووی نیشتمانیدا، خاوەنی تەنها دوو هێزی چەکداریی حیزبییە و ناتوانن سنوور بپارێزن.
چوارەم: لەوەتەی دروستکردنی دەوڵەتانی تورکیا، عێراق، ئێران و سوریا، ئەسڵ لە دۆخی کوردیدا بەداخەوە (جەنگ)ە نەک ئاشتی. لەکاتێکدا دەوروبەر بە بەرچاومانەوە هەمووی خەریکی خۆپڕچەککردنن، کەچی بە تەنها داوا لە کورد دەکرێت چەکی پێ نەبێت. ئەم نمایشە حساب بۆ نەکراوەی چەکدانان و چەکفڕێدانی پەکەکە بە بەرچاوی میدیاکانەوە و پیشاندانی وەکو مەراسیمێکی "مێژوویی"، ئەگەر بۆ دۆخی ئێستای باکوور ئاسایی بێت، بەڵام کورد تا چەردەیەکی دوورودرێژ دووچاری تەسلیمبوون و کۆیلایەتی دەوڵەتە داگیرکەرەکانی دەکات. چەکدانان و چەکفڕێدانی پەکەکە بە بەرچاوی میدیاکانەوە پێش هەر شتێکی دیکە چاوشکاندنی نەوەی نوێی کوردە کە چی دی بیر لە دەستدانە چەک نەکەنەوە.
پێنجەم: باشتر وایە یەکێتی و پارتی و بێگومان پێش ئەوانیش پەکەکە، بەتایبەتیش پاش دواهەمین لێدوانی ئەردۆغان و ناوهێنانی پارتی کرێکارانی کوردستان بە "ڕێکخراوە تێرۆریستەکە" و پڕۆسەکە بە "تورکیایەکی بێ تێرۆر"، چاوێک بەم نمایشەدا بگێڕنەوە، ئەگەر پەکەکە لە چەک دانانە ئەوا دەکرێت دوور لە چاوی میدیاکان و لە هەمووشی گرنگتر لەسەر خاکی باکوور؛ لە هەکاری، شەمزینان، شرناخ، وان، ئامەد و وڵاتی جزیر و بۆتان ئەو کارە ئەنجام بدەن. مەگەر پرسەکە پرسی کورد نییە لە باکووری کوردستان؟