یەکێتیی زانایانی کوردستان بوکەڵەی (لابووبوو)ـیان "حەرام" کرد
  2025-07-05       825       

وتەبێژی یەکێتیی زانایانی کوردستان رایگەیاند، کڕینی بووکەڵەی (لابووبوو) بەمەبەستی یانسیب و بەخت گرتنەوە "حەرامە". دەشڵێت "کڕینی ئەو بوکەڵەیە بەباش نازانین و حەرامە".

ئاوێنە: عەبدوڵڵا شێرکاوەیی، وتەبێژی یەکێتیی زانایانی ئایینیی ئیسلامیی هەرێمی کوردستان وتی "بووکەڵەی لابووبوو ئێستا بەشێوەیەکی زۆر بڵاوبووەتەوە و خەڵک دەیکڕن، لەبارەی حوکمەکەی مشتومڕێکی زۆر هەیە، بەپێی بەدواداچوون و سەرنجدانی ئێمە، بە باشی نازانین خەڵک بیکڕن لەبەر ئەوەی جۆرێک لە بەفیڕۆدانی ماڵی تێدایە".
 
وتیشی "داوا لە هاوڵاتییان دەکەین بە مەبەستی یانسیب و بەخت گرتنەوە ئەو بووکەڵەیە نەکڕن، چونکە حەرامە".
 
لابووبوو کارەکتەرێکی خەیاڵیی نێو فیلمی منداڵانە، وەکو کارەکتەرێک لە چەندین فیلمی ئەنیمەیشندا دەرکەوتووە، بەتایبەتی لە زنجیرەی (The Monsters).

هەروەها لابووبوو بووکەڵەیەکی دروستکراوی چینە، لەناو کیسێک یان پاکەتێکدایە، کۆمەڵێک رەنگی جۆراوجۆری هەیە و پێش ئەوەی پاکەتەکە هەڵبپچڕیت نازانیت چ رەنگێکە و هەندێک رەنگ بەمەبەستی شانس بەکاردەهێندرێن، بەشێکی زۆری خەڵکی بەتایبەتی کچان لە هەموو جیهانەوە بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە و هەرێمی کوردستانیشی گرتووەتەوە.
 

 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×