١٦ ئۆکتۆبەرو ٣١ ئاب، مێژووی خیانەتن، نەک چیرۆکی بەرئاگردان

زمناکۆ ئیسماعیل
  2020-10-16     739
لەنێو دونیایی میدیاو راگەیاندن، روداو (الحدث)، بزوێنەری چەناڵەکانی گەیاندنە بەوەرگر، میدیا بەبێ روداو، وەک مرۆڤێک وەهایە بەبێ پۆشاک، هەر ئەوەندەی روداوەکان کەوتنە سەر زاری وەرگرو بون بەرابردوو، ئیتر ئەو روداوانە دەبن بەمێژوو، لەنێو لاپەڕەکانی ژیاندا تۆمار دەکرێن، بەتێپەڕبونی کاتیش ئەو روداوانە دەبن بە زانیاری، لەو ڕوانگەیەوە، روداوو بەسەرهاتەکانی رابردوو، زانیاری نێو لاپەڕەکانی مێژووە نەک چیرۆکی بەرئاگردان، مێژوو روداوی راستەقینەیە نەک چیرۆک، لەنێو دونیای ووێژەگەریدا، چیرۆک ژانرێکی سەرەکییە، چیرۆک پێکدێت لەچەندین جۆری جیاواز، لەنێویاندا یەک جۆری راستەقینەیە، سەرجەم جۆرەکانی دیکە خەیاڵئامێزی کەسێتی نوسیارە، بەپێچەوانەی مێژوو، کە روداوی راستەقینەیە و پاڵەوان و کەسەکانی نێوی خەڵکانی راستی ناخەیاڵین.
لەو روانگەیەوە کە مێژوو زانیاری بوو، دەبێت گرنگی پێبدرێت و روداوەکانی بەهەند وەربگیرێت، لەنێو هەرگەل و نەتەوەیەکدا کە نەتوانرا سود لە روداوو بەسەرهاتەکان وەربگیرێت، نەتوانرا شۆڕ بکرێتەوە بۆ نێو کایەکانی ژیان، نەتوانرا وەک زانیاری سەیر بکرێت، لەهەمانکاتدا وەک چیرۆک تەماشا کرا، نەتوانرا بخزێنرێتە نێو لاپەڕەکانی پەروەردەو شیکاری و لێتێژینەوەی بۆ بکرێت، ئەوکات ناشتوانرێت ئەو کۆمەڵگایە لەئاستێکی بەرزی ئامادەبوی بەردەم ژیانی رامیاری و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا بوەستێنرێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە، کە مێژووی روداوو بەسەرهاتەکان فەرامۆشکرا، کەمێژوو کرا بەچیرۆک و حیکایەتی بەرئاگردان، مرۆڤی نێو ئەو کۆمەڵگایە، لەمرۆڤی بیرکارەوەی بزوێنەری نێو روداوەکان، دەکرێت بەمرۆڤی وەستاوی بیربارەوە، واتە لەبری ئەوەی روداوەکان لەنێو لاپەڕەکانی لێتێژینەوەدا هەڵبسەنگێنرێت، لەبری ئەوەی مرۆڤەکانی نێو ئەو کۆمەڵگایە بجوڵێنرێن و ببزوێنرێن، لەبری ئەوەی راڤەو شیکاری روداوەکان لەنێو دونیای مرۆڤەکانی ئەو کۆمەڵگایە بگیرێت و بکرێت بەبەشێک لەژیانیان و وانەی لێفێربن، بەپێچەوانەوە، روداوەکان دەکرێت بەکەرەستەی رامیاری و لەنێوان چەند گروپ و چەند بەرەیەکی بیرو بۆچون جیاوازدا، دەکرێت بەکەرەستەی شەڕە قسەو جنێوکاری، دەکرێت بەهێزی بزوێنەری سەرکردەی حیزبە رکابەرکارەکان و تەخوین و تەشهیری یەکترییان پێدەکرێت، ئەوکات لەبری بونیادنانەوەی کۆمەڵگا، نەوەلەدوای نەوە، سوپایەکی بەشەڕهاتوی جنێوبەخش و سوپایەکی هێرشکاری بریندارکار، هەمیشە ئامادەی جەنگی دەرونی کۆمەڵایەتی یەکترن، بەجۆرێک، کەی حیزب وویستی، لەبری بیرکردنەوە لەڕوداوە مێژوویەکان و دانانی چارەسەری گونجاو بۆ دوبارە نەبونەوە، بیر لەشکاندنی یەکتر دەکەنەوە، لەبری دانانی نەخشەڕێگا بۆ ژیانێکی نوێ، نەخشەرێگا دەگێڕن لەدژی یەکتر، حیزب و سەرکردەکانی، کۆمەڵگا سەرقاڵ دەکەن و لەنێو بازنەی بەشەڕهاتوی خۆیان، تەخوین و تەشهیرو تەدمیری یەکتری و کۆمەڵگای پێدەکەن، بەبێ ئەوەی سڵ لەوە بکەنەوە، کە نەک خودی ئەو دوو لایەنە بەشەڕهاتوەی نێو دونیای دەمەوەری، بەڵکو تاکەکانی نێو کۆمەڵگاش بریندار دەکەن، لەهەمانکاتدا مێژووی روداوەکانیش دەشوێنن و وەک لاشەیەکی برینداری نا راڤەکراو، بەجێی دەهێڵن.
لەنێو مێژووی روداوەکانیشدا، مێژووی خیانەتەکان، باشترین چەکی حیزبەکانە، کە شەڕی یەکتری پێدەکەن، لەبری ئەوەی داوای لێبوردن لەم گەلە بکەن، لەبری ئەوەی، روداوەکان بخەنە بەردەم کەسانی بیرکارو داوای لێتێژینەوەی زانستییان لێبکەن، بەمەبەستی ئەوەی کە بۆ داهاتوو روداوی هاوشێوە رونەداتەوە، بەڵام وەک ئەوەی نە بایان دیبێت و نە بۆران، لەسەر بەزمی شەڕی ئەندام و لایەنگرانیان بەردەوامن، ئەمەش لەکاتێکدایە کە لەیادیان چووە کە مێژوو دادگاییان دەکات، ئەوان لەبیریان کردوە کە ئێستا لەنێو دادگایی مێژوودا دەژین، رەنگە ئێمە بەتەنها نەتەوەی سەر ئەم هەسارەیە نەبین، کە خیانەت لەنێو روداوەکانی رابردوماندا بونی هەیە، بەپێچەوانەوە، رەنگە ئێمە بەتەنها نەتەوەی سەر زەوی بین، کە ناتوانین سود لەخیانەتەکان وەربگرین و بیکەین بەوانەی رامیاری (سیاسی)، بەمەبەستی رێکخستنەوەی ژیانی نەوەکانی داهاتومان سودی لێوەربگرین، ئێمە گەلێکین، نەمانتوانی سود لەروداوی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجەو کۆڕەو وەربگرین و لێتێژینەوەی لەسەر بکەین، نەمانتوانی بیرلەوە بکەینەوە کەچیمان بەسەرهاتوەو برینی روداوەکان چەند قوڵە، لەهەمانکاتدا خۆمان زیاتر بریندارکردو شەری ناوخۆمان کرد بەروداوێکی دیکەی نا راڤەکراو، روداوی ئەنفال و کیمیاباران، لەنێو هەرگەلێکی دونیادا بوایە، ئێستا پێشەنگی پەروەردەی رامیاری بون، بەڵام لەنێو ئێمەی نابیرکارەوەدا، ئەو روداوە بەسەرماندا تێپەڕی و شەڕی ناوخۆی وەک ئاگرێک خستە گەردنمان، لەنێو روداوەکانی شەڕی ناوخۆشدا، خیانەتی ٣١ ئابی ١٩٩٦، بێزراوترینە، لەپاش ئەوەی بەتەنها ٢١ ساڵ بەسەر ئەو خیانەتەدا تێپەڕی بوو، ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، خیانەتێکی دیکەو بەتەوێڵی حیزبییاندا هەڵیانواسی کاتێکیش دەگەینە نێو یادەوەری ئەو رۆژە مێژوویانە، دوو سوپای حیزبی تەشهیرکاری تەخوینکاری جنێوکار، لەسەنگەری بەرگری و هێرشکاریدان، بەبێ بیرکردنەوە، یەکتر بریندار دەکەن، بەبێ وویستی خۆیان و بەوویستی سەروی خۆیان، ژیانی تاکەکانی نێو کۆمەڵگا دەپەشێوێنن و نائارامی و ناڕێکی دەخەنە نێو دەرونی ئێمەوە.
ئەمەش لەکاتێکدایە کە دەکرێت، ئەوانیش بچنە نێو بەرەی سێهەم و دەستبەرداری ئەو هەموو تێکشکاندنەی دەرونی تاک بەتاکی کۆمەڵگا ببن، دەکرێت ببنەوە بەبەشێک رێکخستنەوەی ژیانی کۆمەڵگا، دەکرێت ئەوانیش بەبێ دەنگبونیان، بەشێکبن لەدادگایکارانی ئەو رۆژە ناشیرینانەی مێژووی ناشیرینی خیانەتکاری، بە وەستاندنی چەکی دەمیان جنێوکاری و تەشهیرکاری، گوێ بگرن و رێگا بەلێبکۆڵینەوەو لێتێژینەوە بدەن، ئەو هەموو ژاوە ژاوو هەڵایە رابگرن، بەرلەوەی خیانەتێکی دیکە روبدات، بچنە دەرەوەی ووێنا حیزبییەکان و دەرس لە دوو خیانەتەکەی دیکە وەربگرن و بەر بەخیانەتێکی دیکە بگرن، ئەو بەرگرتنەش تەنها بێدەنگی ئەو کەسانە دروستی دەکات کە لەنێو دونیایی جنێوکاری حیزبدا سەنگەرییان لەوی دیکەیان گرتوەو راڤەو جوانکاری، بۆ خیانەتی حیزبییان دەکەن و بەهەڵاو ژاوە ژاوو، گەرەکیانە لێتێژینەوەی راستی روداوەکان پەردەپۆش بکەن و چاوی گشتی لەسەر راستی لاببەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×