کۆرناو وەستاندنی خوێندن‌و کردنی بەئۆنلاین

زمناکۆ ئیسماعیل
  2020-03-01     1044

 

بەهۆی بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا (covid - 19)، بڕیاری داخستنی خوێندنگاکان لەزۆرێک لەووڵاتانی جیهان،  بەشێوەیەکی کاتی خرایە بواری جێبەجێکردن، بەمەبەستی پارستنی خوێندکاران لەو ڤایرۆسە، لەهەرێمی کوردستانیش هەمان رێگا هەڵبژێردرا، دەرگای خوێندنگاکان بەشێوەیەکی کاتی داخراو خوێندن راگیرا، ئەمە کارێکی باش و دروستە کە بەبەستی رێگریکردن لە تەشەنەنەکردنی ئەو ڤایرۆسە جێبەجێکرا، بەڵام دەکرێت رێگای دیکە بۆ خوێندنی خوێندکاران بگیرێتەبەر، بەوپێیەی ئەو ڤایرۆسە هەتا ئێستا ڤاکسینی بۆ نەدۆزراوەتەوە، رەنگە ماوەی مانەوەی ئەو ڤایرۆسە، بۆ کۆتاییەکانی مانگی چوارو هەتا ناوەڕاستی مانگی پێنجیش درێژە بخایەنێت، لەوڕانگەیەوە دەبێت وەک ووڵاتانی پێشکەوتوو، بیر لەڕێگای (خوێندنی ئۆنلاین)، بکرێتەوە، بەتایبەت بۆ هەرسێ پۆلەکانی (شەش و نۆ و دوانزە)، کە تاقیکردنەوەی نیشتیمانین (بەکەلۆرییان) لەپێشە.
بەلاتانەوە سەیر نەبێت، لە ١٥ی یەنایەر حکومەتی چین مەترسی بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای راگەیاند، سەرەتا شاری هۆهان و پاشتر سەرجەم ووڵاتی چین، خوێندنی ووڵاتیان لەسەرەتاییەوە هەتا زانکۆکانیش کرد بە خوێندنی (ئۆنلاین)، خوێندکار لەماڵەکەی خۆی دادەنیشێت و مامۆستاکان لەڕێگای ئۆنلاین وانەیان پێ دەڵێتەوە، رەنگە بگۆترێت چێن پێشکەوتوەو کارەباوو ئینتەرنێت و ئامێرەکانی پێشکەوتنیان بۆ دابینکراوە، بەڵام ئەگەر خوێندن بەئۆنلاین بەڕێنەکرێت، دەبێت ئەمساڵی خوێندن و ساڵی داهاتوو نزیک یەک بکرێتەوە، سێ مانگی پشوی خوێندکارو مامۆستایان بکرێتە وەرزی خوێندن، (ئەم روداوە لەسەردەمی خوێندنی ئێمە لەدوای راکردنەکەی ١٩٩١ رویدا، کە سێ مانگی پشوو بکرێتە خوێندن، بەڵام بۆ ئەو کات ئەنجامی نەبوو، لەمانگی یەکەمی درێژکردنەوەی خوێندن ئەمە وەستێندرا، لەبەرئەوە خوێندنی ئەو ساڵە بەشێوەیەکی خراپ تێپەڕی بەسەر خوێندکارو مامۆستادا)، چەند رۆژێکیش لەمەوبەرو کاتێک ئەمریکا رایگەیاند کە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەووڵاتەکەیاندا هەیە، لای خۆیەوە دکتۆرە نانسی میسیۆنەو بەڕێوەبەری ناوەندی کۆنترۆڵی نەخۆشییە خێراکان، لە وولایەتە یەکگرتوەکان رایگەیاند "لەئەگەری کۆنتڕۆڵنەکردنی ئەو ڤایرۆسە، دەتوانین خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی بکەین بە ئۆنلاین"، لەچەند ناوچەیەکی ژاپۆن و کۆریای باشور، کەمەترسی تەشەنەکردنی ئەو ڤایرۆسە هەیە، خوێندنکراوە بە ئۆنلاین.
ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان، دەتوانین ئەم ئەزمونە بۆ خوێندنکارانی (شەش و نۆ و دوانزە)، تاقیبکەینەوەو بۆ ماوەیەکی کاتی بیخەینە بواری جێبەجێکردن، هەتا ئەو خوێندکارانە لە پەیڕەوی خوێندن دوانەکەون، چونکە تا ئێستاو بەپێی هەواڵی میدیا گەورەکانی جیهان، پێکوتە (ڤاکسین)،ی کۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە، لەئەگەری دۆزینەوەشیدا رەنگە درەنگتر بگات بەدەستی ئێمەی کورد، لەچاو هەندێک ووڵاتی خاوەن ئابوری بەهێزی جیهان، لێرەشدا سێ رێگامان دێتە بەردەم، یان دەبێت دەرگای خوێندن بکرێتەوەو مەترسی ڤایرۆسی کۆرۆنای وەلا بنرێت لەپێناوی دوانەکەوتنی خوێندکار لەخوێندن، یاخود دەبێت فشاری زۆر بخرێتە سەر خوێندکارو مامۆستا، لەمانگەکانی پشوی هاویندا قەرەبوی نەخوێندنی ئەم چەند مانگە بکرێتەوە، لەوڕوانگەشەوە ئەم رێگایە زەرەر لە خوێندکارانی تاقیکردنەوەی نیشتیمانی ئەدات، یاخود دەبێت خوێندن بکرێت بە ئۆنلاین، بەو مەرجەی ئاسانکاری بۆ خوێندکار بکرێت، هەتا ئەم دۆخەی ئێستا تێدەپەڕێنین.
ئەگەر ئەم رێگایە بۆ خوێندنی پۆلەکانی شەش و سێ و دوانزە بەئەنجام بوو، ئەوا دەتوانین بەسەر زانکۆو پەیمانگاو یەکەکانی دیکەی خوێندندا پەخشی بکەین و ئەوانیش خوێندنیان بکەن بەئۆنلاین، هەتا ئەو کاتەی کە مەترسی بڵاو بونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای (covid-19)، نامێنێت.

ئا: زمناکۆ ئیسماعیل


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×