زیاتر تووندی مەکەن با نەپچڕێت!
عهتا قهرهداغی
2021-03-14   1251
کورد دەڵێت هەموو شتێک لە باریکی دەپچڕێت بەڵام زەبرو
زەنگ لە ئەستووری. لەپاڵ ئەم پەندە کوردیەدا دەڵێین لەوە زیاتر تووندی مەکەن با
نەپچڕێت. ئەم قسەیەمان ئاراستەی سەرکەدایەتی پارتی و یەکێتی و بە تایبەت تریش
ئاراستەی سەرۆکی پارتی و هاوسەرۆکانی یەکێتی دەکەین، چونکە دڵنیام لای پارتی لە
دوای کاک مەسعود کەس خاوەنی بڕیاری چارەنووسساز نیەو، لەناو یەکێتی ئێستاش بێجگە
لە هاوسەرۆکان کەس خاوەنی هیچ بڕیارێک نیە. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم سێ بەڕێزە
لە ئێستادا بەرپرسیارن لەهەر رووداوێکی نەخوازراو یان هەر کارەساتێک کە بەسەر
میللەتەکەمان بێت. هەموومان دەزانین بارودۆخی باشووری کورستان پەیوەستە بە پارتی و
یەکێتیەوە. ئەگەر ئەم دوو لایەنە کۆک و تەبا بن، ئەوا سەرباری فشاری عێراق و دەرەوەو
سەرباری کێشەی ئابوری و سەرباری گەندەڵی، هێشتا هەرێـمی کوردستان لەبەردەم
مەترسیدا نابێت، چونکە گومانی تێدانیە کە چارەنووسی هەرێمی کوردستان راست و دروست پەیوەستە بە
پەیوەندی پارتی و یەکێتیەوە. لێرەدا مەبەستی من ئەوە نیە کە رۆڵی پارتەکانی تر کەم
نادیدە بگرم، ئەگەرچی رۆڵ و کاریگەرییەکی ئەوتۆیان نیە. واتە مەبەست ئەوەیە،
ئەوانی تر هەرچۆن ناتوانن رۆڵیان هەبێت لە دروستکردنی گۆڕانکاری لە کوردستاندا،
ناشتوانن هیچ قورسیەک لەسەر ئەم دوو پارتە سەرەکیە دابنێن و رەوشەکە بە
ئاراستەیەکی ئەرێنی ئاراستە بکەن.
من پێموایە سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی ئەگەر کەمێک بە
لۆجیکی عەقڵ بیربکەنەوە، ئەوا هەریەکەیان ئەوە لەخۆیان دەپرسن: ئایا زیاتر
خراپکردنی پەیوەندی نێوانیان لە بەرژەوەندی خۆیان و میللەتیشە، یان بە پێچەوانەوە
هەر زیاتر خراپکردنێکی پەیوەندی نێوانیان دەبێتە گەورەترین مەترسی بۆ سەرچارەنووسی
ئەم دەسەڵاتە کە دیسان دەسەڵاتی راستەقینەی ئەم دوو پارتەیەو هەڵبەت بەرپرسیشن لە
هەموو کەمووکورتیەکانی و لە چارەنووسیشی. لێرەدا پێمباشە هەندێ خاڵ بیری هەردوو لا
بخەمەوە بۆ ئەوەی هیچیان پێیان وانەبێت کە بێ کەموکورتین و هەموو کەموکورتیەکان لە
ئەستۆی لاکەی تریانە.
هەقە سەرکردایەتی یەکێتی و پارتی هیچ کامیان ئەویتریان
بە ناپاکی نەتەوەیی و نیستیمانی تاوانبار نەکەن، هەقە ئەم دوو پارتە هیچ کامیان
ئەویتریان بە دەست تێکەڵاوکردنی داگیرکەرانی کوردستان تاوانبار نەکات، هەقە یەکێتی
و پارتی هیچ کامیان ئەویتریان بە دوژمنایەتی کردنی کوردی بەشەکانی ترو
رادەستکردنەوەی کەسانی داواکراو بە داگیرکەرانی تری کوردستان تاوانبار نەکات، هەقە
یەکێتی و پارتی هیچ کامیان یەکتری بە گەندەڵی و بە دزی و بە تیرۆرکردنی
رۆژنامەنووسان و چالاکەوانان و پیاوانی دیاری وەکو عەلی بۆسکانی و دکتۆر محەمەد
قەرەداخی و شێخ ستار چەندین کەسی تر تاوانبار نەکەن، هەقە یەکێتی و پارتی هیچ
کامیان ئەویتریان بە نادیموکراسی تاوانبار نەکەن، چونکە هەردوولایان
لەو رووانەوە وەکو یەک تاوان و گوناهیان بەردەکەوێت. هەقە یەکێتی و پارتی هیچ کامیان ئەویتریان بە
حیزبی بنەماڵە تاوانبار نەکات چونکە پارتی حیزبی ماڵی بارزانیەو یەکێتیش حیزبی
ماڵی مام جەلال و شێخ جەنگی و برایم ئەحمدەو هەردوو لاش بە رووکەش مەدەنی و
لەگەوهەردا داخراو و ناسەردەمین. بۆیە هەقە واقیعی بن و هیچیان موزایەدەی سیاسی
بۆش و بێگەوهەر بەرامبەر بەویتریان نەکەن.
نزیکەی ساڵێک و سێ مانگ بەسەر کۆنگرەی یەکێتیدا
تێپەڕیوە. ئەم حیزبە وەکو هەر حیزبێکی تر مافی خۆیەتی کاروبارەکانی ناوخۆی چۆن رێکبخات
و بەڕێوەدەبات. لەم رووەوە یەکێتی کۆنگرەی کردووەو سەرۆکی بۆ خۆی هەڵبژاردووە.
گریمان ئەو سەرۆکە هەڵبژێردراوە پێشتر هەڵەی ستراتیژی گەورەشی بەرامبەر بە
میللەتەکەی کردبێت، ئێستا ئەو حیزبە پێگەیەکی دیاری هەیە لە کوردستانداو
پێکهێنەرێکی سەرەکی حکومەتی هەرێمە، حکومەتەکەش بەری ماندووبوون و خوێن و خەبات و
رەنجی دوورودرێژی هەموو میللەتە. ناکۆکی یەکێتی و پارتی دەبێتە هۆی لاوازی
حکومەتەکەو دەیخاتە بەردەم مەترسیەوە. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەو ناکۆکیەش لە
ئێستادا، داننەنانی سەرۆکی پارتیە بەم هاوسەرۆکە نوێیەی یەکێتیدا. ئەگەر کاک
مەسعود دەیەوێت ناکۆکیەکانی نێوان یەکێتی و پارتی لەوەی ئیستا زیاتر نەبێت و ئەو
چەلەحانێ و شەڕەجنێوەی سۆشیال میدیاو ناو ماڵپەڕو رۆژنامەکان بەردەوام نەبێت کە بێ
ئیتیکەکانی ناو یەکێتی و پارتی و بەکرێگیراوەکانی هەردوولا ئەنجامی دەدەن و دەشێ
ببێتە هۆی لێکترازانی تەواوەتی باشوری کوردستان، ئەوا نەک دەبێت بەڵکو دەبوو هەر
زوو لە رۆژانی یەکەمی دوای کۆنگرەی یەکێتیدا کاک مەسعود پیرۆزبایی کۆنگرەی لە یەکێتی
و لە هاوسەرۆکە هەڵبژێردراوەکانی بکردایەو لاپەڕەی کۆی رووداوەکانی پێش کۆنگرەی
یەکێتی بپێچایەتەوەو پێش هەموو کەس پێشوازی لەهەردوو هاوسەرۆکە گەنجەکەی یەکێتی
بکردایەو بەرنامەی کۆتاییپێهێنانی ناکۆکی مێژوویی جەلالی و مەلایی لەگەڵ دابنانایەو
نەخشەی بۆ یەکێتی و یەکبوونی زیاتر دابنایە.
بەیاننامەکەی بارەگای بارزانی لەسەر دانانی مەرج و بەند بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ
لاهور شێخ جەنگی زۆر ناواقیعیە، ئەگەر ئامانجمان یەکخستنی ناو ماڵی کورد بێت.
سەدام حسەین کوردستانی وێرانکرد، کیمایی بەکارهێنا، ئەنفالی کردو تەنانەت هەشت
هەزار بارزانی زیندەبەچاڵ کرد، ساڵی نەوەدو یەک، کاک مەسعود چووە بەغدا بۆ گفتوگۆو
رێکەوتن لەگەڵ ئەو جەلادەداو دواتریش لە گفتوگۆیەکدا خۆی گووتی لە پێناوی
بەرژەوەندی میللەتەکەماندا من چوومە بەغدا. گریمان ئەم هاوسەرۆکەی یەکێتی گوناهێکی
هەیە لە بەدەستەوەدانی کەرکوک لە دوای ریفراندۆم، بەڵام ئایا هەموو گوناهەکە لە
ئەستۆی ئەم پیاوەیە کە ئەو کاتە نەک هاوسەرۆکی یەکێتی نەبووە، بەڵکو ئەندامی
سەرکردایەتی یەکێتیش نەبووە. ئەگەر رقی کاک مەسعود لەبەر ئەو قسە نابەجێیانەیە کە
لە تەلەفیزۆنەوە بەرامبەر بە مەلا مستەفای بارزانی کران، ئەوە ئەم هاوسەرۆکە نەبووکە
ئەو قسانەی کرد. بۆیە لە روانگەی بەرژەوەندی میللەتەوە هیچ پاساوێک نیە بۆ
رەتکردنەوەی کۆبوونەوە لە لایەن کاک مەسعودەوە. هەڵبەت مانەوەی بارودۆخەکە لەم
قۆناغە پڕ لە قەیرانەدا، دەشێت سەربکێشێت بۆ زیاتر ئاڵۆزکردنی بارودۆخەکە، واتە
مەترسیەکە ئەوەیە کە زیاتر راکێشانی داوی ئاڵۆزیەکان دەشێ ببێتە هۆی پچڕاندنی ئەو
داوەو پاشان گرێدانەوەی ئەستەم دەبێت، کە ئەوەش هەڕەشەی یەکەمە لەسەر چارەنووسی
هەرێمی کوردستان. بۆیە ئەگەر من لە شوێنی کاک مەسعود بارزانی بم، نەک کۆبوونەوە
رەتناکەمەوە، بەڵکو من دێمە سلێمانی و یەکەمجار لەگەڵ لاهور شێخ چەنگی و پاشانیش
لەگەڵ هەموو سەرکردایەتی نوێی یەکێتی کۆدەبمەوە. هەقە کاک مەسعود هەرچۆن لە یادی
دامەزراندنی یەکێتیدا کوڕەکانی مام جەلالی بە برازای خۆی ناوبرد، خاسێتی برازا بە
هاوسەرۆک و کۆی سەرکردایەتی یەکێتی ببەخشێت لە پێناوی زیاتر لێكنزیکبوونەوەو
دروستکردنی یەکێتی و یەکبووندا کە تەنیا تەبایی و یەکێتی و یەکبوون زەمانەتی
پاراستنی دەستکەوتەکانی کورد دەکات، هەرچەندە دەستکەوتەکان پڕکەموکورتین، بەڵام لە
دەستچوونیان کارەسات و ماڵوێرانی زیاتر لە کارەسات و ماڵوێرانی قۆناغی نێوان
ئەنفال و راپەڕین بەدوای خۆیدا دەهێنێت. ئێستا لۆجیکی عەقڵ داوای کۆبوونەوەو
ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکەتان لێدەکات. ئایا چی دەکەن؟ گوێ لە عەقڵ دەگرن یان پەیڕەوی
کاریگەری رق و کینە دەکەن؟ کە ئەوەش لە چوارچێوەی عەقڵی سیاسیدا جێگای نابێتەوە.