ئیتر هەموو ئیش و نوسینێکی فەلسەفیم ڕائەگرم بە زمانی کوردی هەتا نیشتەجێبوونەوەم لە هەرێمی کوردستان ، کە لە ٢٠٢١/٢٠١٣ وە لە ئارادایە و رێگەی لێگیراوە. لە ئەمڕۆ بەدواوە تەنها لەسەر ئەو بابەتە دەنووسم و هیچیتر.
گەورەترین گەندەڵی ئەوەیە لەپاش ڕاپەڕینەوە هەندێکمان لەسەر سینی زێڕین گەڕاندۆتەوە بۆ کوردستان ( ژن و پیاو) و لە جێگە و مەقامی زۆر باش دانراوون و هەموو یارمەتیەکی مادی و مەعنەوی ( بەتایبەتی یارمەتی مەعنەوی کە زۆرگرنگە) کراوون بۆ سەرکەوتنیان و پڕ بەرهەمبوونیان لە کاتێکدا زۆربەیان بە تەرخانکردن و پێدانی بودجەی زۆر و پۆستی بەرز و پرۆپاگەندەی زۆر توانایان بۆ 'دروست دەکرێت' و بەهای فلسێک سوود ناگەیەنن بە کورد-ستان. بەڵآم لە هەمانکاتدا هەندێکیترمان کە دڵسۆزین و بەتواناین و کەمینەیەکین هەموو ڕێگەیەکمان لێ دەگیرێت بەوپەڕی ناحەقیەوە بۆ بچوکترین و کەمترین مافی خۆمان، بەوجۆرە دوور دەخرێینەوە لە کوردستان.
خۆ هیچ پێویست ناکات باسی ئەو هەموو ژنە بکەم کە وەکو پێشمەرگەی دێرین خانەنشین کراوون و نە بە موالید و نە بە ئەزموون؛ پێشمەرگبوون و دێرین بوون نایانگرێتەوە!
خۆ هیج پێویست ناکات باسی ئەوە بکەم لە ئێستای کوردستانی باشووردا زۆرینەی هەرە زۆری بزووتنەوەی ڕۆشنبیری و خەباتکردن بریتیە لە هەر کەس بۆ خۆی و خێزانی خۆی و بنەماڵەی خۆی و ژنی خۆی و دایکی خۆی و خوشکی خۆی و کچی خۆی و حیزبی خۆی و ڕەفیق و ناسیاوەکانی خۆی، لەوانەش گرنگتر خزمەتکردن و بەجێهێنانی فەرمانەکانی کابراکەی بودجەبەخشی سەرباڵی خۆی وکۆکردنەوەی جەنگاوەر و وتار نوسین لە پێناوی سەرکەوتنی کابراکەی سەرباڵی خۆی.
نوسینە فەلسەفیەکانم کە ڕامگرتوون بە زمانی کوردی بریتی بوون لە چوار کتێبی فەلسەفی نوێ، دووانیان هیچی وای نەمابوو ئامادە بن بۆ بڵاوکردنەوە. من لەو کەسانە نیم هەم شەڕی مانەوە و جێگیربوونەوەم لە کوردستان بکەم و هەم تیۆرایزەکردنی فەلسەفی بکەم، هەر یەکێکیان دەتوانم بکەم.
چاوەڕێی سەرکەوتن ناکەم، نە حیزبیم و نە خاوەنی هێزی چەکدارم، نە لە کوردستانی باشووردا جێندەرناس و خەباتی جێندەریی جوامێرانە زۆرە و نە خەباتی ژن لە دەرەوەی خزمەتی حیزبی و خزمەتی خێزانی خۆیاندا زۆرە، نە ڕۆشنبیری جوامێر زۆرە و نە بزووتنەوەی ڕۆشنبیریی لە دەرەوەی خزمەتی حیزبی و خزمەتی خێزانی خۆیاندا زۆرە. خۆ چاوەڕێی جوامێریی هاوڕێ پێشمەرگە دێرینەکان هەر مەکە ئەوان بە زۆرینە خالق و دروستکەری خەباتکردنی دوای ڕاپەڕینن لەسەر بنەمای هەرکەس بۆ گیرفانی خۆی و خێزانی خۆی و ژنی خۆی و خوشکی خۆی و کچی خۆی.
بەڵکوو ئەمەئ کە ئیتر ناچارم بیکەم لەو زەمینە بێ پشتیوانیەدا وەکو خۆتەقاندنەوە دەبینم، بەڵام پاش ٩ ساڵ لە هەوڵدان ناچارکراووم ئیتر ئەمە یەکلا بکەمەوە و چیتر کاریگەریی دەروونیی زیاتر نەخاتە سەر ژیان و پرۆژە و تەندروستی و بیرکردنەوەم. هەروەک لە پۆستی پێشوترمدا نوسیم: "گەورەترین ناعەدالەتی ئەوەیە ناچار بکرێیت شەڕ بکەیت بۆ ئەوەی غەدرت لێنەکرێت" .
من پێش فەلسەفە، پێشینە و ئەزموونی سیاسیکاری و جەنگاوەریی/پێشمەرگایەتیم هەیە، دەزانم کام جۆری شەڕ لە چ زەمینەیەکدا ئیحتیمالی بردنەوەی هەیە، سوور دەزانم کە ئەم شەڕە شەڕی بردنەوە نیە لەو زەمینەیەدا کە بەڕوونی دەیبینم و دەرمخستوە لەم نوسینەمدا؛ زەمینەی نەبوونی پشتگیری و جوامێریی چ لەلایەن ژنان و جێندەریستەکانەوە، چ لەلایەن ڕۆشنبیرانەوە، چ لەلایەن خەباتکار و شۆڕشگیر و سیاسیکارانەوە.
٢٦-٧-٢٠٢١