هەموو ئەو چەند هەزار پیاوانەی کە پێشمەرگەی دێرین و بوون و دەمناسن لە بەرەی (یەکیەتی و گۆڕان و سەربەخۆ و ناڕازیی و ڕازی) و نوتق نادەن وهیچیان نەکرد لەم بەزمە ناڕەوایەی کە بەرامبەرم کرا و ماوەی ٩ ساڵی ڕەبەق دەستی دەستیان پێکردم و منیان هێنا و بردە لای زۆر کەس و منیان پێ ئەشکەنجە دا، تا ئەو ڕادەیەی کاریگەری کردە سەر مێشک وبیرکردنەوەم و توانای نوسین و شرۆڤەکردنی فەلسەفییان تیا کوشتم.
پاش ٩ ساڵی دەستی دەستی و ئیهانە کردن و کەرامەت شکاندن و ئەشکەنجە و ئازاری دەروونی، هێشتا هەر نوتق نادەن، بەڵکوو تەنها لەزەت لە تەماشاکردنی بەدکاری دەبینن و تەماشای ئەوە دەکەن تا چەند برینداریان کردووم و چۆن خوێنم لێ دەتکێ. ئەوانەتان کە پ م ی دێرینن و مەردن و جوامێرن و بەویژدانن و پیاون، بفەرموون بە نامە و بە تەلەفۆن بە کاک ئومید سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بڵێن کە پێشمەرگە بوونم "بێ بنەما" نیە.
کەس نەڵێت خەتای خۆی بووە، پاساو بهێنیتەوە، لەبری ئەوە فێربن هەڵە و غەدر ڕاستبکەنەوە و بڵێن 'ببورە'، فێربن کەیسەکانی نادادپەروەری جێندەریی ببینن، ئەو کەیسانە ببینن کە کوشتن و لێدانی لەش نین و لە نێوان ژن و مێردا نین و بەدزیەوە لە نێوان دوو حەزلێکردندا نین. بەڵکوو نادادپەروەری جێندەریی سیستماتکی و نادادپەروەری جێندەریی ناو یاساکانن.
لەبری ئەوەی پاساوی یاسایی بدۆزنەوە، تەماشای یاساکانتان بکەن چەند نادادپەروەرە بەرامبەر پرسی جێندەر و چەند کوێرە لە ئاستی ناسینەوەی غەدری جێندەریی دا.
ڕاستکردنەوەی ئەم غەدرەی لەمنتان کردووە، بەشێکە لە ڕاستکردنەوەی نادادپەروەری جێندەریی، هەروەهاش بەشێکە لە لابردنی گەندەڵی.
گەندەڵیکردن بریتیە لە بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ خراپەکاری و سوودی شەخسی؛ بێگومان ئەوە کردنی ناحەقیشە بەرامبەر بەو کەیسانەی کە سوودی شەخسیی تیا نەبووە بۆ لایەنی پەیوەندیداری خراپەکار/ گەندەڵکار.
خەتای منی تیا نیە، ئەگەر تیایەتی راستی بکەنەوە، لە کوێدا هەڵەی منی تیایە ، فەرموون هەر بە منیش مەڵێن خۆتان ڕاستی بکەنەوە وەکو هاوڕێی خۆتان. دەیان ساڵە پیاوە هاوڕێکانتان ڕیز کردوە لیست لە دوای لیست، بە هەزارانتان نارد بە رێزەوە بێ ئەوەی ماندویان بکەن، من کە ژن و جەنگاوەری پێشمەرگە و کادر و دانەبڕاو بووم لە خەباتکردن هەتا دوو ساڵیش لەدوای ڕاپەڕین، یەک کەستان ویژدانی نەجوڵا ولەناوتاندا نەبوو بڵێت لەناو ئەو هەزاران پیاوەدا با ئەم خوشکە پێشمەرگەیەی ئێمەشی تیا بێت؟
لە ٢٠١٣ لەبەر ئەوەی خۆتان نەتانکرد، من خۆم داوام کرد و بەڕێز ملازم عومەر لەگەڵ دوو پیاودا ناردمی بۆ لای لیپرسراوی مەڵبەند و حاکمی شار حاکم قادر ،کە چومە لای لەبری ئەوەی ڕێزم لێبگرێت، دەریکردم . وتی بیبەن! بیبەن! هیچ گوێێ لەو دووپیاوەش نەدەگرت کە لەگەڵم نێررابوون، توڕە بووبوو دەیوت :با بڕوات، با بڕوات، فایلەکەی هەڵدایەوە بۆ دوو پیاوەکە و من لەبەر دەمیا وەستابووم هەر قسەشی لەگەڵ نەدەکردم، وتی: بیبەن، بیبەن، با بڕوات بۆ کۆمەڵەی پ م دێرینەکان ئێمە ناوی ژن ناخەیەنە لیستەوە. منی خستە دەستی کۆمەڵەی پ م دێرینەکان، لەوێ دوو جار فایلەکەیان فڕێ دام و هێنان و بردن و دیسان هەر ئەو ساڵە لەگەڵ شێرکۆی شێخ نوری چوینە لای جەمیل هەورامی و دەستمان پێکردەوە.
لە ٢٠١٣ وە هەموو شتێکی بە پرۆسە دوورودرێژە بێکەڵکە یاساییەکەی تەواو کراوە بە سوێندە یاسیایەکەشیەوە بە پێی یاسای ئەو ساڵە، جگە لەوەی هەرئەو ساڵە وەکالەتم بۆ ئەفسەرێکی هێزەکانی ٧٠ کردەوە بەڵام ئەویش فایلەکەمی فڕێ دابوو. ئەو کات خوێندنی دکتۆراکەم بوو بۆیە وەکالەتم کردەوە. خۆم لە ٢٠١٣وە بە بەردەوامی زۆرم هەوڵداوە، کەمتەرخەمیم نەکردوە، لەوساوە بۆ سەدان کەستان کرد، بە دەیان لیستی خانەنشینتان ڕەوانە کرد جگە لەوەی من.
من 'ژنی شاخ 'نیم، لە ئاستی سەرکردایەتیەکەتان بووم لە شاخ ، مام جەلال و کاک نەوشیروانی لێ دەرچێت و یەک و دوویتر، بەڵام سەرکردایەتی ولێپرسراویی مەڵبەند و سەرتیپی و ئامر مەفرەزەیی و هتد ، هەر پلەیەکی گرنگ لە شاخ تەنها بۆ پیاوان بوو ئەوکات.
جگە لە پێشمەرگە بوونم مامۆستای زانکۆ بووم لە کوردستان لە هەردوکیدا مافی خانەنشینیم هەیە.
ئێمەی ژن جیاوازین و توانای جیاوازمان هەیە و ئیشی جیاواز دەکەین، هەموومان تێکەڵ مەکەن وەکو ڕانە مەڕ. ئەو تێکەڵکردنە و مۆڵکردنەی ژن وەکو ڕانە مەڕ بەشێکی گرنگی نادادپەروەری جێندەرییە، ئەو نادادپەروەریە جێندەرییە ڕێگەگرە لەوەی توانای جیاواز و کرداری جیاواز و ئیشکردنی جیاوازمان ببینن. هەروەکو چۆن نادادپەروەری جێندەریی پاڵپشتە بۆئەوەی یاسایەکی کوێرانە دابنرێت بێ ڕەچاوکردنی جێندەر. هەروەکو چۆن کاتێک سکاڵایەکی جێندەری دەخرێتە بەردەستی ئەنجومەنی وەزیران ئاسانە ڕەفزکردنی لەبری چاککردنی و لابردنی غەدر و ناحەقیەکە.
پاش ئەوەی وەکو سکاڵای نادادپەروەری جێندەری ئەوا نزیکەی ساڵێکە لای تیمی یەکیەتیە لە ئەنجومەنی وەزیران، ئێستا واتان لێکردووم، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران پێم بڵێن ڕەفزمان کردوە چونکە بنەمای نیە پێشمەرگایەتیەکەی!
ئەمە تەنها شەڕی نادادپەروەری جێندەریی نیە، ئەمە تەنها شەڕی موچەی پیر بوونم نیە، ئەمە تەنها شەڕی مافی نیشتەجیبوونەوەم نیە. بەڵکوو ئەمە شەڕی ڕاستکردنەوەیە، ڕاستکردنەوەی گەندەڵی. شەڕی ئەو کەرامەت شکاندنەیە کە کردتان بەرامبەرم، کەرامەتتان شکاندووم و ئامادەم سەری تیا دانێم.کەسێک نەتوانێت لەسەر کەرامەتی خۆی بێتە دەنگ، ناتوانێت لەسەر کەرامەتی گەلەکەشی بیتە دەنگ.
بەڵێ من بە تەنها موچەی پیربوونم- لە پێکهاتەی خانەنشینی پێشمەرگایەتی و خانەنشینی مامۆستایی زانکۆییم پێویست نیە، بە تەنها جێگیربوونەم لەکوردستان پێویست نیە، بە تەنها لابردنی نادادپەروەری جێندەرییم پێویست نیە بەرامبەرم، بەڵکوو لەگەڵیدا ڕێزلێگرتنم پێویستە، ڕاستکردنەوەی غەدر و ناحەقیم پێوستە، گەڕاندنەوەی کەرامەتم پێویستە.
کەسیش گلەییم لێ نەکات بڵێن کاتێکی خراپە، هەموو ٩ ساڵی هێنان و بردن کاتی خراپ بوون و یەک دەقە بۆ ئیمزا کردنی نەبوو؟ نزیکەی یەک ساڵی ڕەبەقە وەکو سکاڵا لە ئەنجومەنی وەزیرانە، دیسان یەک دەقە بۆ ئیمزاکردنی نەبوو، هەموو ساڵەکە هەر کاتی خراپ بوون؟من کاتم هەڵنەبژاردوە، بەڵکوو ئێوەن لە هیچ کاتێکدا لە ماوەی٣٠ ساڵی دوای ڕاپەڕین نەتانکردوە. بە پێچەوانەوە من وای دەبینم کە ئێستا کاتیەتی کۆتایی بەم ٩ ساڵ غەدر و دەستی دەستیکردنە بهێنرێت، چونکە ئێستا گەندەڵی ڕاست دەکەنەوە، ئەو ناحەقی و غەدرەی کە لە من کراوە بەشێکە لەو گەندەڵیەی کە هەبووە، سوودی شەخسی ( چ سێکسکردن و چ بەرتیل و شیرینی وەرگرتن ، چ شەقام و کۆڵان و پرد و بینا بەناوکردن، یان دەستیاوی من ئەوە بۆ ژن و خوشک و کچ و خێزانی تۆ دەکەم و تۆش ئەوە بۆ ژنی من و خوشک و کچ و خێزانی من بکە) تیا نەبووە بۆ لایەنی جێبەجێکار ؛ بۆیە نەکراوە.