برسییەکی جیهانی سێکس لەسەر شانۆی سیاسەت

خالد سلێمان
  2021-10-26     1619
جەلال پەرێشان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، پەرێشانێکی نێرایەتی سیاسییە، لەبیرکراوێکی جیهانی کپکراوی سێکسەو پارتێکی سیاسی دەیخاتە سەر شانۆی سیاسەت. مەسەلەکە هەر ئەوە نیە کە ئەم نێرە-پەرلەمانتارە بەرگریکارێکی سەرسەختە لە پارتی، بەڵکو سیمایەکی ناو سیاسەتە لە کوردستاندا کە تا ئەمڕۆ بەدەست بەد-سێکسییەوە دەناڵێنێت.

 بەد-سێکسیش وەک بەدخۆراکی و بەدخەوی و بەدڕەفتارییە، دەرەنجامی ئەو قۆناغانەیە کە کەسێک یان کۆمەڵگەیەک یان پارتێکی سیاسی تیادا نشونما دەکات. لەناو کۆمەڵگەی دوواکەوتوی کوردستاندا، لەبەرئەوەی سێکس عەیبەیەو لەسەر هاوکێشەی لاوازیی بکەرو بدەر دەڕوات، نێرایەتی دەسماڵی خۆی لەو کاتەدا بەرز دەکاتەوە کە سوار دەبێت. ئەمە جەوهەری مەسەلەکەیە، سێکس لای ئەوان بەشێک نیە لە پەیوەندییە مرۆییەکان و تەنها غەریزە نیە، بەڵکو داپڵۆسین و ڕسواکردنی بەرامبەر. 

نووسەری بەناوبانگی ئۆرۆگوایی، کارلۆس لیسکانۆ، لە کتێبی (نووسەرو ئەوانی تر)دا، پەیوەندی نێوان جەلاد و قوربانیی لە کاتی ئەشکەنجەداندا، دەچوێنێت بە هەژموونی نێرایەتی لە فیلمە پۆرنۆکاندا، کە هەژموندار پیاوەو تێربوونی بۆ نیە، ملکەچ کراویش ژنەکەیە. بەڵێ لە ئەشکەنجەداندا، جەللاد ڕۆڵی بکەرەکە دەبینێت و بێ ئەوەی لە ئاکتی ئەشکەنجە تێر بێت هەموو ڕۆژێک دووبارەی دەکاتەوەو قوربانییەکەی ڕسوا دەکات. 

جەلال پەرێشان، لێرەدا ڕۆڵێکی هەمە لایەنەیی دەبینێت: کاراکتەرە مێژووییە کپ-کراوەکەی خۆی دەکاتە ئاکتێکی سیاسی، ئەوەی لە مێژووی جەستەی خۆیدا لێی بێبەش بووە کە سێکسە، لە ڕووبەری گشتیدا تۆڵەی دەکاتەوە، سیاسەتیش زۆرترین بەشە لە ڕووبەری گشتی.پارتێکی سیاسیش لەم <گۆڕاوەدا> بەشدارەو لە جیهانێکی لە بیرکراوەوە ئەو نێرە <مەحروم>ەی خستوەتە سەر سەکۆو بڵندگۆ. 

لەلایەکی ترەوە، جەلال پەرێشان، پێمان دەڵێت کە ئەو نێرێکی وەک ناو فیلمە پۆرنۆکانەو توانای هەیە سوار بێت، تەنانەت سواری هەمووان بێت و تێریش نەبێت. خۆی لە بنەڕەتیشدا، پەڕێشان، برسییەکی ناو جیهانی سێکسە. نێرە سیاسییەکەی کوردستان، کە دەکرێ نموونەی تری وەک ئەو زۆر بن و ڕێککەوت دەری نەخستوون، پێشمان دەڵێت: عەیبدارتان دەکەن، ئابڕووتان دەبەم و دەتانکەمە پەنی زەمانە، ئەوەی بەسیاسەت و ئاسایش و پۆلیش بێدەنگ نەبێت، من بە سواربوون بێدەنگی دەکەم و تا هەتایە سەرشۆڕی دەکەم، چونکە لای ئەو سیاسەت ڕێک وەک ئەو وێنەیەی ئەشکەنجەدانە کە کارلۆس لیسکانۆ باسی دەکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×