لیرەی تورکی دوای شکست وهەڵسانەوەی بەرەو کوێ؟

نەهرۆ ئیبراهیم
  2022-01-03     690

دوای نزیکەی سێ مانگی سەخت لە سەر ئابوری و بەهای لیرەی تورکی ، ئەردۆغان بە راوێژ لەگەڵ چەندین شارەزا و ئابوریناسی تورك ، گەیشتن بە رێگا چارەیەكی پەلە بۆراگرتنی گلۆربوونەوەی بەهای لیرا . بەڵام ئاخۆ ئەم پلانە، چارەسەرێکی بنەرەتی یە یان کاتی یە .ئەوەی راستی بێت ووڵامی ئەم پرسیارە تەنها دوای خوێندنەوەیەك بۆ ئابوری تورکیا روون دەبێتەوە  . بەگشتی بنەمای تێگەیشتن لە ئابوری هەر ووڵاتێ لە رێێ نیشانە ئابوریەکانەوە دەبێت،  نیشانە ئابوری یەکانیش لە لای خۆیانەوە ، کاریگەری تەواویان هەیە  لەسەر بەهای دراوی  ئەو وڵاتە ،،بۆ هەر ماوەیەکی دیاری کراویش ، نیشانە ئابوری یەکان گۆرانکاریان بەسەر دێت و لە گەڵ ئەو گۆرانکاریانەش بازار و بەهای دراوو گۆرانکاری بەخۆیانەوە دەبینن،  بەو پێیەش ، شارەزایانی بواری ئابوری و پسپۆرانی هێڵکاریە ئابوریەکان ، راپۆرت و هێڵکاری تەواو ئامادە دەکەن ودەیکەنە بەردەستی ، کاربەدەست ودامەزراوە ئابوری یەکان و دەسەڵاتداران  . لێرەوە دەسەڵاتی سیاسی کە جڵەوی ئابوری ووڵاتێکی بەدەستە ،لە ژێر رۆشنایی یان لەسەر رۆشنایی ئەو راپۆرتانە کاردانەوە و بریاری گونجاو دەردەکەن . بەڵام ، تا ئەتوانێت خۆی دوور دەگرێت لە بریارەکانی سیاسەتی بانکی وڵاتەکەی خۆی .چونکە دەبێ جۆرە سەربەستیەکی هەبێت و پەنتاییەکی هەبێت تا بەئازادی پلانی ئابوری ناوخۆ و سەقامگیری بازار و بەهای نرخی دراووی ناوخۆیی دارێژێ . نیشانە ئابوریەکان لەچەند پێکهاتەیەك بێكهاتوون وەك رێژەی نرخی سوود،،هەڵاویسان ، رێژەی دەستی کار و بێکاری ، رێژەی جولەی بازاری خانوبەرە وعەقار ، رێژەی فرۆشتنی بەش وبۆرسە و سەنەدات ، کۆی بەرهەمی ناوخۆیی ،،رێژەی بەرهەمی هاوردە ،، نرخی کانزا ... هتد .

سەرەکی ترین پێكهاتەی نیشانە ئابوریەکانی هەر ووڵاتێ ، رێژەی نرخی قانزانجە ،، نرخی سوود  (سوو)  ئەو جیاوازییەیە لە برە پارەی وەرگیراوو بۆ ماوەیەکی دیاریکراوتا کاتی گەراندنەوەی برە پارەکە دیاری دەکرێ .بە واتایەکی تر ئەو برە زیادەیەیە ، لە بری وەرگرتنی برێك پارە بۆ ماوەیەکی دیاریکراوو دیاری دەکرێت .

لە پەنای نرخی قانزانجی دیاریکراوودا ، هەڵاویسانیش پێكهاتەیەکی سەرەکی یە ، راستەوخۆ کار دەکاتە سەربەهای دراووی ووڵات  .هەڵاوێسان ، بەکورتی ئەو دیاردەیەیە کە نرخی شتومەکێ بەرزتر دەبێتەوە بە چەند جارێ لە نرخی پێشووتری لەگەڵ ئەوەی دیاردەی کەمی پارە لەبازاردا نی یە .  لێرەدا هاوکێشەیەکی  ئابوری هەیە کە گەورە ئابوری ناسەکان لەسەری ئیش دەکەن ، ئەو هاوکێشەیەش  بەم جۆرەیە ، بۆ ئەوەی بەهای دراوێك لە نێوەندێكدا بوەستێ و لە بەرزبونەوەو نزمبونەوە بەدوور بێت ، واتا بۆ ئەوەی بەهای دراوێك شێوە جێگیریەك بەخۆیەوە ببینێ دەبێ هاوکێشەیەكی  وەك یەکی، هەڵاوێسان ونرخی سود یان نرخی قانزاج بەیەکەوە ببەستێتەوە . هەر کاتێ هەڵاوێسان بەرزبوو دەبێ بانکی ناوەندی ووڵات نرخی قانزانج بەرز کاتەوە هەر کاتێ هەڵاوێسان کەم بوەوە دەبێ نرخی قانزانج کەم بکرێتەوە ،، ئەم هاوکێشەیە ،، تەواوی ووڵاتانی دنیا لەسەری دەرۆن و کەم تا زۆر پەرەیان پێداوە ، وەلێ هاوکێشەکە بەمانایەکی فراوان هەمان ناوەرۆکی هەیە و بنچینەی سیاسەتی بانکی ناوەندی هەر ووڵاتێك پێكدێنێ .

لەوەتی ئەردۆغان  دەسەڵاتی گرتۆتە دەست ، تورکیا رێرەوێکی تایبەتی بە خۆی هەیە بۆچارەسەری  تەنگوچەڵەمە ئابوری یەکانی ،، سیاسەتی پینە ولێكدان و خۆڵکردنە چاوی خەڵکی ، گرتۆتە بەر ،تورکیا  لەبەر ئەوەی بۆ خۆی خاوەن هیچ کانزایەکی  سروشتی  ئەو تۆ نییە دەوڵەت بۆ درایی خۆی پشتی پێ ببەستێ ، ناچار باچ و شتومەكی نێردراو و گەشت و گوزار سێ پایەی سەرەکی سەرچاوەی  دارایی دەوڵەتن ،، واتا ئەگەر خەڵکی و کۆمپانیاکان باچ نەدەن ، تورکیا نە ئەتوانێ رێگاوبان دروست بکات و نە مەکتەب و خەستەخانەی نوێ ونە فرۆکە خانەی زەبەلاح بکاتەوە . هۆکارێکی تری سستی ئابوری تورکیا ئەگەرێتەوە بۆ ئەوەی 96٪ سەرچاوەکانی وزە لە دەرەوەی ووڵات هاوردە دەکات ، کەوایە بەردەوام پێویستی بە وزە هەیە و بەردەوامیش دەبێ پارەیەکی زۆر بە وزە بدات .ئەم دوو هۆکارە هەمیشە بونەتە خاڵی لاوازی ئابوری دەوڵەتی تورکیا .(هەر بۆیە بچوكترین بری نەوتی بۆریەنەوتەکانی هەرێم گەورەترین هاوکاری دەبێت بۆ ئابوری تورکیا )

ئەردۆغان بۆ ئەوەی خۆڵ بکاتە چاوی دنیاوە بە هاوڵاتیانی تورکیا خۆشی یەوە ، لە شوێنێ قەرزی دەکرد تا بتوانێ لە شوێنێکی ترقەرزەکانی سەر دەوڵەت کەم بکاتەوەو پرۆژەی خزمەتگوزاری پێ دروستبکات ،، بە هاوکاری راگەیاندنی ناوخۆ و چەند ووڵاتێکی عەرەبی وەك قەتەر ،هەڵایەکی گەورەی درۆیینیان بۆ ئابوری تورکیا دروست کرد بە رادەیەك کەس نەبوو باوەری پێنەکات ، ئەو بڵقە ئاوەش بە پەرچووی ئابوری ئەردۆغان ناسرا . بەڵام هەرکەسێ کەمێك شارەزایی ئابوری هەبوایە و گەرانێکی ووردی بکردایە ،راستی یەکانی بۆ دەر ئەکەوت .لەسەروو هەمووشیانەوە ،تورکیا لە کۆتایی ساڵی ٢٠١٣  نزیکەی ٢٨٤ ملیار دۆلار قەرزار بوو، بە چ پێوەرێك لە ساڵی ٢٠١٤ دەدا  قەرزی  سندوقی نیودەوڵەتی دراوی دایەوە .بە کورتی لەبەر ئەوەی قەرزی دەوڵەتی کردە سەر بانکەکانی کەرتی تایبەت بە بری قانزانجێك کە دەوڵەت دەیداتەوە بە کەرتی تایبەت .هەر بۆیە  ئەو کرانەوە ئابوری و جولە دارایی یەی هەموو جیهانی گرتەوە  تورکیاشی گرتەوەو راگەیاندن کردیە بنچینەیەك بۆ هەڵایەکی گەورەتر لە بەرژەوەندی ئەردۆغان ،، بێجگە لەوەش ، ئەردۆغان سودی لەو یارمەتی یەی یەکێتی ئەوروپا وەرگرت (هەر ووڵاتێ کاندیدی هاتنە ناو یەکێتی ئەوروپا بێت ، یارمەتی دەدەن تا ژێرخانی ئابوری و دەزگای هاوشێوەی دەوڵەتەکانی تری هەبێت تا لەسەر پێی خۆی راوەستێ )و بەشێك لە قەرزی  کەڵەکە بووی لەسەر خۆی سوك کرد کە لە ناوخۆ وەریگرتبوو . ئاسان کاری کرد بۆ وەرگرتنی قەرزی پیشەسازی  بچوك و مامناوەند و لە میانی چەند پەیوەندیەکی سیاسی نێودەوڵەتیەوە ئاسانکاری کرد بۆ هاوردەوهە ناردە ی کالای تورکی بەو پێ یەی کە قەرزی سندوقی نێودەوڵەتی  دابوەوە رەزامەندی  بۆ هەندێ ئاسان کاری کرابوو. لە لایەکی ترەوە چەندین بەرەی جەنگی ئامادەکرد لە سوریا ولیبیا وعیراق  و چەندین بنکەی فراوانی ئامادەکرد لە ووڵاتانی کەنداوو سودان ...هتد. لێرە وەك دەوڵەتێك خۆی نیشاندا کە بێ ئەو نەکردەیە کە باس لە چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە بکرێ یان بێ پرسی تورکیا نەکردەیە چارەنوسی ئەو ناوچانە تاوتێبکرێ ، هەر بەو هۆیەوە چەندین جار بۆ قانزاجی خۆی مامەڵەی لەسەر خاك وخەڵکی دەرەوەی تورکیا دەکرد دوور لە هەموو بەها ئەخلاقی و مرۆڤایەتیەکان .  ئەم جموجۆڵانە متمانەیەکی دا بە ئابوری تورکی . بەڵام  لە لایەکی ترەوە سیاسەتی پاوان خوازی و ناتەندورستی دەرەوی تورکی لە جیاتی هیچ کێشە ، لەگەڵ هەموو کێشەی دروست کرد . من پێم وایە ئەو هیچ کێشەیە ، داخوازیەك بوو بۆ ئابوری ووڵاتیش هەر راست بوو . هیچ کێشە لەگەڵ دەورووبەر  وهیچ قەرز لە هەموو لایەك . بەم شێوەیەش سیاسەتێکی تەواو گونجاو دەبوو . بەڵام  حەزە نەخۆشەکانی ئەردۆغان  ئەم کێشەی لە هەموو لایەکەوە دروست کرد و قەرزەکانیشی زیاتر کرد . ئیستا تەنها قەرزی دەرەوەی تورکیا بە ٤٥٤ ملیار دۆلار دەخەمڵێت و لە زیادبونیشدایە ، چونکە نەدانەوەی قەرز لە کات و ساتی خۆی بە بری لەسەر رێکەوتوو ، رێژەی  سوەکەی چەند جارێ زیاتر دەکات لە قەرزەکە خۆی . تورکیا  ئەو کاتەی بەهای دۆلارێك بەرامبەر ١،٤ لیرەبوو نەیتوانی لە کاتی دیاریکراوو بری قەرزرکانی کەم کاتەوە ، ئیستا کە دولارێك بەرامبەر ١٤ دۆلارە چۆن ئەتوانێ ، بەتایبەتی بری یەدەکی  دراوی بیانی لە بانکی ناوەند زۆر کەمی کردوە . ئەردۆغان لەماوەیەکی کەمدا هێندە دەستی خستە کاروباری بانکی ناوەندی یەوە بەرادەیەك ، سێ پارێزگاری بانکی ناوەندی لە ماوەی ساڵ و نیوێکدا گۆری .دوا ڤێرشنی سیاسەتی دارایی ئەردۆغانی ، دیسان بارقورسی یەکی گەورەیە بۆ سەر خەزنەکانی دەوڵەت ولە ماوەیەکی کورتدا ،خراپییەکانی دەر ئەکەوێ ، بە پێی ئەم سیاسەتە کە چەند جارێ لە تورکیا پەیرەو کراوە و سەرینەگرتوە  .کورتەی ئەو پلانە ئەوەیە کە هاوڵاتیان تەواوی پارە بیانییەکانیان بکەنەوە لیرە ولە بانکەکانی تورکیا مامەڵەی پێوەبکەن و بتمانەیەن بە ئابوری ووڵاتەکەیان بێت . بەڵام لە لایەکی ترەوە دەیان ملیار دۆلاری کردۆتە بازارەوە تا داواکاری لەسەر کەم بێت و بەهای لیرە بەرزبێتەوە . بەوە پێیەش ،هەر کەسێ پارە لە بانقەکانی تورکیا بە بری قانزانجێکی دیاری کراوو دابنێ و بەهای لیرە  بەرامبەر دۆلار برێکی دیاری کراوو بێت ، ئەوە دوای ماوەی دیاری کراوو ، هاوڵاتی بری پارەی دیاری کراوو وەردەگرێ و جیاوازی بری پارەکەش ئەگەر کەم بوو ئەکەوێتە سەر دەوڵەت ، تەنها بۆ ئەوەی هاوڵاتیان لیرە لە بانکەکان پاشەکەوت بکەن و مامەڵە بە دراوی بیانی نەکەن . بەڵام  تاکو ئەردۆغان بەهای قانزاج بەرزنەکاتەوە کە ئیستا هەوڵی نزمکردنەوەی ئەدات ،، هەڵاویسان کەم نابێتەوە ، بەوەش بەهای لیرە تا دێت کەم دەبێتەوەو تادێتیش لیرە لە گلۆربونەوە دەبێت .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×