سەپاندنی بیروباوەڕەکان و ڕەتکردنەوە

عومـەر عادل عەبدوڵڵا
  2022-10-15     581

سەپاندنی بیروباوەڕەکان، یەكێکن لەوە کێشە باوانەی, کە دووچاری مرۆڤەکان دەبێتەوە، لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکانی جیهاندا و سەرەڕای فراوانبوونی بازنەی ئازادی زۆرێک لە کۆمەڵگەکان، هێشتا ئەم کێشەیە بوونی هەیە و ڕەگی لەبن نەهاتووە. جا ئەگەر ئەم دیاردە لە ئاستی کرداردا کاری لەسەر نەکرێت, ئەوە وەک گرفتێکی دەروونی لە ناخ و کەسایەتی شاراوەی هەندێک کەسدا خۆی مەڵاس داوە و ڕەنگە کۆمەڵە هۆکارێکی ئاینی یان کۆمەڵایەتی بۆ نموونە:

وەک دابونەریت و بەها کۆمەڵایەتییەکان، کە لە نێو کۆمەڵگە فرەبیروباوەڕەکاندا، ڕێگربن لە سەپاندنی بیروباوەڕ زۆرینەکان، لەسەر بیڕوباوەڕە کەمینەکان.ئەم دیاریدەیە، بەهۆی کەسانێکەوەیە سەرهەڵدەدات، کە خاوەن بیرێکی توندڕەون، چونکە ئەو کەسانە وای دەبینن، کە تەنها ئەو بیروباوەڕی خۆیان باوەڕییان پێی هێناوە، ڕاست و دروستە و هەموو مروڤەکانی تر، پێویستە ملکەچی ئەم بیروباوەڕە بن و ئەوەشی لەم پێڕەوە لابدات، تووشی هەڵەیەکی گەورە بووە و دەبێ بەسزای خۆی بگات.ڕوو مەترسیدارەکەی سەپاندنی بیروباوەڕکان ئەوەیە: کاتێک دەوڵەتێک هەڵدەستێت, بە سەپاندنی ئەو بیروباوەڕ لە ڕێگەی کۆمەڵێک یاساوە، کە لەگەڵ ئازادییەکانی مروڤدا یەکناگرێتەوە, بەتایبەتی ئەو وڵاتانەی کە خاوەن پێڕەوێکی داخراون، مەبەست لە داخراو، بەو واتاییە نایەت، کە ئەو وڵاتانە، دابڕاون لە جیهانگیری و بانگ و هاواری وڵاتانی تر پێیان ناگات، بەڵکو بەو مەبەستی کراوە نەبێت، بە ڕووی بیروباوەڕە جیاوازەکاندا. هەروەها، لەگەڵ پابەند نەبوون بەو یاسایەوە، تاکەکانی ئەو وڵاتە دووچاری سزای ماددی و جەستەیی دەبنەوە. ئەمەش وا دەکات بڵێسەیەکی تووڕەی بەرفراوان ڕوو لە تاکەکانی ئەو کۆمەڵگە بکات.

هەروەها، کاتێک بیروباوەڕێکی تایبەتی ئاینی یان هەر بیروباوەڕێکیتر، بە زبری هێز بەسەر کەسێکدا دەسەپێنرێت و ئەو کەسەش باوەڕی بەو بیروباوەڕە نییە و ڕەتی دەکاتەوە، دەبێت چاوەڕێی ئەوە بین، کە ئەو کەسە سووکایەتی بەو بیرو باوەڕە بکات، چونکە بە زۆر سەپاندنی بیروباوەڕەکان بەسەر مرۆڤەکاندا، بەرتەنگکردنی ئازادییەکانە و بەرتەنگکردنی ئازادییەکانیش پێشیلکاری مافەکای مرۆڤە. کەواتە:ئەو ساتەی مرۆڤێک سووکایەتی بە بیروباوەڕ یان ئاینێکی دیارکراو دەکات و ڕەتیدەکاتەوە، ڕەنگە یەکێک لەو پاڵنەرانەی کەوای کردبێت ڕەتیبکاتەوە و پاشان سووکایەتی پێبکات، بە زۆر سەپاندنی ئەوە  بیروباوەڕییە بەسەریدا. هەروەها، یەکێک لە تایبەتمەندی بیرباوەڕە سەپێنراوەکان ئەوەیە: کە هەر زوو ڕەتدەکرێتەوە و دژایەتی دەکرێت و هەمیشە ئەو کەسانی ئەو بیروباوەڕ سەپێنراوە بەسەریاندا،سەرەتاتکێی دەرفەتێکە بۆ ئەوەی لە پێستی ئەوە ستەم بێنە دەرەوە و بگەڕێنەوە بۆ توخمە بنەڕەتییەکی خۆیان و ئەو بەرگە دادڕن، کە بە زۆر کراوە بە بەریاندا. چونکە مرۆڤەکان، تاماوەیەکی زۆر ناتوانن لە ژێر ستەمی ئەو دەمامکە بمێنەوە، کە ڕووی ڕاستیانی پێ شاردۆتەوە و ڕۆژێک هەر شۆڕشێکی هزری(فیکری) یان تووڕەیەکی دانەمرکاو ئەو دەمامکە دادەماڵێت.ئەو کاتەش، ئەگەر ئەو بیروباوەڕە خاوەن چەندین بنەما بە بەها و جوان و گرنگ بێت، هەرگیز ناتوانێت، لە ناو ئاوەزی باوی(ئەقڵی باوی) ئەو کۆمەڵگەدا و لە نێو دڵ و دەروونی تاکەکانیدا جێی خۆی بکاتەوە و ببێت بە بەشێک لەو پێکهاتانەی کە ئەو کۆمەڵگەی لەسەر بنیاد نراوە.

سەپاندنی هەر بیروباوەڕێک بەسەر هەر کەس و کۆمەڵێکدا بێت، ئەوەندە زیان بەو بیروباوەڕ دەگەیەنێت و ناشرینی دەکات، لە پێش چاوی ئەوانەی کە ئەو بیرباوەڕە سەپێنراوە بەسەریاندا، ئەوەندە  نابێت مایەی بانگەشەکردن بۆ ئەوەی ئەو کۆمەڵە، تاکو بە شوێن ئەو بیرباوەڕە بکەون و هەڵگری پەیامەکە بن، یاخود هەندێک جار چارەنووسی پەیامەکە بە لاڕێ دەبات و تەواو ناشرین دەکات و  لە هەندێک کاتدا، ئێمە خۆمان دەبینە هۆکارێک بۆ ئەوە سووکایەتی بە بیروباوەڕکانمان بکرێت، لەلایەن کەسانی دیکەوە، بۆیە ئەوە کەسی بیروباوەڕکانی لا خۆشەویست و بە بەهایە، پێویستە ڕێز بیروباوەڕی کەسانی تر بگرێت و  گەرچی خاوەن هێز و دەسەڵاتیش بێت، هەرگیز ڕێگە بە خۆی نەدات، بە زۆرەملێ و بە زبری کوتەک بیروباوەڕەکانی بەسەر کەسانی دیکەدا بسەپێنێت. بۆیە، چۆن ئێمە پێمانخۆش نییە، کە کەسانی تر، بیروباوەڕەکانییان بسەپێنن بەسەرماندا، ئاواش دەبێت, پێمان ناخۆشبێت، کە بیروباوەڕکانمان بەسەر کەسانی دیکەدا بسەپێنین و مرۆڤەکانی تر، بخەینە ژێر باری بیروباوەڕێکەوە، کە لەگەڵ ئاوەزمەندی و دونیانبینی ئەو کەسەدا یەکناگرێتەوە.یەک لەوە هۆکارانەی کەوا دەکەن، ئێمە بیروباوەڕکانمان لەلایەن کەسانی ترەوە بە سووکایەتییەوە ڕەتبکرێنەوە، جوان نەگەیاندنی پەیامەکەمانە، جا هەر پەیامێک بێت، بۆیە ئێمە ئەگەر بمانەوێت پەیامەکەمان جێی باس و خواسی خەڵکی بێت، پێویستە پەیامبەرانە بیربکەینەوە و پەیامبەرانە پەیامەکەمان بگەینین، نەک پەیامسەپێن بین و مامەڵەی دادەوەر و تاوانبارییان لەگەڵدا بکەین.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×