ژیان لەپێناو چی؟ بۆچی بژین باشە؟ مەبەست و ماناو ئامانجی ژیان چیە؟ چیە ئەوەی مانا بە ژیان دەبەخشێت؟
سەرسامبوون بە جوانی و گەورەیی و ئاڵۆزی گەردوون و بوونی مرۆڤ لەم گەردوونەدا، ڕووناکبیرانی یۆنانی سەرقاڵ دەکرد بە لێکۆڵینەوەو گەڕان بەدوای وەڵام بۆ ئەو پرسانەی کە ئێستاش مرۆڤایەتی پێیەوە سەرقاڵە. پرسی مانای ژیان و هەڵبژاردنی باشترین ڕێگا بۆ ژیان و پێکەوەژیان یەکێک بوو لەم بابەتانەی ئەم گەورە هۆشمەندانەی شەوانە لەخەو دەکرد، لەوانە سوقڕات و ئەریستۆ.
دوای کارەسات و وێرانکاریەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دووەم و پێشکەوتن و داهێنانەکانی زانست و دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمی و ڕۆشتن بۆ سەر مانگ و بۆشایی ئاسمان، ئەم بابەتە دووبارە بووە جێی سەرنج و تێبینی ڕووناکبیرانی ڕۆژئاوا: مەبەست لە بوونی ئێمەی مرۆڤ لەم گەردوونەدا چیە؟ مرۆڤ چیە؟ مانای ژیان چیە؟ چیە ئەوەی مانا بە ژیان دەبەخشێت؟ کامانەن ئەو شتانەی کە شایستەی ئەوەن ئێمەی مرۆڤ بۆیان بژین؟ ئایا هیچ شتێک هەیە کە هێندە شایستەبێت مانا بە ژیانی ئێمەی مرۆڤ ببەخشێت؟ یان ژیان زۆر لەوە گەورەترە کە بوونی مرۆڤ خودی خۆی، بەو شێوەی کە هەیە، بتوانێت مانای پێ ببەخشێت. ئەگەر ژیان مانای هەبێت، دەبێت ئامانجی ئێمەی مرۆڤ لە ژیاندا چی بێت؟
ژین لە پێناو ژیانێکی شایستە، یان مانەوە لە پێناو زیندوویی؟ چیە ئەوەی مانا بە ژیان دەبەخشێت؟ یەکێک لە باڵاترین بەهاکان کە شایستەی ئەوەبێت مرۆڤ بۆی بژیت و بتوانێت مانا بە ژیان ببەخشێت، ئاسودەییە، ئاسودەییێكی ئاکاریانە لە سروشت و شێوازی بەدەستهێنان، چونکە ئاسودەیی پڕماناترین جیاوازی لە ژیانی خەڵک دروست دەکات، وە نەبوونی ئاسودەییە مرۆڤ دەخاتە قەیرانی ژیانەوە.
مەبەست لە ئاسودەیی ئاکاریانە، ئەو ئاسودەییە کە دەکەوێتە چوارچێوەی چەند ئاکارو بەهایەکی هاوبەش. بەڵام ئایا ژیانێکی پڕمانا تەنها لە چوارچێوەی بوونی ئاسودەییدا خۆی دەبینێتەوە، یان لە ژیانێکی ڕەسەن و ڕاستگۆیی و ئازادی بڕیاردان و بژاردەی ئازادو ڕەوشت و کەسایەتی ئاکاریانە و دەستەبەرکردنی دادپەروەری و خواپەرستی و بڕوابون بە خوا؟
ئاسودەیی ئاکاریانە یەکێکە لەو ئامانجانەی کە مانا بە ژیان دەبەخشن. مانای ژیان شتێکە ئێمەی مرۆڤ دەبێت خۆمان بە بەکارهێنانی تواناکانمان بیبەخشین بە خودی خۆمان، وەک توانای هەستکردن و بیرکردنەوەو جۆرێک لە ئازادی بژاردەو بڕیاردان.
بەڵام بۆ ئەوەی تاک بتوانێت لە ژینگەیەکی ڕێکخراودا ئەم مانایە بە ژیانی خۆی ببەخشێت، کە مافێکی سروشتی خۆیەتی، دەبێت دادپەروەری بوونی هەبێت و سیستەمی سیاسی و کەلتور ڕێگر نەبن لە پراکتیزەکرنی ئازادیەکانی تاک یان ڕێگر نەبن لە مومارەسەکردنی توانا سروشتیەکانی تاک، بێگوومان لە چوارچێوەی ئاکار و یاسایەک کە ویژدان پەسەندی بکات. سەروەری و سەربەخۆیی یاسا، یاسایەک کە لە ویژدانەوە سەرچاوەی گرتبێت، ڕێخۆشکەردەبێت بۆ ئەوەی تاک بتوانێت مانا بە ژیانی خۆی ببەخشێت لە ڕێگەی دابینکردنی دادپەروەری و دەرفەتی یەکسان بۆ خەڵک بۆ ئەوەی هەموو کەسێک بێ جیاوازی بتوانێت مومارەسەی ژیانێکی شایستەو خولیاو ئارەزو هەستەکانی بکات و لە ڕێگەیەوە جۆرێک لە مانا بە ژیانی خۆی ببەخشێت.
ژیان لە ڕوانگەی سوقڕاتەوە:
"ژیانێک نەزانی مانای چیە، شایستەی ئەوە نیە بۆی بژیت". سوقڕات پێیوایە مرۆڤ دەبێت ئامانجی هەبێت لە ژیانداو، وە ئەو ئامانجانەی مرۆڤ بۆی هەوڵدەدات، مانا بە ژیانی دەبەخشن. بە واتایەکی دی، ژیانی بێ ئامانج شایستەی ژین نیە.
ژیان لە ڕوانگەی تۆڵستۆو پاسکاڵ:
هەندێک بیرمەند، لەوانە لیۆ تۆڵستۆو بلێیز پاسکاڵ، پێیان وایە مانای ژیان پەیوەستە بە بوونی خواو خوا پەرستی و بڕوا بوون پێی. ئەم بڕوابوونە سەرچاوەی بەشێکی زۆری ئاسودەییە بۆ ئەو خەڵکانەی هەڵگری ئەم بڕوایەن، وە ئاسودەییش یەکێکە لەو شتانەی کە مانا بە ژیان دەبەخشێت و شایستەی ئەوەیە مرۆڤ بۆی بژیت.
ژیان لە ڕوانگەی ئایەرەوە:
ئایەر پێیوایە مانای ژیان لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر، وە لە کەلتورێکەوە بۆ کەلتورێکی تر دەگۆڕێت. بە گوێرەی ئایەر، مانای ژیان ئەوەیە کە خۆت پێی دەبەخشیت، جا هەرچیەک بێت، ئەوەش لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت. بێگومان، شێوازی ژیان لە فەرهەنگێکەوە بۆ فەرهەنگێکی تر دەگۆڕێت، وە ئەم جیاوازیەش لە شێوازی ژیان دەرئەنجامی بەهاو ئارەزووی جیاوازی کەلتورە جیاکانە. هەرچەندە مانای ژیان زیاتر تەوەرێکی بابەتیەو پەیوەستە بە چەند بەهایەکی هاوبەشی جیهانی، سەرچاوەی هەندێک لەو خەسڵەتانەی کە مانا بە ژیان دەبەخشن، وەک ئاسودەیی، لە کەسێکەوە یان لە کەلتورێکەوە بۆ کەلتورێکی تر دەگۆڕێت.
ژیان لە ڕوانگەی شۆپن هاوەرو ئاڵبێرت کاموو سارتەر:
ئەم ڕوناکبیرانە پێیانوایە ژیان بێ مانایە، وە ئەم تێڕوانینە رەشبینەیان بەرامبەر بە ژیان، لە سێ هۆکاری سەرەکی سەرچاوە دەگرێت. یەکەم، واتای "مانا" (مەبەست یان گرنگی شتێک). لای ڕەشبینەکان، ئەو شتانە گرنگن و مانایان هەیە لە ژیان، کە دەمێننەوەو بە تێپەڕبوونی کات لەناوناچن، وەک کات. بەڵام هیچ شتێک نیە لە ژیانی دەروونی و فیزیکی مرۆڤ بە مردن لەناونەچێت، بێگومان هەندێک خەڵک پێیانوایە ڕۆحی مرۆڤەکان بە زیندوویی دەمێنێتەوە دوای مردن. دووەم، بە بڕوای ڕەشبینەکان، بۆ ئەوەی ژیانی مرۆڤ مانای هەبێت، پێویستە مرۆڤەکان خاوەنی هەستی "ڕازیبوون" بن بەرامبەر بەو شتانەی لەژیاندا هەیتیان. بەڵام سروشتی مرۆڤ وایە، هیچ کەسێک بە بەشی خۆی ڕازی نیە، هەمیشە زیاتر یان باشتری دەوێت. ئەمەیە ڕێگری دەکات لە بەمانابوونی ژیان، لەلای ڕەشبینەکانەوە. سێیەم، ئەو بێزاری و ئازارو ئەشکەنجەو کارەساتانەی لە ژیانی مرۆڤدا ڕوودەدەن، هیچ مانایەک بۆ ژیان ناهێڵنەوەو پوچەڵی دەکەنەوە لە مانا. ئەم بیرمەندانە بۆیە پێیان وایە ژیانی مرۆڤ بێ مانایە.
نیچە ئەم تێڕوانینە ڕەشبینیەو ئاینیانە بەرامبەر ژیان ڕەتدەکاتەوەو، پێی وایە مانای ژیان شتێک نیە خەڵک بەدوای بکەوێت بۆ ئەوەی بیدۆزێتەوە، بەڵکو مرۆڤ خودی خۆی دەبێت مانا بە ژیان ببەخشێت، ئەوەش لەڕێگەی پراکتیزەکردنی ئارەزوەکانی ڕۆح، کە بریتین لە برەودان بە تواناکانی خودو دروستکرنی خودێکی سەرکەوتووی کەم وێنە یان بێ وێنە لە ڕەفتارو تێگەیشتن.
هایدیگەرو مانای ژیان:
هاوڕا لەگەڵ نیچە، هایدیگەر پێیوایە مرۆڤ بۆ ئەوەی ژیانێکی پڕمانای هەبێت، پێویستە ڕەسەنانە بژیت. بەواتایەکی دی، ژیانی پڕمانا ئەو ژیانەیە کە مرۆڤەکان خودی خۆیان، نەک کۆمەڵگا، هەڵیدەبژێرن. ئەمەیە ژیانی ڕەسەن، ئەو ژیانەی کە مرۆڤەکان تێیدا ڕاستن لەگەڵ خودی خۆیان، ئەو ژیانەی کە تێیدا مرۆڤەکان خۆیان بڕیار لەسەر ئێستاو ئایندەی خۆیان دەدەن. بەڵام ئایا مرۆڤ ئازادە لە بژاردەو بڕیاردان لەسەر ئایندە؟