ئازادی چییە: بڕیارەکانت لەنێوان ئازادی‌و چارەنووسدا

د. سالم ئیبراهیم
  2023-03-27     1556

ئازادی چیە؟ بڕیارو بژاردەی ئازادانە چۆنە؟ ئایا مرۆڤ بونەوەرێکی ئازادە؟ ئەم بڕوابوونە بە ئازادی لە کوێوە سەریهەڵداوە؟ بۆچی لۆمە یان سەرزەنشتی خەڵک دەکەین کاتێک کە بڕیاری هەڵە دەدەن یان کاری ناشیاو ئەنجامدەدەن؟ دەرئەنجامی ژیانێکی نا ئازاد چۆنە؟ بۆچی هەستی پەشیمانی لە هەندێک بڕیارو بژاردەدا، داماندەگرێت؟

ئازادی یەکێکە لە پرسە هەرە گرنگەکانی بواری فەلسەفە و دەرونناسی و زانستی دەمار، هەروەها بابەتێکی زۆر گەرمی کۆمەڵایەتی و سیاسییە  لە نێو گەلانی جیهاندا. ئەوەی لە دونیای سیاسەتدا ئاماژەی بۆ دەکرێت وەک ئازادی، زیاتر دەکەوێتە قاڵبی ئازادی کردار، وەک ئازادی جوڵە، خاوەندارێتی، بازرگانیکردن، دەنگدان یان گەڕان بەدوای ئاسودەیی. بەڵام ئەو تێگەیشتن یان مەفهومەی فەیلەسوفەکان پێیەوە سەرقاڵن زیاتر ڕیشەییە و دەکەوێتە قاڵبی ئازادی هەڵبژاردن یان بڕیاردان کە ڕەنگە دواتر کرداری بەدواوەبێت.

ئازادی: ڕۆیشتن یان بڕیاردان لەسەر ڕۆیشتن بۆ سینەما بێ بەربەست یان بێ زۆرەملێیی. باوترین تیۆری ئازادی تیۆری تواناییە، بەڵام ئایا ئازادی بریتیە لە توانای بڕیاردان یان توانای جێبەجێکردنی کارێک بێ بەربەست یان بێ زۆرەملێیی؟ ئاژەڵیش زۆر کار جێبەجێ دەکات بێ بەربەست یان بێ زۆرەملێیی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئازاد نیە. ئازادی خەسڵەتێکە دراوەتە پاڵ مرۆڤ. زۆربەشمان بەرگە ناگرین لە ئاست بڕوابوون بەو خەسڵەتە، کەچی ڕەنگە ئەو خەسڵەتە پڕ بەهایە تەنها لە بیرو بڕوای ئێمەی مرۆڤدا بوونی هەبێت. بۆ ئەوەی لە ئازادی تێبگەین و بزانین مرۆڤی ئازاد چۆنە، پێویستە بزانین بڕیار یان کاری ئازاد چۆنە.

 

تۆماس هۆبس و دێیڤید هیووم

تۆماس هۆبس و دێیڤید هیووم بڕوایان وایە مرۆڤی ئازاد ئەو کەسەیە کە دەتوانێت بەرجەستەی ئارەزوو، بڕیار و بژاردەکانی بکات بێ بەربەستی دەرەکی. بەواتایێکی دی، لای هۆبس و هیوم، ئازادی بریتییە لە غیابی بەربەستی دەرەکی، لە جێبەجێ کردن یان جێبەجێ نەکردنی بڕیار و بژاردەکانماندا.

 

ئیمانیوەڵ کانت

ئیمانیوەڵ کانت بڕوای وایە مرۆڤ لە کار یان بژاردەکانیدا ئازادە بەمەرجێک تەنها خۆی هۆکاریان بێت و لەم ڕووەشەوە لەژێر کاریگەری هیچ هۆکارێکی دەرەکی نەبێت. بەواتایێکی دی، مرۆڤ لە بڕیار یان بژاردەکانیدا ئازادە بەمەرجێك خودی خۆی سەرچاوەی ڕەسەنییان بێت. چونکە دەکرێت ئێمە هۆکاری کارێک یان بژاردەیەک بین، بەڵام ئازاد نەبین لە کردن یان نەکردنی. ڕەنگە هۆکارێکی دەرەکی وامانی لێکردبێت ببین بە هۆکاری ئەو کارە، یان ئەو بژاردەیەی کە ئێمە هۆکارەکەینی. 

لە ڕووکەشدا، پێ دەچێت ئازادی بریتی بێت لە توانای هەڵبژاردنی پێچەوانەی ئەو بڕیارەی کە دەیدەیت کاتێک ڕوبەڕووی دوو یان زیاتر لە دوو بژاردەی جیاواز دەبیتەوە. هەرچەندە مرۆڤی ئازاد، بە سیفەتی ئازادبوونی، ئەم توانایەی لە ژێر بارودۆخی گونجاودا هەیە، بەڵام کانت بڕوای وایە کە ئازادی لە ئەساسدا بریتی نیە لەم توانایە. واتە ناکرێت ئازادی تەنها لەم توانایەدا بچوك بکرێتەوە، هەرچەندە ئەم توانایە بەشێکە لە ئازادی. کانت پێیوایە مرۆڤ لە بڕیارەکانی ئازادە، کاتێک کە ڕەگ و ڕیشەی بڕیارەکانی لە خودی خۆیەوە سەرچاوە دەگرن و ئەم سەرچاوەیەش سەرچاوەیەکی پێشوو تر دیاری نەکراو یان بڕیار لەسەر نەدراو بێت لەلایەن کەسێک یان شتێک لەدەرەوەی خودی ژیانی هزری مرۆڤ. بەڵام ئەم سەرچاوە گرتنەی بڕیارو بژاردەکان بەم شێوەیە لەناو خودی مرۆڤەکاندا، تەنها یەکێکە لە مەرجاکانی کانت بۆ بڕیاری ئازاد.

تێڕوانینی کانت بۆ ئازادی تێڕوانینێکی ترانسێندێنتاڵانەیە. کانت پێیوایە مرۆڤ ئازادە لە بڕیار و بژاردەکانی دا، بەمەرجێک دروستبونی ئەم بڕیار و بژاردانە لەژێر کاریگەری سروشتی خودی مرۆڤەکاندا نەبێت. بەواتایەکی دی، کانت پێیوایە ئازادی بریتییە لە سەربەخۆیی توانای بڕیاردان یان هەڵبژاردن – سەربەخۆیی ئەم توانایە لە کاریگەری ئارەزووەکانمان لەسەر بڕیار و بژاردەکانماندا، یان سەربەخۆیی ئەم توانایە لە بەزەڕوڕیەتکردنی بڕیار و بژاردەکانمان لەلایەن ئارەزووەکانمان یان لەلایەن خودی سروشتی خۆمان.

 

فرێدریک نیچە

قوڵی و قوڕسی و ئاڵۆزی مەفهومی ئازادی بەشێکی زۆری ڕوناکبیر و فەیلەسوفانی جیهانی توشی سەرلێشێوان و گومڕایی کردووە. یەکێک لەم فەیلەسوفانە فرێدریک نیچەیە. تێڕوانینەکانی نیچە لەسەر ئازادی بەتێپەڕبوونی کات گۆڕانکاری و جۆرێک لە دەبەریەك ڕاچوون یا دژ بەیەک بوونیان بەخۆوە بینیوە. نیچە لەلایەک نکوڵی لە بوونی ئازادی دەکات و پێیوایە هیچ شتێک بەناوی ئازادیەوە بوونی نیە. لەلایێکی دیکەشەوە دان بە بوونی مرۆڤی ئازاددا دەنێت. نیچە لەبەر سێ هۆکار بوونێکی مێتافیزیکی یان نۆومیناڵی ئازادی ڕەتدەکاتەوە.

یەکەم، هەموو ئەو بڕیار و بژاردانەی ئێمە ئاگاییانە دەیانکەین، لەبەر چەند هۆکار و ئارەزو و بەهایێکەوەن. مرۆڤ بۆئەوەی لە بڕیارەکانیدا ئازاد بێت، پێویستی بە جۆرێک لە کۆنتڕۆڵ هەیە لەسەر هۆکار، پاڵنەر یان هەموو ئەو فاکتەرانەی کە دەبن بەهۆی دروستبوونی ئەو بڕیارانە. یەکێک لەو فاکتەرانەش ئارەزوەکانی مرۆڤن. مەبەست لەم جۆرە ئارەزوە ئەمەیە: ئەو ئارەزوەی کە دروست دەبێت وەک دوا دەرئەنجامی پڕۆسەی بیرکردنەوەو هەڵسەنگاندنی باری ئاکاری و دادپەروەری کارێک یان باشی و خراپی بڕیارێک یان بژاردەیەک بۆ خۆمان یان بۆ کۆمەڵگا. هۆکاری دروستبوونی ئەو ئارەزوانە، بەو شێوەیەی کە هەن، چەند پڕۆسەیەکی پێشینەی دەروونی و ئەزموونی پێشینەی هەستی و هزری مرۆڤەکانە، کە هیچیان لە ژێر کۆنتڕۆڵی مرۆڤەکاندانیە. وە لەبەر ئەوەی دروستبوونی ئارەزووەکانی مرۆڤ، یان ڕوودان و وڕووژانیان لە کاتی بڕیاردان لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەی مرۆڤدا نیە، بۆیە  نیچە نکوڵی لە بوونی ئازادی دەکات.

دووەم، بڕیاری ئازاد پێویستی بەو جۆرە کۆنتڕۆڵە هەیە کە لە خاڵی یەکەم ئاماژەی پێکرا. وە لەبەر ئەوەی بڕیار و بژاردەکانی مرۆڤ لەژێر کاریگەری سروشتی خودی مرۆڤەکاندایە و ئێمەی مرۆڤیش نە بەرپرسین و نە کۆنتڕۆڵمان هەیە بەسەر سروشتماندا، چونکە سروشتی مرۆڤ دەرئەنجامی ئەزمونی ژیانی دەروونی و هزری و هەستی مرۆڤەکانە لەگەڵ چەند فاکتەرێکی بۆماوەیی، کە هیچیان کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی مرۆڤی بەسەرەوە نیە، بۆیە نیچە پێیوایە ئازادی تەنها فانتازیا و ئارەزووی ڕۆحی مرۆڤەکانە بۆ ئەم بەها باڵایە. نیچە پێیوایە ئێمە ئازادین لە بڕیارەکانمان تەنها ئەگەر ئێمە خۆمان هۆکاری بوونی خۆمانبین بەو شێوەیەو بەو سروشتەی کە هەین، چونکە تەنها ئەو کاتە خۆمان دەتوانین سروشتی خۆمان دیاری بکەین و بەرپرس بین و کۆنتڕۆڵمان هەبێت بەسەر سروشتی خۆماندا، ئەو کۆنتڕۆڵەی کە وا لە بڕیارو بژاردەکانمان دەکات ئازاد بن.

سێیەم، ئەو ئازادیەی ئێمە باسی لێوە دەکەین توانایەکی مرۆییە، بۆ ئەوەی ئەو ئازادیە مرۆییە هەبێت، دەبێت خودێک هەبێت ئەم کارە ئازادانە ئەنجامبدات یان ئەو بڕیارە ئازادانە بدات. بەڵام ئەم جۆرە باسکردنەی خود و ڕەفتار ئاماژە بەوە دەکات کە خود یەکەیەکی جیاوازە لە خەسڵەت و ڕەفتار و ڕەوشت و کار و کردەوە و بڕیار و بژاردەکانی. نیچە پێیوایە خود یەکەیەکی جیانەکراوەیە لە ڕەفتار و خەسڵەت و بڕیارەکانی، چونکە ئەمانەن بوون بە خود دەبەخشن، بۆیە لە غیابی ئەمانەدا خود بوونی نابێت، یان بوونی نیە. لەبەر ئەوەی ئەو خودەی کە پێویستە هەبێت بۆ ئەوەی ئازادی هەبێت، بوونی نیە، بۆیە ئازادی بوونی نیە.

لە ڕوانگەی نیچە، ئازادی توانایەکی شاراوە نیە. بەواتایەکی دی، نیچە پێیوایە ئازادی توانایەک نیە ئێمەی مرۆڤ پێشوتر هەمانبێت. نیچە ئازادی دەبەستێتەوە بە سەرکەوتن لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانمان و زاڵبوون بەسەر کێشە و تەنگوچەڵەمە و بەربەست لە پڕۆسەی بونیاتنانی خودێکی باشتر لەوەی پێشوتر، بەردەوامبوون لە باشتر کردنی خود و بەردەوامبوون لە دانان و بەدەستهێنانی ئامانجی گەورەتر و باڵاتر، برەودان بە پڕۆسەی گەشەپێدانی خود و سڵنەکردنەوە لە بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و سەرکەشی لەم پێناوەدا. نیچە پێیوایە مرۆڤ تەنها بە سەرکەوتن لەم پڕۆسەیەدا دەتوانێت ئازادی بەدەست بێنێت. بەواتایێکی دی، ئازادی شتێک نیە ئێمەی مرۆڤ پێشوتر هەمانبێت و بەشێک بێت لە تواناکانمان، بەڵکو شتێکە دەستمان دەکەوێت تەنها لە داهێنان و بەرجەستەکردنی ئامانج و زاڵبون بەسەر تەنگوچەڵەمە و سەرکەوتن لە پڕۆسەی باشترکردنی خود و بەردەوامبوونی کارا و سەرکەوتوانە لەم بوارانەدا.

واتە بەلای نیچەوە، مرۆڤ ئازاد نیە، بەڵکو دەبێت هەوڵبدات بۆ بەدەستهێنانی ئازادی، ئەگەر دەیەوێت مرۆڤێکی ئازادبێت. مرۆڤ تەنها لە ڕێگەی کارایی و چالاکی و بوێری و سەرکەوتن لە پڕۆسەی بەرجەستەکردنی ئارەزوو و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی ڕۆح دەتوانێت ئازادی بەدەست بێنێت. 

تێڕوانینەکانی نیچە بۆ ئازادی، سوودە کرداریەکانی ئازادی بۆ تاک دەردەخات، بەڵام هیچ یەکێک لەو مەرجانەی نیچە بۆ ئازادی بە پێویستیان دەزانێت (پێکانی ئامانج و بەرجەستەکردنی ئارەزوەکانی ڕۆح)، بوونی ئازادی وەک توانایەکی مێتافیزیکی نۆومیناڵ دەرناخات. دەکرێت مرۆڤ لە دانان و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی، یان لە پڕۆسەی باشترکردنی خود، یان لە زاڵبوون بەسەر تەنگووچەڵەمەکانی، یان لە بەرجەستەکردنی ئامانجەکانی ڕۆح، سەرکەوتوو بێت، بەڵام ئازادیش نەبێت، چونکە دەکرێت هەموو ئەو بڕیارانەی لەو پڕۆسەیەدا دەدرێن، ئەنجامی یاساکانی سروشت بن یان پێشتر لەلایەن خوداوەند دیاری کرابن، یان چەند فاکتەرێک پاڵنەریان بوبێت کە بوون و ڕوودانیان لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێمەی مرۆڤدا نەبێت.

یەکێک لە مەرجەکانی بڕیاری ئازادانە ئەوەیە کە بکەرەکە ئاگاییانە بڕیارەکەی بدات، واتە ڕێک لەکاتی بڕیاردانەکە، ئاگای لە بڕیاردانەکە هەبێت. بەڵام تاقیکردنەوە سەردەمیەکانی زانستی دەمار و ئاگایی، سەلماندوویانە کە مرۆڤ پێش ئەوەی ئاگای بێتەوە لەوەی کە بژاردەیەکی کردووە یان بڕیارێکی داوە، ئەو بەشانەی مێشک کە تایبەتن بەناوەرۆکی بڕیارەکە دە چرکە پێش ئەوەی کەسەکە ئاگای لەوەبێت کە بڕیارێکی داوە یان بژاردەیەکی کردوە چالاک دەبن، بەشێوەیەک کە چالاکیەکە پێشبینی بڕیار یان بژاردەکە دەکات. لەوانە تاقیکردنەوە بەناوبانگەکانی لیبیت و هێیس. دەرەنجامی ئەو تاقیکردنەوانە گومانی زیاتر دەخەنە سەر بوونی ئازادی، هەرچەندە زانایانی زانستی دەمار هاودەنگ نین لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەو چالاکیەی مێشک پێش ئاگایی بوون لە بڕیار، تەنها ئامادەکاری مێشکە بۆ دەرکردنی بڕیارەکە، یان هەر خۆی بڕیارەکەیە.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی فەلسەفەی کانت جیاکردنەوەی جیهانی فەنۆمیناڵە لە جیهانی نۆومیناڵ: جیهانی فەنۆمیناڵ واتە دونیای ڕواڵەت، ئەو شتانەی لە هەست و بیر و بڕوای مرۆڤدا هەن. جیهانی نۆومیناڵ واتە جیهانی ڕاستی، ئەو دوونیایەی کە بوونی پەیوەست و بەند نیە بە هەست و بیر و بڕوای مرۆڤ. بەڵام ئەمە مانای ئەوە ناگەیەنێت کە ئەو شتانەی لە دونیای ڕواڵەتدا هەن لە دونیای ڕاستیدا نەبن. هەرچەندە دونیای ڕواڵەت هەڵەی تێدایە، زۆر شت کە لە هەست و بیرو بڕوای مرۆڤدا هەن، لە دونیای ڕاستیشدا هەن، بە مەرجێک دونیایەک هەبێت کە بوونێکی سەربەخۆی ناپەیوەستی هەبێت بە هەست و بیرو بڕوای مرۆڤ. ئەم بڕوابوونەی مرۆڤ بە ئازادی، لە ئەزمونی بڕیار و بژاردەی ئازاد لە دونیای ڕواڵەتەوە، سەرچاوەی گرتووە. ئێمەی مرۆڤ لەبەر ئەم ئەزمونەی دونیای ڕواڵەتەوەیە کە پێمان وایە ئازادین لە بڕیار و بژاردەکانماندا.

جگە لە زانین، پڕ بەهاترین توانای فیکری، ئازادیە، بۆیە مرۆڤ هێندە شەیدای ئازادیە، بەڵام ڕەنگە وێڵیی مرۆڤ بەدوای ئازادیدا گەڕانبێت بەدوای شتێک کە تەنها لە خەیاڵ و بڕوای مرۆڤەکاندا بوونی هەبێت و دوا جار هەموو کار و بڕیار و بژاردەکانمان دەرەنجامی پێویستی یاساکانی سروشت بن، یان تەنها کاریگەری بڕیارەکانی خوادەوەند بن، وەک تەنها یان یەکێک لە هۆکارەکانی بڕیارو بژاردەکانمان، یان دەرەنجامی سروشتی خودی مرۆڤەکان بن کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی ڕاستەوخۆی ئێمەی مرۆڤدا نیە.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×