تاک لەناو گێژاوی کۆمەڵگەراییدا

د. سالم ئیبراهیم
  2023-04-29     631

تاک یان کۆمەڵگە؟

تاک جگە لەوەی وەک کۆنسێپتێک بوونی هەیە لەناو هزری مرۆڤدا، بوونێکی فیزیکیشی هەیە لە گەردون و دونیای دەرەوەدا، بەڵام کۆمەڵگە مەفهومێکی ئابستراکتە. بە واتایەکی دی، کۆمەڵگە تەنها لە هزردا بوونی هەیەو تەعبیرە لە چەند تاکێک، ئەگینا هیچ شتێک بەناوی "کۆمەڵگە" بوونی نیە لە واقعدا. بۆیە، تاک گرنگترین کۆڵەگەی ژینگەی ڕێکخراوی کۆمەڵایەتیە، هەر بۆیەش یاساو دەستوری وڵاتانی ڕۆژئاوا زۆر تەئکید لەسەر ماف و ئازادیەکانی تاک دەکەنەوە، کە پێویستە بە ڕوونی لە دەقە یاساییەکان جێگیربکرێن بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسی نەتوانێت پێشێلیان بکات بە بیانووی لێڵی یاساو پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی کە ئێستا بووەتە نۆرم لە زۆر شوێن، بەتایبەت لەو کاتەوەی سەرهەڵدانی ڕێکخراوی توندڕەو ئیستیغلالکراوە بۆ سەرکوتکردنی تاک و کەمکردنەوەی ماف و ئازادیەکانی. 

بەواتایەکی دی، سەرهەڵدانی هەڕەشەی "تیرۆر" بووەتە هۆی قوڵترکرنەوەو بەهێزترکردنی "deep state", واتە "دەوڵەتی موخابەراتی" یان "دەوڵەتێک لەناو دەوڵەت" یان "حکومەتی سێبەر"، کە تێیدا دەزگا پۆلیسی و هەواڵگریەکان دەسەڵاتی باڵایان هەیە و هەندێ جاریش لە دەرەوەی یاساو دەستوور کاردەکەن بۆ بەرجەستەکردنی ئامانجی پراگماتیکی و بە بیانووی پاراستنی ئاسایشی نیشتیمان.

 

تاکگەرایی 

پرسی تاکگەرایی لە ژیان دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی سوقڕات، کاتێک ئەم گەورە ڕوناکبیرەی یۆنان، تاکی سەرشەقامەکانی ئەسینای وشیاردەکردەوەو ئاشنای دەکردن بە پرسی تاک، ژیان، جوانی، ماف و ئازادی و هانی دەدان کە خودی خۆیان بەدوای ڕاستی و زانیندا بگەڕێن و هەر خودی خۆشیان مانا بە ژیانی خۆیان ببەخشن.

تاکگەرایی لە ژیانی کۆمەڵایەتی، وەک دیاردەیەکی باو لەناو کۆمەڵگە ڕۆژئاواییەکان، دوابەدوای شۆڕشی پیشەسازی و لە دوای سەدەی نۆزدەوە سەریهەڵدایەوەو پشتگیری زۆربەی ڕوناکبیرانی ڕۆژئاوای بەدەستهێنا، لەوانە نیچەو هایدیگەرو سارتەر. 

سارتەر پێیوابوو "دۆزەخ کۆمەڵگەیە"، بۆیە لای هەر یەک لە سارتەرو هایدیگەرو نیچە، بۆ ئەوەی تاک بوون و ژیانێکی ڕەسەنی هەبێت، دەبێت تاک خۆی مانا بە ژیان ببەخشێت لە ڕێگەی پابەندبوون بەو بەهایانەی کە گرنگیان لە خودی خۆیەوە سەرچاوەدەگرن، نەک لە کۆمەڵگە. بەواتایەکی دی و لەم ڕوانگەیەوە، ژیانی ڕەسەن لە تاکگەراییەوە سەرچاوەدەگرێت.   

 

تاکگەرایی گۆشەگیری و دوورەپەرێزی

لەم مۆدێلەی تاکگەراییدا، تاک بەشێوەیەکی بەرچاو پاشەکشێ لە کۆمەڵگە و بۆنە کۆمەڵایەتی و نەریتە کەلتوریەکان و بەژداربوون لە پڕۆسەکانی دیموکراسی و بەڕێوەبردنی وڵات دەکات. ئەمەیان تاکگەراییەکی ناتەندروستە بۆ تاک خودی خۆی و بۆ سیستەمی سیاسی و پرۆسەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت. 

بەواتایەکی دی، ئەم جۆرە تاکگەراییە کۆسپ بۆ ئەرکە ئاکاری و مەدەنی و نیشتیمانیەکان دروستدەکات، ئەو ئەرکانەی کە تاک، بە سیفەتی هاوڵاتیبوونی، چاوەڕێی پابەندبوون و جێبەجێکردنی لێدەکرێت لەلایەن کۆمەڵگەو دەوڵەت. ئەمە جگە لە دروستکردنی هەڕەشە لەسەر پێکەوەلکانی کۆمەڵایەتی و مانەوەی دەوڵەت و دواتر خودی تاک و هەموو ئەو داموو دەزگایانەی کە پارێزەری تاکگەرایین. 

تاکگەرایی هەرچەندە خۆی لەچوارچێوەی بەرژەوەندی و ئارەزوەکانی تاک دەبینێتەوە، هەموو تاکێک پێویستە جۆرێک لە پابەندبوونی هەبێت بەرامبەر ئەرکە ئاکاریەکان بۆ ئەوەی ببێتە یەکەیەکی پڕماناو کارا لە پڕۆسەی پاراستن و بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە بوونی زەرورەتێکە بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی ڕێکخراوو پاراستنی ماف و ئازادیەکانی تاک. 

 

کۆمەڵگەرایی 

کۆمەڵگەراییەکان پێیانوایە بەرژەوەندی تاک دەبێت بکرێتە قوربانی بەرژەوەندی گشتی و کۆمەڵگە، ئەگەر پێویستبوو، وە تاک پێویستە هاوڕێڕەو و هاوتەریب بێت لەگەڵ نەریت و بەرژەوەندی کۆمەڵگە، لەکاتێکدا تاکگەراییەکان بڕوایان بە بژاردەی ئازادەو پێیانوایە ماف و ئازادیەکانی تاک دەبێت بپارێزرێن و نابێت بکرێنە قوربانی بەرژەوەندی زۆرینە. 

 

چۆن بژین باشە؟

ئارەزوو بەرژەوەندیەکانی خود، یان خۆگونجاندن و هاوڕێڕەوی لەگەڵ کۆمەڵگە؟ چۆن بژین؟ ژیانێکی تاکگەرایی، یان کۆمەڵگەرایی؟ کامەیان باشترین ڕێگەیە بۆ ژیان؟ 

تاکگەرایی مۆدێلێکی سەردەمیانەی ژیانە کە تێیدا گرنگی و بەهاکانی ژیان لە خودەوە سەرچاوەدەگرن، نەک لە کۆمەڵگە. بە واتایەکی دی، تاکگەرایی بریتیە لە ژیانێک کە تێیدا تاک، پشتبەست بە خۆی، خودی خۆی بڕیار لەسەر ئێستاو و ئایندەی ژیانی دەدات، دوور لە کاریگەری نەریت و بەها کۆمەڵایەتی و چاوەڕوانیەکانی کۆمەڵگە، ژیانێک کە تێیدا تاک بەدوای ئارەزوو بەرژەوەندیەکانی خودی خۆیەتی، نەک هی کۆمەڵگە، ژیانێک کە تێیدا تاک خودی خۆی مانا بە ژیان دەبەخشێت لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی ئەو ئارەزوو بەهایانەی کە بەلای تاک خودی خۆیەوە گرنگن، نەک لەڕێگەی خۆگونجاندن و هاوڕێڕەویبوون لەگەڵ ئەو بەهاو نەریت و ئارەزوانەی کە بەلای کۆمەڵگەوە گرنگن، ژیانێک کە تێیدا تاک ژینێکی ڕەسەنی دوور لە نواندنی هەیە، ژیانێک کە تێیدا تاک خودی خۆیەتی، نەک کۆمەڵگە. ئەم جۆرە تاکگەراییە، هەرچەند خۆپەرست لە هەندێک ڕوانگەوە، مۆدێلێکی تەندروستە بۆ ژیان. 

 

تاک و بزوتنەوەی پۆپیولیستی

فەلسەفەی پۆپیولیزم لە چوارچێوەی ماف و ئازادیەکانی تاک دەخولێتەوە. بە واتایەکی دی، تاک کڕۆکی سیستەمی پۆپیولیستیە کە بانگەشەی دامەزراندنی "حکومەتی خەڵک، بۆ خەڵک، لەلایەن خەڵک" دەکات. بەڵام لە واقعداو لە هەموو دونیاشدا هەروایە، کۆمەڵێک خەڵک یان بژاردەیەک لە تاک حوکمی وڵات و کۆمەڵگە دەکەن. 

بزووتنەوەی پۆپیولیستی بۆ یەکەمجار لە ئەمریکا لە ساڵی 1830 ەکان سەری هەڵدا لەسەر دەستی یەکێک لە دامەزرێنەرانی حزبی دیموکرات و سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا "ئاندرو جاکسن"، کە پێیوابوو تاک نەک تەنها دەبێت مافی هەڵبژاردنی نوێنەری خۆی هەبێت لە وڵاتدا، بەڵکو دەبێت بەژداری کاراتری هەبێت لە بەڕێوەبردنی وڵات و هەتا مافی ئەوەی هەبێت ڕێنمایی نوێنەرانی گەلیش بکات. ئەم ڕەوتە لە 2016 سەریهەڵدایەوە کاتێک دۆناڵد ترەمپ بووە سەرۆکی ئەمریکا. 

بزوتنەوەی پۆپیولیستی، کە هاوشێوەی فەلسەفەی لیبەتێریانیزمە، ئیش لەسەر کەمکردنەوەی هەژموونی دەسەڵاتی سیاسی لەسەر تاک و قووڵکردنەوەی ماف و ئازادیەکانی تاک دەکات. بە واتایەکی دی، لە سیستەمی پۆپیولیستی، تاک دەوری سەرەکی دەبینێت لە ئایندەسازی وڵات و دەرفەتی زیاتری هەیە بۆ مومارەسەکردنی ماف و ئازادییەکان و فەزایەکی باشتری هەیە بۆ ئەوەی مانا بە ژیانی تاکگەرایی خود ببەخشێت. ئەم جۆرە سیستەمە ئێستا لە گەشەکردندایە لە دونیای سیاسەتدا، چونکە خەڵک بێزاربووە لە "deep state" و متمانە بە دام و دەزگاکانی دەوڵەت کەمبۆتەوە. 

 

تاک و دیموکراسی 

دیموکراسی سیستەمێکە کە تێیدا زۆرینە حوکمی وڵات دەکات لە چوارچێوەی دادپەروەری و سەروەری و سەربەخۆیی یاساو بەها مرۆیی و ماف و ئازادیەکانی تاک و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵات لە ڕێگەی هەڵبژاردنی ئازادانەو شەفاف. لەم جۆرە سیستەمەدا، تاک ناڕاستەوخۆ بەژدارە لە بەڕێوەبردنی وڵات، ئەویش لە ڕێگەی بەرجەستەکردنی مافی دەنگدان. واتا، دیموکراسی ڕاستەوخۆ کە تێیدا تاک ڕاستەوخۆ بەژدارە لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی وڵات، لە هیچ شوێنێکی دونیادا بوونی نیە.  بەڵام ئەوەی گرنگە بۆ تاک بەژداریکردنی ڕاستەوخۆ نیە لە پڕۆسەی بەڕێوەبردنی وڵات، بەڵکو بوونی دەستورێکی مۆدێرن و یاسای باش و دەسەڵاتێکی دادوەری سەروەرو سەربەخۆیە بۆ زامنکردنی ئازادی و مافە ئاکاری و سروشتیەکانی. هاوتەریب لەگەڵ یاسای باش، بوونی دەستورێکی مۆدێرن زۆر پێویستە بۆ دانانی سنور بۆ دەسەڵاتی سیاسی و پاراستنی ماف و ئازادیەکانی تاک. 

 

تاک و سیستەمی سیاسی 

هیچ دەسەڵاتێکی سیاسی، لە هیچ شوێنێکی دونیادا، کۆمەڵگایێکی زیرەک و چاوکراوەو وشیاری ناوێت، چونکە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەی وشیار ئاسان نیە. بۆیە زۆر پێویستە یاساو لایەنی جێبەجێکاری یاسا سەروەرو سەربەخۆبن، بۆ ئەوەی بەر بە زێدەڕەویەکانی دەسەڵاتی سیاسی بگرن و ماف و ئازادیەکانی تاک و بەها مرۆییەکان بپارێزن. 

بۆ ئەوەی خود بتوانێت تاکگەراییانە بژیت، دەسەڵاتی سیاسی پێویستە ئازادی و دادپەروەری دەستەبەربکات بۆ تەواوی کۆمەڵگە لەسەر بنەمای بەها مرۆییەکان و بێ ڕەچاوکردنی ڕەگەزو پاشخانی ئایینی یان سیاسی، بۆ ئەوەی هەموو تاکێک، نەک تەنها بژاردەیەک لە کۆمەڵگە، بتوانێت مومارەسەی ماف و ئازادیەکانی بکات و مانا بە ژیانی خۆی ببەخشێت.

لەو کۆمەڵگایانەی کە سیستەمی سیاسی تێیاندا نالیبڕاڵ و نادادپەروەرە، ئازادی و مافە ئاکاری و سروشتیەکانی تاک هەمیشە لە ژێر هەڕەشەی لەناوچونن. بەواتایەکی دی، لەو کۆمەڵگایانەی کە تێیاندا یاسا سەروەرو سەربەخۆ نیە، بژێوی ژیان و خۆشگوزەرانی تاک هەمیشە وەک وەسیلەیەک بۆ پابەندکردنی تاک بە ئایدۆلۆژیای سیاسی فەرمانڕەواو درێژەدان بەو ئایدۆلۆژیایە سەیر دەکرێت، نەک مەبەست یان ئامانج.

ئەم جۆرە سیستەمانە ئیش لەسەر پەکخستن و بەقەیرانکردنی تاک دەکەن لە ڕێگەی پەیوەستکردنی بژێوی ژیانی تاک و خۆشگوزەرانی، کە مافێکی سروشتی و ئاکاری مرۆڤە، بە پابەندبون بە مانەوەی سیستەمەکە. بۆیە تاک ناتوانێت خۆی بێت و تاکگەراییانە بژیت لەژێر دەسەڵاتی ئەم جۆرە سیستەمانەدا. 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×