نواندن یان  خۆنواندن 

حەمەئازاد بەرزنجی
  2023-07-22     168

 هەندێ جار هەندێ ، دیاردە و هەڵسوکەوت هەیە زۆر ئاساییەو جێگەی شانازیە . هەندێ جار هەمان ڕەفتار جیگەی ڕەخنەو سەرنجدانە  . جاران پینەی جل و بەرگ و دڕاوی ئاسایی بو . کەسانی نەدار و کەم دەرامەت کە جلەکانیان دەدڕا ئاسایی بو پینەیان دەکرد و دوبارە لەبەریان دەکردەوە  . زۆر جار  پینەکەش لەهەمان جۆر و لە هەمان ڕەنگی قوماشەکەش نەبو . یان هەر بەدڕاوی لەبەردەکرایەوە  . یان شڕوالەکە لەڕەنگێ بو مراخانی یان چۆغەکە لە ڕە نگێکی دیکە بو . چونکە شڕواڵ زیاتر دەدڕاو  و زیاتر لەبەر دەکراو کاری پێوە دەکرا . زۆر کەس جلی ئیش و ماڵەوە و هاتنە دەرەوە و شەونوستنی  هەر یەکێ بو . ئەمانە حاڵەتێکی زۆر ئاسایی بون .  زۆر نەنگو شورەیش  بو بۆ ئەو کەسانەی کە گاڵتەیان پێکردون و یان توانجیان لێداون .  لە و بڕوایەدام کەم کەسیش هەبوە لەو کاتەدا بە چاوی نزم سەیریان بکات ،  بەڵکو ئەوانە زۆر جار ئیشکەر و جێگەی متمانەی بازرگانە دەوڵەمەندەکانی ناو شاریش بون .

                    بەڵام سەرنجت دەدا  لەم کۆتاییانەدا جلی پینە کراو  دو ڕەنگ  و دڕاوی بوبو بە مۆدێل . بە تایبەتی لە پانتۆڵدا و بە تایبەتتر   لە پانتۆڵی کاوبوی دا ( هەر چەندە ئەو مۆدێلانە خوازراو و  وەرگیراو بون و زادە و لەدایکبوی ناو کۆمەڵی کوردەواری نەبون )  .  ئەمەیان بۆ خۆ دەرخستن بو .  بەڵام  ئەوی پێشو  زادەی نەبونی و واقعی کەمدەرامەتی  ناو کۆمەڵگاکە بو . تازەکەیان  نەک لە نەبونی و هەژاری بو بەڵکو نواندنی حاڵەتی هە ژاری بو لە لایەن داراو دەوڵەمانەکانەوە . واتە تەمسیلی هەژاریان دەکرد ، هەژار نەبون  نواندنی هەژاریان دەکردە مۆدێل و خۆیان دەنواند .

              هەرچەندە نواندن  ( تەمسیل ) هونەرە  و ئەوی کارەکەش دەکات هونەرمەندەو چەندان هونەرمەندی هەڵکەوتو و بەڕێزمان هەیە لەو بوارەدا . بەلام ئەم بەڕێزانە خۆیان دەزانن کە نواندن دەکەن  و نواندندنەکەشیان بۆ دەربڕینی  حاڵەتێک و هەڵسوکەوتی کەسانیک دەکەن  کە ئەمان دەیانەوی تەمسیلی ئەو کەسە یان ئەو شەخسیەتەی ناو دەقەکە بکەن  و بە خەڵکی بناسێنن . چاکترین نواندنەریش ( ئەکتەر ) ئەو کەسەیە  کە بتوانێ بەرجەستەی کەسی ناو دەقەبکات وەک خۆی . کەسایەتیەکە ئەرێنی و باش بێ وا لە بینەر و تەماشاکەر بکات خۆشی بوێت و کەسایەتیەکە  نەرێنی وخراپ بی وا لە تەماشاکەر بکات ڕقی لێبێتەوە و لە و کاتەدا لەبەردەستیدا بێ  بیفلیقێنێتەوە .  واتە ئەمان کاری هونەری نواندن دەکەن نەک خۆیان بنوێنن . واتە ئەو شەخسیەتەی ڕۆڵی دەبینن خۆیان نین و گەر شەخسیەتەکە خراپ بێ  و وەک وتمان نەرێنی بێت  کەسیان حەز ناکەن کەس وایان تەماشا بکات .

              ئیستا ئەم خۆنواندنە پەڕیوەتە ناو سیاسەت و ئیدارە و بەڕێوەبردنەوە .   خودی کاربەدەستەکە خۆی بودەڵە ، گەندەڵە ، ترسنۆکە ، بەلام خۆی پڤ دەکاتەوەو . فو دەکاتە خۆی و دەمێک دەیەوێ وەک سەرکردەیەک و  وەک فریاد ڕەسێک خۆی بنوێنێ  ، دەمیکی دیکە دەیەوێ  وەک خزمەتکارێکی ئەم کۆمەڵگەیەو وەک دڵسۆزێک و وەک دەستپاکێک خۆی بنوێنێ  .  کاربەدەستێکی باڵای حزب و حکومەتە ،  وەزیرێکە ، بەڕێوە بەرێکە ،  خاکەنازێکی گرتوە بەدەستیەوە ، چاڵ هەڵدەکەنێ ، کۆنکریت تێدەکات ، نەمام دەنێژێ . بە قات و بۆینباخ و جلیی کوردی دوا مۆدێلەوە ، ئوتوی کراسەکەی نە ژاکاوە ، یەخەی کراسەکەی نەک چڵکن نەبوە  و تۆزی لەسەر نەنیشتوە و  بەڵکە بریقەی دێ ، عارەق مەعنا بە ناوچەوانیەوە نیە .  دەیەوێ ڕۆڵی کرێکارێ  یان جوتیارێ ببینێت ، بەڵام لێیان  نایەت و فاشیلن  لە تەمسیلکردنەکانیاندا.

                   ئائەمە خۆنواندن نەبێ چیە ! ئاخر بەڕێز تۆ دەتوانی نەک ڕؤژێ بەڵکو تەنها یەک سەعات وەک کرێکارەکە ئیش بکەی  ؟  ناڵێین مەچۆرە سەرئیش بچۆ بەڵام تەمسیلی چینی کرێکار و جوتیار  مەکە و خۆت مەنوێنە و لێت نایە  ، چونکە تۆ درۆ دەکەیت کرێکار نیت و کرێکاریت پێناکرێ و هەستی خزمەتکردنی کرێکارو جوتیارەکەشت تیا نیە . گەر یەکێ لەوانە بیەوێ بتان بینێ بە دە  ئیستعلامات ناگاتە لاتان  . گەر ڕاست دەکەی  لە شوێنی ئیش و نوسینگەکەی خۆتەوە پاداشتیان بکە لە کاتی ماندو بونا ، غەدریان لێ مەکە ، موچەکەیان لەکاتی خۆیدا بدەرێ .

              یان کاربەدەستێکی سەربازی  هەربۆ کامێراکە ، خۆی دەدا بە عەرزاو تەقە دەکات و لە ژیانیدا نە چۆتە سەنگەرەکانی پێشەوە .  یان کاربەدەستێکی باڵایە خۆی دەکا بە چاخانەیەکدا  و لە شوێنە گشتیەکاندا دەردەکەوێ  ئەمە تەنها بۆ سەر شاشەی  تەلەفزیۆن و بەر زومی کامیرایە و بۆ ڕیکلام پێویستتانە وکۆمەڵێ کەس و هاوبیری پێشتر ئامادەکراوی خۆتان و، لە شونێکی پێشتر دەستنشانکراوی خودی خۆتاندا کۆدەکەنەوە ، لە ژێر پاسەوانیەکی چری شاراوەدا . بەحساب چونەتە ناو جەماوەر و دەتانەوێ لە کێشەو معاناتەکایان تێبگەن .

             دوبارە گەر ڕاست دەکەی دەتەوێ هاوکاریان بکەیت هەر لە ژورەکەی خۆتەوە دەتوانی فەرمان دەکەیت ، سەرە موچەکانیان بۆ هەژمار بکرێتەوە ، موچە بەندکراو و پاشەکەوتەکانیان بۆ بگێڕدرێتەوە ، یان هەر هیچ نەبێ لەبری قەرزی  ئاو و کارەبا  یان هەر قەرزێکی دیکەی حکومی کەلایانە بۆیان بەربژێر بکەی .  عەقدی ژێر بەژیری نەوت ‌هە‌ڵوەشێنیتەوە لە کاتی خۆیدا موچە بدەیت و واز لە قۆرغکاری ناوبازاڕ بهێنن  .  پارەی میلەت مەدەن بە ڤێلاو کۆشک و پاپۆرو ئەسپی گران بەها .  منداڵەکانتان بۆ  (عیدالمیلاد ) ێ  مەنێرنە دەرەوە  مەیان خەنە زانکۆی تایبەتەکانی خۆتان و بابە دەشیان خەن ،  بەزۆر و بە ڕیز  مەیان کەن بە یەکەم و دوەم با هەر وەک خەڵکە ئاساییەکە بن . لاسایی  ( المرحوم )  کاکە عودەی مەکەنەوە ، کە  (أیام زمان )  پۆلی شەشی ئامادەیی تەواوکرد ( ٩٩،٩٩ )  هێنابو ، لە وە دەچو لەو یەکەی دوای فاریزەکە غەدریان لێکردبێت ، گەر نا  سەدی دەهێنا . هیوای دوا ڕۆژێکی پرشنگدارتان بۆ دەخوازین ، گەر خوا بە نسیبتانی بکات . ئەی کەلە خۆتان ڕازی و میلەت لێتان ناڕازی .

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×