قوربانیانی شەش ساڵی رابردووی مەکینەی تیرۆری کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان

محەمەد ئەمینی
  2023-11-18     206

چالاکوانێکی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان کە پیشەی پارێزەرە، لە هەرێمی کوردستان کرایە ئامانج، وەک زۆرینەی تاوانەکانی پێشووی کردنەئامانجی چالاکوانانی رۆژهەڵات لە باشوور، ئەمجارەش پەنجەی تۆمەت بۆ هێزە ئەمنییەکانی ئێران رادەکێشرێت.
بەگوێرەی چەندین راپۆرتی نێودەوڵەتی و لێدوانی هەڵسوڕاوانی سیاسی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەدوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە، تیرۆر و سڕینەوەی نەیاران کۆڵەکەیەکی سەرەکی سیاسەتی ئەو دەوڵەتە بووە و بە شێوەیەکی سیستماتیک بەردەوام بەکارهێنراوە و وەک راپۆرتێکی پێشووی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی پێکردبوو، هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ماوەی ٤٠ ساڵی رابردوودا لە ٤٠ وڵات کردەوەی تیرۆریستییان ئەنجامداوە.
سەری ڕمی ئەو پەلامارانەش روو لە بەرهەڵستکارە کوردەکانی دەسەڵاتی تاران بوون و نزیکەی دوو لەسەر سێی قوربانیانی تیرۆر کورد بوون و بەشی هەرەزۆریشیان لە هەرێمی کوردستان کراونەتە ئامانج.
شەوی ١٦ی نۆڤەمبری ٢٠٢٣ لە ناو شاری هەولێر پاڕێزەرێکی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ناوی سوهراب رەحمەتی کە ئەرکی پارێزەرایەتی چەند دۆسیەیەکی تیرۆرکردنی چالاکوانانی سیاسی کوردی رۆژهەڵاتی لە هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بوو، لەبەردەم ماڵەکەی تەقەی لێکرا و بە سەختی برینداربوو.
ئەو پاڕێزەرە کە پێشتر رایگەیاندبوو، بەهۆی لەئەستۆگرتنی پارێزەرایەتی ئەو دۆسیانە لەلایەن هێزە ئەمنیەکانی ئێرانەوە هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، وەک یەکەمین قوربانی تیرۆری کۆماری ئیسلامی نەبووە، پێناچیت دوایەمینیشیان بێت.
پێشتر دامەزراوەی عەبدولرەحمان برومەند لە راپۆرتێکدا ئاماژەی پێکردبوو، کە لە دوای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لانیکەم ٥٤٠ بەرهەڵستکاری ئەو دەسەڵاتە لە دەرەوەی سنوورەکانی رووبەڕووی کوشتن و رفاندن بوونەتەوە، لەو ژمارەیە ٣٨٠ کەسیان لە هەرێمی کوردستان تیرۆر کراون کە دەکاتە زیاتر لە سەدا ٧٠ی قوربانیان.
بەشی هەرەزۆری ئەو تیرۆرانە لە ساڵانی ٩٠ەکانی سەدەی رابردوو روویانداوە، ئەو کاتە هەرێمی کوردستان بەهۆی شەڕی ناوخۆوە بە دۆخێکی ناسەقامگیردا تێپەڕدەبوو، ئەگەرچی هەرگیز مەکینەی تیرۆری کۆماری ئیسلامی رانەگیراوە، لە دوای ٢٠٠٣ و رووخانی رژێمی بەعسەوە، ژمارەی ئەو کردەوە تیرۆریستیانە کەمتربوونەوە، بەڵام هێزەکانی سەربەتاران هەر دەرفەتێکییان بۆ هەڵکەوتبێت نەیارە کوردەکانییان لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
لە دوای رووداوەکانی پاش ریفراندۆمی ٢٠١٧ و لاربوونی باری هەرێم بەرامبەر بە بەغدا و زیاتر بوونی هەژموونی ئێران لە عێراق، جارێکی دیکە مەکینەی تیرۆری کۆماری ئیسلامی لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی بەرچاوتر کەوتەوەکار.
جگە لە بۆردومانکردنی بنکە و بارەگای حزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان، کە دەیان قوربانی لێکەوتەوە، لەماوەی ئەو ٦ ساڵەدا لانیکەم ١٤ حاڵەتی تیرۆرکردنی چالاکوانانی سیاسی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون کە بەم جۆرەن:
رۆژی ٣-٣-٢٠١٨ لە بنەسڵاوەی هەولێر بۆمبێک بە ئۆتۆمبێلی سەڵاح رەحمانی پێشمەرگەی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێراندا تەقیەوە و بەهۆیەوە کوڕەکەی بەناوی سەباح ژیانی لەدەستدا و بۆخۆیشی بە سەختی برینداربوو.
رۆژی ٧-٣-٢٠١٨ قادر قادری لە فەرماندەکانی حزبی دیموکراتی کوردستان بە دەستڕێژی گولـلە لە چوارقوڕنەی سەر بە رانیە ژیانی لەدەستدا، بە تۆمەتی ئەو تیرۆرە پێنج کەس دەستگیرکران کە دواتر سزای لەسێدارەدان بە سەر سێ کەسیان و سزای زیندان بەسەر دوانیان سەپێندرا. (سۆهراب رەحمەتی پارێزەری ئەم دۆسیە بووە).
رۆژی ١٢-٤-٢٠١٨ بڵاوکرایەوە کە "حسێن یەزدانپەنا سەرۆکی پارتی ئازادی کوردستان لە هەولێر لەلایەن دوو ماتۆڕ سوارەوە تەقەی لێکرا و بە سوکی برینداربووە".
رۆژی ١٨-٧-٢٠١٨ ئیقباڵ مورادی ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و هەڵسوڕاوی سیاسی نزیک لە پەژاک لە نزیک پێنجوێن تەرمەکەی دۆزرایەوە. ناوبراو پێش ١٠ ساڵ لەو شوێنە لە کردەوەیەکی تیرۆریستی بە برینداری رزگاری ببوو.
رۆژی ٢٥-٩-٢٠١٨ لوقمان شەهابی پەنابەری سیاسی خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دەربەندیخان تەقەی لێکرا و بەسەختی بریندارکرا.
رۆژی ٤-٢-٢١ مەهدی رەزایی ناسراو بە زاگرۆس مانی و ئاکۆ فەتحی ناسراو بە شەوگەڕ چیا کە گەریلای پەژاک بوون، لە ناوچەی شلێری پێنجوێن تیرۆر کران.
رۆژی ١٥-٧-٢٠٢١ بێهروز رەحیمی ناسراو بە رێبین کە هەڵسوڕاوێکی سیاسی نزیک لە پەژاک بوو لە ناوچەی ژاڵەی نزیک سلێمانی تیرۆر کرا.
رۆژی ٧-٨-٢٠٢١ تەرمی موسا باباخانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حزبی دیموکراتی کوردستان لە هۆتێلێکی شاری هەولێر دۆزرایەوە، تۆمەتباری سەرەکی ئەو کردەوە تیرۆریستیە بە ناوی سەرمەد داود ناسراو بە سامان ئیلامی توانی خۆی قوتار بکات و بگەڕێتەوە بۆ ئێران.
رۆژی ٣١-١٢-٢٠٢١ تەرمی ئەحمەد بێخەم ناوسراو بە هەڤاڵ کەژوان کە ماوەیەک شەڕڤانی یەپەگە و لە ساڵی ٢٠١٦ەوە لە هەولێر دەژیا، لە ناو ماڵەکەی خۆی لەو شارە دۆزرایەوە و شوێنی ئەشکەنجە بە تەرمەکەیەوە بەدیکرابوو.
رۆژی ٧-٧-٢٠٢٣ دوو پێشمەرگەی حزبی دیموکرات بە ناوەکانی عادل موهاجیر و لوقمان ئاجی لە سەیرانگایەکی قەڵادزێ دراژە بەر دەستڕێژی گولـلە و ژیانیان لەدەستدا. تۆمەتباری سەرەکی ئەو تاوانە بە ناوی رەسوڵ ئازەرەخش توانی خۆی قوتار بکات و بگەڕێتەوە بۆ ئێران.
رۆژی ١٤-٧-٢٠٢٣ سیامەند شابۆیی پێشمەرگەی حزبی دیموکرات لە ناحیەی بەحرکەی هەولێر تیرۆرکرا.
رۆژی ١٦-١١-٢٠٢٣ لە ناو شاری هەولێر سۆهراب رەحمەتی ئەندامی حزبی دیموکرات و پارێزەر لەبەردەم ماڵەکەی تەقەی لێکرا و بریندارکرا.
لە زۆرینەی رەهای تیرۆرکردنی بەرهەڵستکارە کوردەکانی ئێران، ئەنجامدەران لە یاسای و سزا قوتاریان بووە و ئەمەش بە یەکێک لە هۆکارەکانی بەردەوامی ئەو تیرۆرانە دادەنرێت، بۆیە کردنە ئامانجی پارێزەرێک وەک هەوڵێک دادەنرێت بۆ ئەوەی ئەو دۆسیانەی کراونەتەوە، بە دەردی دۆسیەکانی دیکە بچن و ئەنجامدەرانی ئەو دۆسیانەش لە سزا دەربازیان بێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×