جوڵەیەكی خۆڕسكی جەماوەری یان گەمەیەكی هەواڵگری؟ دوو دیوی ناڕەزایەتیەكان بەرامبەر بە سوكایەتیكردن بە جلوبەرگی كوردی

محەمەد ئەمینی
  2021-01-22     504
شاراوە نییە كە حكومەتی ئێستای ئێران و حكومەتی پاشایەتیش، هەموو هەوڵێكیان بۆ سڕینەوە و تواندنەوەی كلتور و زمان و تایبەتمەندیەكانی پێكهاتە نەتەوەییەكانی ئەو وڵاتە لە نێویاندا كورد خستوەتەگەڕ و بە پلان و پیلانەوە كاری بۆدەكەن.
میدیای فەرمی حكومەتیش لە پرۆسەی تواندنەوەدا رۆڵی سەرەكی پێسپێردراوە و لە چوارچێوەی فیلم، دراما و بەرنامەكانی هەموو هەوڵێك دەخاتە گەڕ، كە زمانی پێكهاتە نەتەوەییەكان بە بن زاراوە و زاراوە ناو ببرێن و كلتورەكەی بە دواكەوتوو و جلوبەرگەكەشی بە ناسەردەمیانە و لە باشترین حاڵەتدا نەك بە جلوبەرگی نەتەوەیی بەڵكوو جلوبەرگی خۆجێیی و لۆكاڵی ناوزەدی دەكەن.
بۆیەش هەر جۆرە هەوڵ و بەرپەرچدانەوەیەكی ئەو سیاسەتە نادیموكراسی و شۆڤینیستیە جێگەی رێزە.
لە رۆژانی رابردوودا گرتەیەكی ڤیدیۆیی بەرنامەیەكی تەلەڤزیۆنی دوو ساڵ بەر لە ئێستای كاناڵی دووی فەرمی دەوڵەتی ئێران بڵاوكرایەوە، كە تیایدا پێشكەشكاری بەرنامەكە، كە خۆی وتەنی نیوە كوردە و لە كرمانجەكانی خۆراسانە، جلوبەرگ و بەتایبەتی كوڵەباڵی بەر میوانە كوردەكەی بە جلی شوانی ناوبرد، ئەوەش كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
تەنانەت دەنگی ئەو بەناو نوێنەرانەی شارەكانی رۆژهەڵات لە پەرلەمانی ئێرانیشی دەرهێنا، كە جێی متمانە و لە فیلتەر تێپەڕیوی كۆماری ئیسلامین و زۆرجار بۆ پرسە جەوهەریەكان و پێشێلكارییە ئاشكارانی بەرامبەر بە گەلی كورد لەو بەشە بێدەنگ و بێ نوزەن.
ئەو جوڵە جەماوەرییەی لە شەقام و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بەرامبەر بەو وتەیەی پێشكەشكارەكەی كاناڵی فەرمی حكومەت هاتە ئاراوە، دیوێكی جوانە و مایەی پێزانینە، چونكە خاوەندارییە لە ناسنامە و بەها نەتەوەییەكان.
لێ دیوی دووەم زۆرتر پەیوەندی بە كاتەوە هەیە، هەڵبژاردنی ئەو كاتە و كردنە پێخۆری گرتەیەك كە دوو ساڵی بەسەردا تێپەڕیوە، بەتەواوەتی جێگەی تێڕامان و گومانە.
ئەوەی زیاتر ئەو گومانە تۆختر دەكاتەوە، هاوكاتبوونیەتی لەگەڵ هەڵمەتێكی چڕی رەشبگیری چالاكوانانی رۆژهەڵات لە لایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە.
لە دوو هەفتەی رابردوودا نزیكەی 50 چالاكوان و خوێندكاری زانكۆی كورد دەستگیركراون. بۆیە نابەجێ نییە ئەگەر بوترێت، كە زەقكردنەوەی پرسی جلوبەرگی كورد لەوەها دۆخێكدا زیاتر لە گەمەیەكی هەواڵگری بە ئامانجی بەلاڕێدابردنی سەرەنجی رای گشتیی لەسەر ئەو رەشبگیریە دەچێت.
بەتایبەتی كە بە ناو نوێنەرانی كورد و ریفۆرمخوازە كوردەكان لە سەر كوشتاری رۆژانەی كۆڵبەران و گرتن و راوەدونانی چالاكوانان بێدەنگ و بێ هەڵوێستن، كەچی بۆ پرسێكی لەم جۆرە سنگ دەدەپەڕێنن و لە پەرلەمان دەنەڕێنن و خۆیان دەكەن بە داكۆكیكار لە بەها نەتەوەییەكان.
بۆ پارێزگاری لە دیوە جوانەكەی ئەو جوڵە مەدەنیەی لەسەر رەتكردنەوەی سوكایەتی بە جلوبەرگی كوردی هاتە ئاراوە، پێویستە ئەو هەنگاوە بەربڵاوبكرێت بكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو ستەم و پێشێلكارییەكان، بەتایبەتی لەئێستادا بۆ بەرگریی لەو كچ و كوڕە چالاكوانانەی لە زیندانەكان توندكراون.
خۆبەردورگرتنیش لە دیوی دزێو و بوون بە بوكەڵەی گەمەكانی سوپای پاسداران و ئیتلاعات پێویستی بە وشیاری هەیە و پوچەڵكردنەوەی تەنها هەستیاربوونەوە بەرامبەر بە هەموو چەوساندنەوە و هەڵاواردنێك بە بێ جیاوازی، بۆ ئەوەی ئەگەر گەمە و چاوبەستێكیش لە ئارادا بێت هەڵبگێڕدرێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×