فشاركردن و چاوسوركردنەوە لە مامۆستایان ڕێگەیه‌كی ناتەندروستە

ئه‌حمه‌د محمود
  2024-01-19     355

زیاتر لە وەرزێكە پرۆسەی خوێندن لە بەشێكی گەورە لە هەرێمی كوردستان بەهۆی بایكۆتی هۆڵەكانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە پەكی كەوتوە، سەرجەم بەرپرسە پەرورەدەییەكان و ئەوانەی كە خۆیان بە بەرپرس دەزانن لە دەڤەری بایكۆت لەوانە پارێزگاری سلێمانی پڕ بەگەرویان هاوار دەكەن كە پرۆسەی پەروەردەو خوێندن لەم دەڤەرە لەمەترسیدایەو لەسەر لێواری تیاچونەو هەموشیان دەڵێن ئێمە لەگەڵ داواكارییەكانی مامۆستایانین و سەرجەمیان ڕەوان، لە هەمان كاتدا لەگەڵ پێنانە ناو ساڵی نوێ و نزیكبونەوە لە سەرەتای وەرزی دوەمی خوێندن بە پلانێك كەوتونەتە فشارو چاوسوركردنەوەو هەڕەشە لە مامۆستایان تاكو ناچاریان بكەن بە گەڕانەوە بۆ هۆڵەكانی خوێندن.

من وەك كادرێكی پەروەردەیی و خەمخۆری پرۆسەكە كە حەزدەكەم هەر ئێستا ناوەندەكانی خوێندن بكرێنەوە وای نابینم ڕێگەی فشارو هەڕەشە ڕێگە تەندروستەكە بێت، بەڵكو ڕێگەیەكی ناپەروەردەییەو دۆخەكە ئالۆزتر دەكات، ئەوەتا نزیكەی دە ڕۆژە فشارەكان دەستی پێكردوە بەشێكی كەمی مامۆستایان چونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن، ئەو پلانەی كە بەرپرسانی پەروەردە بۆ دەڤەری بایكۆت دایاننابو كە لە (9/1/2024) تاكو (1/6/2024) دو وەرزی خوێندن بەڕێ بكرێت ئەویش تێكچو، نزیكەی دە ڕۆژی ڕۆیشت هێشتا بایكۆت بەردەوامە،  بۆیە دەپرسم: ئایا بەفشارو چاوسوركردنەوەو هەڕەشە دەتوانین پرۆسەیەكی خوێندنی تەندروست دەستپێبكەینەوەو خوێندن بخەینەوە سەر سكەی خۆی؟ بێگومان نەخێر، ئایا فشارەكان كاریگەری لەسەر تەواوی مامۆستایان دەبێت و لەتەواوی دەڤەری بایكۆت دەستبەجێ دەرگاكانی ناوەندەكانی خوێندن دەكرێنەوە؟ نەخێر، ئایا ئەگەر مامۆستایانیش سەرجەمیان بەفشارەكان گەڕانەوە ناوەندەكانی خوێندن بە دەرونێكی تێكشكاو بەشكۆی برینداركراویەوە ئامادەیە لە پۆلەكەیدا وەكو پێویست پرۆسەكە بخاتەوە سەرپێی خۆی و وانەكانی بەشێوەیەكی تەندروست بڵیتەوە؟ نەخێر، ئەگەر لە ئێستاشدا بە فشارەكان خوێندن دەستی پێكردەوە ئایا هیچ گرەنتییەك هەیە لە سەرەتای ساڵی ئایندە دیسانەوە بایكۆت دەستپێنەكاتەوەو خوێندن بە هەمان دەردی ئەمساڵ نەڕوات؟ ئەمیش هەر نەخێر.

كەواتە باشتر نییە بیرلەوە بكەینەوە كە بەشێوەیەكی تەندروست و لە ڕەگوڕیشەوە چارەسەری كێشەكە بكەین؟ باشتر نییە بیر لەڕیگەی دوەم بكەینەوەو بە هەمومانەوە كار بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی مامۆستایان بكەین كە وادەكات مامۆستایان زۆر بەئاسانی و بەبێ هیچ فشارێك و بەبێ هیچ لێكەوتەیەكی نەرێنی لەسەر پرۆسەی خوێندن دەستبكەنەوە بە دەوام كە ئەویش جێبەجێكردنی لایەنی كەمی داواكاری و مافەسەرەتاییەكانی مامۆستایانەو هەموشمان پێیان دەڵێین داواكاری و مافەكانتان ڕەوایەو لەگەڵیداین، بەڵام ڕەوایەتی دان و لەگەڵ بون تەنها بە قسە كام خاڵ لەداواكانیان جێبەجێ دەكات؟ گیرفانی كام مامۆستا گەرم دەكاتەوە؟ منداڵی كام مامۆستا پۆشتەو پەرداخ و تێر دەكات؟ ماڵی كام مامۆستا لە سەرمای زستان دەپارێزێت و گەرمی دەكاتەوە؟

كەواتە بۆچی بە ئاڕاستەیكی تر كار بۆ كردنەوەی ناوەندەكانی خوێندن نەكەین، بۆچی بەرپرسی پەروەردەی گشتی پارێزگاو بەرپرسی پەروەردەی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای ناو شارو قەزاكان و بەڕێوەبەرێتی سەرپەرشتیكردنی پەروەردەیی پارێزگاو یەكەكانی سەرپەرشتیكردن لەناو ناوەندی شارو قەزاكان و تەنانەت پارێزگارو بەرپرسە حزبیەكانیش لە جێگەی فشار كار بۆ داواكاری و مافەكانی مامۆستایان ناكەن و لەگەڵ بەڕێز وەزیری پەروەردەو سەرۆكی حكومەت قسە ناكەن و بڵێن جەنابی وەزیری پەروەردە جەنابی سەرۆكی حكومەت تەنها دو خاڵ لە داواكارییەكانی مامۆستایان بە بەڵێنێكی فەرمی و بە نوسراو بەبێ ئەگەرو نەگەر جێبەجێ بكەن كە خۆی دەبینێتەوە لە پلەبەرزكردنەوەو بە گرێبەستكردنی مامۆستایانی وانەبێژ، لەكاتێكدا خۆتان دەڵێن داواكارییەكانیان ڕەوان و لەگەڵیداین و لەكاتێكیشدا ئەم دوخاڵە بارگرانیەكی ئەوتۆ لەسەر حكومەت دروست ناكات و مافی هەرە سەرەتایی و ڕەوای مامۆستایانیشە، تاكو چیتر پرۆسەی خوێندن لەم دەڤەرە شەلەل نەبێت و پەكی نەكەوێت و نەپەڕێتەوە بۆ دەڤەری ئەولاش، تاكو لەوەزیاتر لەمەركەزو لە نێوەندە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان ناوی كیان و هەرێمەكەمان نەزڕێت.

لە كۆتایی دا دەڵێم  تكایە پرۆسەی خوێندن بە عینادی و كەللـەڕەقی و دروستكردنی فشارو هەڕەشەی نان بڕین بەڕێوەناڕوات، مامۆستایان سەرجەمیان دایك و باوك و براو خوشك و كوڕو كچ و كەسوكاری خۆمانن، ئیتر بۆچی لەمافێكی سەرەتایی و ڕەوای خۆیان بێ بەشیان بكەین؟ بۆچی دڵیان خۆش نەكەین؟ بۆچی بە دەرونێكی تەندروستەوە نەیانگێڕینەوە بۆ ناوەندەكانی خوێندن تاكو لەوە زیاتر مناڵە چاوگەشەكانمان لەخوێندن دانەبڕێن و بێبەش نەبن؟ تكایە باهەمومان دەستخەینە ناو دەستی یەكترو لەخەمی پرۆسەكەدا بین و لە ڕێگە تەندروستەكەوە كێشەو ئاریشەكان چارەسەربكەین نەك بە فشارو چاوسوركردنەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×