کاریگەری شۆڕشی بەهاری عەرەبی لەسەر 17ی شوبات لەباشوری کوردستان 

ئەیوب سڵێمان
  2024-02-17     202

شۆڕشی بەهاری عەرەبی، بزووتنەوەیەکی گەورەی ناڕەزایی بوو لە کۆتاییەکانی ساڵی ٢٠١٠ و سەرەتای ساڵی ٢٠١١ لە هەندێک وڵاتی عەرەبی دەستیان پێکرد، لە ڕۆژی ٢٠١٠/١٢/١٧ لاوێکی هەژاری وڵاتی تونس بەناوی "موحەممەد بوعەزیزی" گڕی لەجەستەی بەردا، ئەم گڕەش کەژاوەی هەندێک لە وڵاتانی دیکتاتۆری عەرەبی سوتاند، ئەو ڕوداوە بوو بەدەستپێکی شۆڕشی چەوساوەکانی وڵاتانی عەرەبی، لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٠ کڵپەی ڕاپەڕینەکە هەڵگیرسا و بڵێسەی شۆڕشەکە لەتونسەوە پەرەی سەند گەیشتە زۆرینەی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

هۆکارە سەرەکییەکانی شۆڕشەکە لەمەڕ گەندەڵی بە هەموو جۆرەكانیەوە، چەقبەستویی ئابوری و خراپی ژیانی هاووڵاتیان، تەنگبوونەوەی دۆخی سیاسی و خراپی باری ئاسایش و تەنگەتاو كردنی دەنگە ناڕازییەكان، ناڕوونی و دەستكاریكردنی دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردن كە خەڵكی بەدەروازەی سەرەكی گۆڕانكارییەكانیان دەزانی.

 

زلـلەیەك بەئەندازەی هەورە بروسکە گڕی بەردایە شۆڕش:

بوعەزیزی سەرلەبەیانی ڕۆژی ٢٠١٠/١٢/١٧ دوای ڕێكخستن و دانانی سەوزە و میوەكانی پاڵ بەعەرەبانەكەیەوە دەنێت، بەڵام هەندێك لە پۆلیسەكانی شارەوانی "سیدی بوزید" ناهێڵن بچێتە بازاڕی میوەفرۆشان، ئەویش پەنا بۆ برازایەكی خۆی دەبات تا پۆلیسەكان لە دۆخی تایبەتی "موحەممەد" تێبگەیەنێت و ڕێگەی بدەن كارەكەی بكات، بەڵام بەرپرسی پۆلیسەكان ڕەتی دەكاتەوە، دواتر خانمە پۆلیسی شارەوانی بەناوی "فادیە حمدی" لە بەرچاوی خەڵكێكی زۆردا زللەیەك لە دەموچاوی "موحەممەد" دەدات و پاڵ بە عەرەبانەكەیەوە دەنێت و بەزمانی فەڕەنسی پێی دەڵێت:(Dégage-ارحل – بڕۆ یان بۆ دەرەوە)، ئیدی ئەو دەستەواژەیە بوو بە دروشمی سەرەكی خۆپیشاندانەكانی تونس و دواتریش وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت باشووری كوردستانیشی گرتەوە.

دوای ئەوەی بوعەزیزی بەهۆی زۆری سوتاوی جەستیەوە گیانی لەدەستدا، یەکەم گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە لە تونسەوە دەستیپێکرد، ناڕەزایەتییەکان زۆر زیاتربوون و لە سەرانسەری تونس تەقینەوە و پێکدادانی توند لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەراندا ڕوویدا، دوای لەدەست دەرچوونی دۆخی وڵات بەناچاری سەرۆکی تونس "زین العابدین بن علی" زۆری بۆ هات و لەناكاو پەنای بردە بەر وڵاتی سعودیە و بۆ هەمیشەیی ئەو وڵاتەی بەجێهێشت، دادگای تونس بە غیاب دادگایی ناوبراوی كرد و بڕیاری (٢٠٧) ساڵ زیندانی و سزای (٢١٨) ملیۆن دیناری تونسی بۆ دەركرد.

شۆڕشی بەهاری عەرەبی لە ڕووخاندنی پێنج ڕژێم و سەرۆک سەرکەوتوو بووە، یەکەم وڵات لە تونسەوە دەستیپێکرد، پاشان هاووڵاتیانی وڵاتی میسر وەک دووەم وڵاتی عەرەبی لە ٢٥ی کانوونی دووەمی ٢٠١١ دژی سەرۆکەکەیان خۆپیشاندانی ملیۆنیان لە قاهیرە دەستپێکرد و توانیان "موحەممەد حوسنی موبارەک" لە سەرکردایەتی وڵات دوور بخەنەوە.

یەمەن سێیەم وڵاتی عەرەبی بوو لە ٢٠١١/٢/١١ شۆڕشی جەماوەری و خۆڕسک سەری هەڵدا، دواتر شۆڕشەکە لە مەدەنیەوە گۆڕدرا بۆ خەباتی چەکداری، هەرچەندە "عەلی عەبدوڵا ساڵح" سەرۆکی وڵات کوژرا.

ئوردن و بەحرەین لە ١٤ی شوباتی ٢٠١١ خۆپیشاندانی جەماوەریان بەخۆیانەوە بینی، ئوردن بە گۆڕانکاری کابینەی حکومەتی وڵاتەکەیی و بەحرەینیش بەسەرکوتکردن کۆتایی پێهێنا.

لیبیا وڵاتێکی دیکەی عەرەبی بوو شۆڕشی تێکەوت، لە١٧ی شوباتی ٢٠١١ خەڵکی شۆڕشیان دەستپێکرد، شۆڕشەکە خەباتی چەکداری و توندوتیژی بەخۆیەوە بینی، لە ٢٠١١/١٠/٢١ موعەمەر قەزافی لەشاری سێرت کەوتە بەردەستی شۆڕگێرانی لیبیا و کوژرا، ئەوەش کۆتایی دەسەڵات و سەرکەوتنی شۆڕش بوو.

سوریا لە ٢٠١١/٢/٢٦ شۆڕش تیایدا هەڵگیرسا و گۆڕا بۆ شەڕێکی ناوخۆیی سەخت، چەندین ساڵە خەباتی چەکداری بەردەوامە، دەیان هەزار کەس کوژران و سەدان هەزار کەس ئاوارەبوون، تا ئێستا سەرۆکی وڵاتی سوریا "بەشار ئەسەد" ماوەتەوە و کوشتار بەردەوامە.

لەهەندێک وڵاتی دیکەی عەرەبی شۆڕش سەری هەڵدا، بەڵام هەر زوو کۆتایی پێهێنراو گۆڕانکاریش نەکرا. سعودیە و جەزائیر و جیبۆتی و عومان و عێراق و کوێت، لەگەڵ چەند وڵاتێکی دیکەی گرتەوە.

 

کڵپەی بەهاری عەرەبی باشووری کوردستانی گرتەوە

هاوشێوەی بەشێك لە وڵاتانی ناوچەكە شۆڕشی بەهاری عەرەبی هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە، لە ڕۆژی ١٧ شوباتی ٢٠١١ ژمارەیەك چالاكوانی مەدەنی داوای مۆڵەتی خۆپیشاندانیان كرد لە پارێزگاری سلێمانی بەمەبەستی پشتیوانی لەخۆپیشاندانی وڵاتانی میسر و تونس، بەڵام دوای دوو كاتژمێر لە خۆپیشاندانەكە خۆپیشاندەران بەرەو "بارەگای لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان" ڕۆشتن و لەوێ بەهۆی پێكدادانی نێوان پاسەوانەكانی لق و خۆپیشاندەران كەسێك شەهید بوو و ژمارەیەك خۆپیشاندەریش برینداربوون.

ڕۆژانی دوای ١٧ی شوبات لە زۆرینەی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان هاووڵاتیان دژی خراپی سیستمی حوكمڕانی و گەندەڵی خۆپیشاندانیان كرد، بەكۆی گشتی بەهۆی ڕوداوەكانی ١٧ی شوبات و ڕۆژانی دواییەوە (١٠) كەس لەسنووری ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین و پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە، شەهید بوون و دەیانی دیکەش برینداربوون.

 

داواكاری خۆپیشاندەرانی ١٧ ی شوبات:

خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات داوای ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و شەفافیەت و كۆتایی هێنان بەدەسەڵاتی حزب لە زانكۆ و بازاڕ و دادگایان دەكرد، سەرباری ئەوەش داوایان دەكرد بارەگا حزبییەكان لە بینای حكومەت بهێندرێنە دەرەوە و چاكسازی گشتیش ئەنجام بدرێت. بزوتنەوەی گۆڕان بەیاننامەیەكی حەوت خاڵی بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێم خستەڕوو و تێیدا داوای هەڵوەشاندنەوەی هەر سێ سەرۆکایەتییەكەی حكومەتی هەرێمی کوردستانی کرد.

پاشان مەسعود بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕی دەستبەرداری پۆستەكەی ببێت و پێشنیاری ئەوەی كرد كەسێكی تر خۆی بۆ ئەو پۆستە ئامادەبکات، پەرلەمانی كوردستانیش بریاری ژمارە ١٧ی دەركرد كە جەختی لە چاكسازی دەكردەوە "ئەگەرچی زۆرینەی خاڵەكانی بڕیارەكە جێبەجێ نەكران" لەبەرامبەردا بەشێكی تری چاودێران پێیان وایە مادام دەسەڵاتی یەكێتی و پارتی ماوەتەوە و بگرە بەهێزتریش بوون، کەواتە ١٧ی شوبات ئامانجەكانی لە باشووری کوردستان بەدی نەهاتوون.

زۆرترین بینراو
زیاد جەبار: یەكێتی بەشداری هیچ كۆبونەوەیەك ناكات بۆ دواخستنی هەڵبژاردن
نوێترین زانیاری‌ له‌باره‌ی‌ واده‌ی‌ ڕەوانەكردنی موچه‌ی‌ مانگی‌ 4ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم
رێكخراوی سی پی تی: لەئەگەری هێرشی توركیادا 75%ی خاکی پارێزگای دهۆک لەدەست دەدرێت
نوری مالیکی: بیستوومانە لە سەرۆکایەتى هەرێمى کوردستانەوە بڕیارێک دەرچووە بۆ دواخستنى هەڵبژاردن
وەزیری دەرەوەی توركیا: ئەردۆغان گرنگی بە پاراستنی پەیوەندی باشی نێوان بەغداو هەولێر دەدات
هادی عامری: بەبانکیکردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم کۆتاییهاتوه‌و ئەوە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵییە
ئەمریکا توڕه‌یى‌و نیگەرانی لەبڕیارێكى عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەرەنگاربونەوەی هاوڕەگەزخوازی ڕاده‌گه‌یه‌نێت
كاتی گەیشتنی پارەی مووچەخۆران ئاشكرا كرا
ناوەڕۆکی کۆبونەوەی سەرۆکی هەرێم‌و سەرۆک وەزیرانی عێراق
سروە عەبدولواحید بۆ لایه‌نه‌سیاسییەکان: ملکەچی ئیرادەی پارتی مه‌بن‌ بۆ دواخستنی‌ هه‌ڵبژاردن
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×