دیبەیت و جەھل

ئاسۆ عەبدوللەتیف
  2024-12-03     293

دیبەیت و مونازەراتی ئاینی توند بەوجۆرەی لێرەو لەوێ ماوەیەکە بۆتە مۆدێل و باس و خواس و قۆڵبادانی فیکری و ئایدۆلۆژیی کەڵکی نیەو قوڵایی زانستی و میتۆدی فیکری و ئەبستمۆلۆژیانەی نیە، بەتایبەت ئەوەی لەتیک تۆک و لەژێر جەبری پۆلیسی ئەوروپی و سۆسیالدیموکراتی سوید لەم ڕۆژانەداو لەمزگەوتێکدا سازکرا.

ئەوە جەھل و دیبەیتی ناھاوسەنگەو خزمەتە بە دژبەرانی خودی دین و کەس موستەفید نیە لێی، چونکە فیکرو مەقاسیدو بورھان و بەڵگەی شەرعی و ڕۆحانی و قورئانیی ئەڵقەیەکی ونە تیایدا، دیبەیت زۆرە لەمێژووی جیھانی ئیسلامی و بەرەی حەق و باتیڵ و باوەڕدارو بێباوەڕاندا، ئەوە دیبەیت بوو وای کرد کاتی خۆی موفتیەکانی دەربارو ساختەی دەوروبەری زاھیرشای کوڕی سەڵاحەددینی ئەیوبی لەحەلەب، شاکەیان خەڵەتاندو دینیان تەحریف کردو شێخ شیھابەدین سوھرەوەردیی شێخی ئیشراقیان، بەو قەدەرە تاڵە سپارد لە قەڵایەکی چۆڵ و ھۆڵدا بەجێیان ھێشت.

ئێستا دژە مونەوەرانی دینی، دینبازان و نەزانەکانی دونیای تەفسیرو تەئویل و سیرە، یاریەکی زیرەکانە دەکەن بۆ لێدان لە گوتاری زوھدو عیرفان و ئیشراق و فەلسەفەی ئاینی و ئاینی محمدی درودی خوای لەسەر.

لەلایەکی ترەوە قوڵبوونەوەی ئاینی و خزمەتکردن بە عەقیدەی ئیسلامی ساف و بێگەرد بوونی نەماوە، ئایدۆلۆژیای ئیسلامی ڕوکەش و حیزبیی ھەیە کە بەتەواوی مەترسییە لەسەر کۆی گوتاری ئیسلامی و کەلەپوری دینیمان و جارناجار لەو پرەنسیپە قورئانیانەش لائەدەن بەناوی دیبەیت و بەڵگەی عەقڵانی لەکاتێکدا بەشە سەرەکیەکەی دین بۆخۆی غەیبانیەت و ڕۆحانیەت و تەسلیمی موتڵەقەو دەبێ باوەڕت لەسەر نادیارەکان جێگیربێ ئینجا عەقیدەت سالمە، خوای گەورە دەفەرموێ؛

 

«إن الله عنده علم الساعة وينزل الغيث ويعلم ما في الأرحام وما تدري نفس ماذا تكسب غدا وما تدري نفس بأي أرض تموت إن الله عليم خبير ‌‌{سورەی لقمان 34 }»
 ھەروەک لە فەرموودەیەکی رەسوڵدا ھاتووە؛
«مفاتيح الغيب خمس لا يعلمها إلا الله، لا يعلم ما تغيض الأرحام إلا الله، ولا يعلم ما في غد إلا الله، ولا يعلم متى يأتي المطر أحد إلا الله، ولا تدري نفس بأي أرض تموت إلا الله، ولا يعلم متى تقوم الساعة إلا الله»

ئێستا مامۆستای کاریزما، مودەڕیسەکان و شێخانی بەویقارو مێزەرسپی بەرز، خاوەن عیلم ڕوو لە کەمبوونەوەن و ئایکۆنە ساختەکان زیادیان کردوە بەپشتیوانی تەفسیری ماددیگەرایی و ئەبستراکت بۆ قورئان و دین و بۆ خۆدەرخستن کە ماکینەیەکی ئایدۆلۆژیی گەورەی ئیقلیمی لەپشتەو بانگخواز تابێ زیاددەکاو موئمین و موتتەقی و مولتەزیمیش تابێ کاڵترو کەمتردەبێتەوە، یان ھەندێک بوونەتە بانگخوازی ئەفەندی و خەریکی دیبەیت و ھاش و ھوش و ھاوارو تەکفیرو تەحقیری ئەویترن، قوڵایی عیرفان و ڕۆحانیەتیان نیە. زاناو عاریف نیین بەدین، خەریکی وەعزی دینی و وەزیفەسازین و لەسەر سۆزو توێکڵ و قیاسی دەق و نەقڵ و دیوە زاھیریەکان دەژین.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×