دیموکراسییەت‌و میراتەکەی‌ مەسعود بارزانی ​

مایکڵ ڕۆبن
  2019-03-08     1144
"لەدوای دیارنەمانی دیموکراسییەت، ئەو میراتەی مەسعود بارزانی لەدوای خۆی جێیهێشت لەناودەچێت"

ئێستا کاتی ئەوەیە مەسعود بارزانی بیر لەو میراتە بکاتەوە کە لەدوای خۆی جێیهێشت. پێدەچێت هەندێک کەس وابیربکەنەوە کە مەسعود بارزانی وەک سەرکردەیەکی مەزنی نەتەوەپەرست، شوێن پێی مستەفا بارزانی باوکی گرتووەتەبەر، بەڵام لە راستیدا بەو شێوەیە نیە. مێژووی ڕێککەوتن و لەباوەشگرتنی سەدام حسێن لەلایەن بارزانییەوە ئەو راستییە دەسەلمێنێت کە بارزانی زیاتر پارە و سامان و دەسەڵاتی بەلاوە گرنگبووە نەک ئاواتەکانی کورد.

بەهێزکردنی بنەماڵەکەی وکەڵەکەکردنی سامانەکەشی ئاماژەن بۆ ئەوەی کە نەیتوانیووە ڕۆڵی خۆی لە سەرۆکی عەشیرەتێکەوە بگوازێتەوە بۆ سەرۆکێکی نەتەوەیی بۆ گەلەکەی.

پێشهاتەکانی ئەم دواییە دەریدەخەن، بارزانی لەم ساڵانەی دواییدا بیروباوەڕ و هەستی نەگۆڕاوە. تا ئێستاش لەو کۆشک و تەلارەی دەژی کە لە رابردوودا لەلایەن سەدام حسێن و دواتریش لەلایەن ئەوەوە دەستی بەسەرداگیرا و بۆ بەرژەوەندی تایبەتی بەکارهێندرا. سەرەتا منداڵەکانی و دواتریش نەوەکانی خرانە بەرخوێندن لەو قوتابخانانەی کە تایبەتکرابوون بە بنەماڵەکەی، بۆ ئەوەی تێکەڵی هاوڵاتیانی ئاسایی نەبن. ئەمە لەو سەرۆکانەی عەرەب خراپترە کە منداڵەکانیان تێکەڵی خەڵكی ئاسایی دەکرد بۆ ئەوەی پەیوەندی لەگەڵیاندا دروستبکەن لەڕێگەی وەرگرتنی رەزامەندی خەڵکەوە شەرعیەت بە دەسەڵاتەکانیان بدەن. بەڵام ئەوەی نامۆیە ئەوەیە، لەگەڵ گەشەسەندنی کۆمەڵگای کوردیدا، دەرکەوت بارزانی نەیتوانی دۆستایەتی و پەیوەندییەکی دراوسێیانە دروستبکات لە دەرەوەی سنوری دام و دەستەکەی.

ئەگەر بەسادەیی لێکیبدەینەوە، دەتوانین بڵێین بارزانی هیچ هاوڕێیەکی نیە کە قازانجی دارایی نەبێت بۆیان.

بە دڵنیاییەوە، خواستی بارزانی بۆ سوودگەیاندن بە لایەنێکی بیانی باشترین پێناسەیە بۆ ئەو میراتەی کە جێیهێشتووە، وەکو زانیمان، لەدوای هێرشی ئاسمانی تورکیا بۆ سەر قەزای شێلادزێ لە رۆژی ٢٣ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا و شەهیدبوونی چوار هاوڵاتی مەدەنی، خۆپیشاندەرانی شارۆچکەکە هەڵیانکوتایە سەر بنکەی سەربازی تورکیا و ئوتومبیل و کەرەستە سەربازییەکانیان سوتاند و هێزی تورکیاش لە وەڵامی ئەوەدا تەقەی لە خۆپیشاندەران کرد و یەکێک لە خۆپیشاندەرەکان شەهیدبوون و هەشتی دیکەش برینداربوون.

لە وەڵامی ئەو ڕووداوەدا، بارزانی کەناڵی بێلایەنی ئێن ئاڕ تی داخست، چوار لە رۆژنامەنوسەکانی لە نوسینگەی دهۆک دەستگیرکران.

نێچیرڤان بارزانی برازا و سەرۆکی حکومەتیش، ئیدانەی هێرشەکانی تورکیا و کوژرانی هاوڵاتیانی مەدەنی و تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی شێلادزێی نەکرد. لە بری ئەوە ئیدانەی ئەو کەناڵەی کرد لەبەرامبەر روماڵکردنی رووداوەکان و کەناڵەکەی بە "تێکدەری ئاسایشی هەرێم" وەسفی کرد.

نێچیرڤان بارزانی ڕوونیکردەوە "دیموکراسیەت و ئازادی سنوری هەیە. بۆ ئێمە، ئاسایشی خەڵک لەو بابەتانە گرنگترە کە باسیان لێوەدەکرێت". ئەمە وتانەی ناوبراو جۆرێکبوو لە پشتیوانیکردنی بارزانی لە کپکردنی دەنگی ئازاد. دوای ئەوەش دەستگیرکردنی بەکۆمەڵی هاوڵاتیان دەستیپێکرد، کە ئەوەش لە لایەن پۆلیسەوە نا، بەڵکو دەزگای هەواڵگری سەر بە کوڕەکەی بارزانی ئەنجامی دەدا. دەستگیرکردنی هاوڵاتیانش بە گوێرەی یاسای ژمارە ١٥٦ لە سزادانی عێراقی ئەنجامدرا، هەمان ئەو یاسایەی کە سەدام حسێن بەکاریدەهێنا بۆ شەرعیەتدان بە دەستگیرکردنی هەڕەمەکی هاوڵاتیان.

مەسعود بارزانی، کوڕەکانی و برازاکەشی، بە سوکایەت دادەنێن کاتێک بەراورد دەکرێن بە سەدام و عودەی و قوسەی، بەڵام بەردەوام هۆکار دروستدەکەن بۆ ئەوەی بەراورد بەوان بکرێن.

زۆرینەی ئەو کەسانەی کە لەدوای ڕووداوەکەی شێلادزێوە دەستگیرکران پەیوەندییان بە هێرشی سەر بنکەی نایاسایی تورکیا لە هەرێمەوە نەبووە، بەڵکو دەستگیرکردنەکە وەکو وەڵامێکی بارزانی بووە دژ بەو کەسانەی کە ناڕەزایی دەردەبڕن بەرامبەر دەستدرێژی تورکیا بۆ سەر نەتەوەپەرستیی کورد.

وەڵامی بارزانی بەرامبەر بە خۆپیشاندەرانی شێلادزێ دوو شت ئاشکرادەکات، یەکەم ئەوەیە بارزانی لە بابەتە نەتەوەییەکاندا لاوازی نیشانداوە، خاڵی دووەمیش ئەوەیە بارزانی کار بۆ بەرژەوەندییەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەکات.

شوێنکەوتوانی بارزانی و ئەو میدیایەی کە پشتیوانی دەکات، زوو زوو باس لە پشتگیری بارزانی بۆ هەڵبژاردنی سەربەخۆیی مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٧ دەکەن بە بەڵگە بۆ نیشتمان پەروەری بارزانی ناویدەبەن، هاوکات شەڕی دژ بە هێزە عێراقییەکان و هێزەکانی حەشدی شەعبیش وەک بەڵگەیەکی دیکەی ئەوەی کە بارزانی سەرکردەیەکی نیشتیمانییە وەکو باوکی، باسدەکرێت. بەڵام لە راستیدا ریفراندۆمەکە هەڵبژاردنێکی گاڵتەجاڕییانە بوو، بە ئامانجی مانەوەی درێژە بە دەسەڵاتی نادەستووری خۆی بدات. هەروەها لەپێناو دابینکردنی پارێزبەندی دەسەڵاتەکەی بۆ دابینکردنی قەرزی نێودەوڵەتی پاش شکستهێنان لە زنجیرەیەک کەیسی دادگادا.

پشتیوانیکردنی بارزانیش لە هێزە تورکییەکان لە ناوچەکانی هەرێم و عێراق ئاماژەیە بۆ ئەوەی زیادەڕەوی دەکات لەو گلەیی و ڕەخنانەی کە هەیبووە بەرامبەر بە هێرشی هێزە عێراقییەکان و حەشدی شەعبی بۆ سەر ناوچەکان و دووروویی نیشان دەدات.

حکومەتی هەرێم ملیۆنان دۆلار لە پەیوەندییەکانیدا لەگەڵ واشنتن و لەندەن خەرجدەکات، بەڵام هەندێکجار پارە و لۆبیکردن ئەو واقیعەی کە هەیە ون ناکات. دەستگیرکردنی رۆژنامەنوسان و کەڵەکەبوونی قەرز و دیارنەمانی دیموکراسیەت و چەمانەوەی بارزانی لەبەردەم تورکیا و بەڵێننامەکانیدا، پەیامێکن بۆ بارزانی کە هەرگیز ناتوانێت ناوبانگ و ئەو میراتەی باوکی بەجێی هێشت، بەشبکات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×