بۆچی زانکۆی ئەمریکی کوردستان (لە دهۆک)، پێویستە مەسرور بارزانی شەرمەزار بکات

مایکڵ ڕۆبن
  2021-12-27     1232

تێبینی: دو وەرگێڕانی ئەم وتارەی مایکل رۆبین بۆ ئاوێنە نێردراوە، لێرەدا هەردوکیان بڵاوئەکرێتەوە:

 


بۆچی زانکۆی ئەمریکی کوردستان (لە دهۆک)، پێویستە مەسرور بارزانی شەرمەزار بکات

نوسینی: مایکڵ ڕۆبن
وەرگێڕانی: غازی غەریب زۆراب 

 

جیاواز لە خوێندنگە ئامادەییەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات، کە وەزارەتی بەرگری بەڕێوەی دەبات یان بە مانایەکی دیکە کە وەزارەتی دەرەوە وابەستەییەکی سستی بەسەرییانەوە هەیە، هەر بازرگانێک یان سیاسەتمەدارێکی سەرکێش دەتوانێت کۆلێژێک یان زانکۆیەک بکاتەوە و بە "ئەمریکی" ناوی ببات.

هەندێک زانکۆی ئەمریکیی لەدەرەوە، وەک زانکۆی ئەمریکیی لە قاهیرە و زانکۆی ئەمریکیی بەیروت،  زیاتر لەسەدەیەکە ناوبانگێکی دەوڵەمەندی زانستییان هەیە؛ زانکۆی نێودەوڵەتیی ئەمریکا-ئەفریقا لە نەیرۆبی تەنها کەمێک لە ٥٠ ساڵ زیاترە دامەزراوە، بەڵام زووتر لەوەی لێی پێشبینی دەکرا، وا خۆی وەک یەکێک لە زانکۆ هەرە چالاکەکانی ئەفریقا سەلماندووە. بەرهەم ساڵح، کە ئێستا وەک سەرۆکی عێراق لە ئەرکدایە، زانکۆی ئەمریکیی عێراق - سلێمانیی دامەزراند، لەپێناو هێنانی کواڵتییەکی بەهێزی شێواز-ئەمریکیی، لەسەر بیرکردنەوەی ڕەخنەیی لە عێراقدا.

هەرچەندە، زۆرجار ،بازرگانەکان بە دامەزراوەکانیان دەڵێن "ئەمریکی" لەپێناوی سودوەرگرتن لەسەر وێنایەک (وێنای ئەمریکایی) بەبێ پابەندبوونی پێویست بە کوالیتییەوە. ئەمە هۆکارێکە کە وایکردووە زۆرێک لە زانکۆکان کە خۆیان بە ئەمریکی ناوبردووە، بە باوەڕپێنەکراو بمێننەوە، لەلایەن ئاژانسە باوەڕپێکراوەکانی ئەمریکاوە.

جاری واش هەیە، سیاسەتمەدارە دانیشتووەکان، سپۆنسەری زانکۆکان دەکەن وەک پرۆژەگەلێکی پوچ بۆ خۆدەرخستن و خۆنمایشکردن. ئەمە ڕەوشی زانکۆی ئەمریکیی کوردستانە کە لە ساڵی ٢٠١٣ وە دامەزراوە، چونکە مەسرور بارزانی، کوڕە گەورەی سەرۆکی پارتیی دیموکراتیی کوردستان مەسعود بارزانییە، کە لەو گرنگییپێدان و ستایشکارییە عاجز بوو کە بەرهەم لەپێناو دەستکەوتەکانی زانکۆی ئەمریکیی عێراق دا، بەدەستی هێنابوو.

زانکۆی ئەمریکیی کوردستان لەوانەیە خۆی وەک "دامەزراوەیەکی شێواز-ئەمریکی" وەسف بکات، بەڵام وانییە. شکستهێنانی زانکۆکە لە بەدەستهێنانی بڕواپێکردن لەلایەن ڕێکخراوە ئەمریکییەکانەوە، بۆ هیچ کەس لەوانەی کە ئاشنان بە  کەمپەس و پڕۆگرامەکەی، جێگای سەرسوڕمان نییە. لە کاتێکدا کە مەسرور چێژ لە ستایشێکی گەورە وەردەگرێت کە لەناو کەمپەسەکەدایە، زانکۆکە نە ئازادیی ڕادەربڕیین نە ئازادیی بەدواداچوون و دەستکەوتنی زانیاریی تێدا فەراهەم نییە.

فەرمانبەران و خوێندکارانی زانکۆ بە ئاشکرا دان بە کۆنتڕۆڵی سیاسییدا دەنێن کە لەسەریان هەیە؛ خوێندکاران ڕووبەڕووی دەستگییرکردن و دەرکردن لە فاکەڵتی دەبنەوە ئەگەر بپرسن بۆچی هێزە ئەمنییەکانی مەسرور وازیان لە ئێزدیەکان هێنا بۆ دەوڵەتی ئیسلامیی، لەو کاتەدا کە گوندنشینەکان لە هەفتەکانی پێش سەرهەڵدانی دەوڵەتی ئیسلامییدا داوای پاڵپشتی ئەمنیان دەکرد، وە یا مشتومڕی هەوڵە کارەساتاوییەکەی مەسرور بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی لەساڵی ٢٠١٧ دا بکەن، یاخود نهێنیی گەندەڵییەک ئاشکرا بکەیت کە یاسا پێی ناوێرێ و کۆمەڵێک دەرفەت و بەرژەوەندیی بۆ هەمووان وەستاندووە، جگە لەوانەی کە سەر بەدەسەڵاتن ( واتە ئەو دەرفەت و بەرژەوەندییانە، بۆ ئەوانەیە کە سەر پارتی دەسەڵاتدارن، ئەمەیە کە دەڵێت یاسا بۆ خەڵکی فەقیرە - وەرگێڕ -) 
یا باڵەخانە قەبە و فشەئامێزی زانکۆکە کە لە جێگای کەمپێکی ئاوارەکاندا دروست کراوە، بەدروستکردنی باڵەخانەکە بارزانیی جارێکی دییکە دانیشتوانی کەمپەکەی ئاوارە کردەوە، ئەمانە بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە نەک تەنها جەختکردنەوەی بارزانییەکان لەسەر گرنگییدانی وێنایە بەسەر ناوەڕۆکدا (وێنەی بێ ناوەڕۆک)، بەڵکو وەبیرهێنانەوەی وازهێنانی حکومەتە لە زانکۆ حکومییەکان وەک زانکۆیەکی داهات-کەموکووڕ (هەژار) ی وەک زانکۆی دهۆک .
جا هەموو ئەمە بە ئەندازەی خۆی خراپە، بەڵام لەوە خراپتر، ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوو دیسان کێشەی لکاندنی ناوی "ئەمریکیەکان" بۆ پرۆژەی مەسرور دێنێتەوە بەرباس. لە گۆڤاری American Prospect دا، پەیامنێری لێکۆڵەر زاک کۆپڵن، ئەو موڵکانەی ئاشکرا کرد کە لە لایەن مەسرور و ئەندامانی خێزانەکەیەوە کڕراون، کە وا دەرئەکەوێ بەو پارەیە كڕراون کە بە نهێنیی لە گەنجیینەی حکومەت بردوویانەتە دەرەوە. وتارەکە (ئەوەی زاک کۆپڵن)، کە سەرچاوەکانی وا دەردەکەوێت بێهەڵەیەو لە ئاستێکی بەرزدا نوسراوە، لە کاتێکدا دێت کە کۆمپانییاو خاوەنکارەکان لە هەڵکشانی باج نیگەرانن لە نێو گێژاوی دابەزینی خزمەتگوزارییەکانی حکومەتدا، وە لەکاتێکیشدایە کە حکومەت دواکەوتووە لە دابەشکردنی مووچەی ژمارەیەکی زۆر لە فەرمانبەرانی شارشتانیی.

هەرچەندە خۆ گەندەڵی لە کوردستانی عێراقدا شتێکی تازە نییە؛ ئەوە تەنها هەر مەسرورە کە نکۆڵیی لێ دەکات. هەرچەند، مەسرور، بڕیاری دا بە ڕونکردنەوەیەک کۆپلین تۆمەتبار بکات بە هەبوونی پەیوەندیی لەگەڵ ژنی ڕەخنەگرێکدا. جارێ تۆ ئەو ڕاستتیە بنێرە ئەولاوە کە کۆپلین هەرگیز ئافرەتەکەی نەبینیووە، تەنانەت ئەگەر بینیبێتیشیی، ئەوا ڕاستیەکانی چیرۆکەکە ناگۆڕێت. هەڵچوونی مناڵانەی مەسرور لە کۆمەڵگای کۆنەپارێزی کوردستاندا کە کوشتن لەسەر ناموس( تەنانەت لە خێزانی خودی بارزانییشدا)، دەگمەن نییە، ئەم کردەیە، بە ئامانجگرتنی ئافرەتەکەیەو، بە توندوتیژییکردن بەرامبەری، هەژمار کرا.

لە بەرامبەر ئەم ڕەوشە، پێویستە کە ڕانداڵ ڕۆدس؛ سەرۆکی زانکۆکە، بارزانی شەرمەزار بکات؛ بە سیفەتی ئەوەی کە مەسروور سەرۆکی دەستەی ئەمینداریی زانکۆکەیە. ئاخر بانگەشەی ئەوە بکەیت کە گوایە دامەزراوەیەکی شێواز-ئەمریکییە و دواتر چاوپۆشی لە زەقتریین کردەی ڕق ئامێز بەرامبەر ئافرەت بکەیت، ئەمە شەرعیەتی زانکۆکە ناهێڵێت، وە عەیبە و کەموکوڕی بنەڕەتیی پێگەی وەزیفیی ئەکادیمییە ئەمریکییەکان دەخاتەڕوو، کە ئەمە یا ئەترسن کە دەنگ هەڵبڕن یان زیاتر و زیاتر موراعاتی ڕەفتاری نەخۆشی بارزانیی دەکەن.

بەدەر لە باسوخواستی مەسرور، ئەندامانی دەستە؛ پییتەر گالبرێت و بێرنارد کۆشنەر، بە بێدەنگییەکەیان کە هەڵوێستییان نییە، خۆیان و، میراتیی خۆیان لە بواری مافەکانی مرۆڤدا، خەجاڵەت دەکەن. ئەگەر ئەوان پرەنسییپ (مبدأ) لەسەرو بەرژەوەندییەوە دەبینن، پێویستە واز لە لکاندنی ناوی خۆیان لەو کایەیەدا بهێنن، کە لەجێی ئەوەی ناو و ناوبانگییان، زیاتر ببێتە سیمبولێک بۆ خەمی مەعریفە، بووەتە سیمبولی بەرژەوەندییخوازیی و خۆمخۆم؛ ( ئیگۆ).

دەربارەی وەزارەتی دەرەوە، لە کاتێکدا کە ناتوانێت خراپبەکارهێنان و سوودوەرگرتن لە بڕاندی ئەمریکیی کۆنتڕۆڵ بکات، ئەوا کونسوڵی گشتی، بوێرانەتر دەتوانێت دەنگ هەڵبڕێت و ڕونی بکاتەوە کە عورفی کۆمەڵایەتیی مەسرور لە چەوسانەوە و بەئامانجگرتنی ئافرەتدا، دژبەرە بە بەها و سەرکردایەتیی ئەمریکییەکان، جا ئیتر لە هەر زانکۆیەکی ڕاستەقیینەی ئەمریکییدا بێت.
لەکۆتاییدا، ئەگەر مەسرور بەڕاستی لە خەمی زانکۆدایە، پێویستە دەست لەکار بکێشێتەوە. ئەوکات هەردوکیان؛ مەسرور و زانکۆکەش، بۆ دەسپێکێکی تازە حاڵیان باشتر ئەبێت.

.................................................................................................

بۆ پێویستە زانکۆی ئەمریکی کوردستان سەرکۆنەی مەسرور بارزانی بکەن

 

نوسینی: مایکڵ ڕۆبن

 وەرگێڕانی لە ئینگلیزیەوە: نەوزاد شوانی

 

دواناوەندیە ئەمریکیەکان لە دەرەوەی ئەمریکا وەزارەتی بەرگری سەرپەرشتیان ئەکات و وەزارەتی دەرەوە پەیوەندیەکی کەمی هەیە پێیانەوە. بەڵام هەر بزنسمان و سیاسەتکارێک ئەتوانێ کۆلێژ یا زانکۆیەک دابمەزرێنی و ناوی بنێت (ئەمریکی).

هەندێ زانکۆی ئەمریکی لە دەرەوە وەک زانکۆی ئەمریکی- قاهیرە و زانکۆی ئەمریکی- بەیروت زیاتر لە سەدەیەک مێژویان هەیە و ناوبانگێکی زانستی بڵاویان هەیە. زانکۆی ویلایەتە یەکگرتۆکانی ئەمریکای نێودەوڵەتی- ئەفریقیا لە نایروبی، کەمتر لە ٥٠ ساڵە دامەزراوە. بەڵام توانیوەیەتی ببێت بە یەکێک لە ناودارترین زانکۆکانی ئەفریقیا. بەرهەم ساڵح کە ئێستا سەرۆک کۆمای عیراقە زانکۆی ئەمریکی عیراق-سلێمانی دامەزراند تا شێوازی خوێندنی ئەمریکی کە جەخت لە سەر بیرکردنەوەی رەخنەگرانە ئەکات بباتە کوردستانەوە.

زۆر جاریش بزنسمانەکان دامەزراوەکانیان ناو ئەنێن (ئەمریکی)  بۆ سودمەندبون لەو وێنایەی ئەو ناوە ئەیبەخشێ، بێ ئەوەی پابەندی مەرجەکانی چۆنیەتی بن. ژمارەیەکی زۆر زانکۆ ناوی (ئەمریکی) یان بە خۆیانەوە لکاندوە، بەڵام لە ئاژانسەکانی متمانەی ئەمریکی دانیان پیا نەنراوە. هەندێ جار سیاسیەکان زانکۆ دائەمەزرێنن تەنها بۆ ناوبانگ، وەک زانکۆی ئەمریکی- کوردستان کە لە ساڵی ٢٠١٣ مەسرور بارزانی کوڕی مەسعود بارزانی سەرۆکی پدک دایمەزراند لە بەر بێزاری لە ناوبانگ و ستایشی بەرهەم ساڵح. 

زانکۆی ئەمریکی کوردستان خۆی وێنا ئەکات کە شێوازی ئەمریکی خوێندن  فەراهەم ئەکات، بەڵام تەنها ناوەکەی ئەمریکیە و هیچی تر.  بۆیە شکستهێنانی لە دەستەبەرکردنی متمانەی ئاژانس و رێکخراوە ئەمریکیەکان مایەی سەرسوڕمان نیە بۆ هەرکەسێک شارەزای کامپ و پرۆگرامی خویندەکەی بێت. لە کاتێکدا مەسرور ستایش ئەکرێت کە لە کامپی زانکۆکەیە، بەڵام نە ئازادی گوتار و نە ئازادی بنکۆڵکردنی تیا هەیە. 

خویندکاران و فەرمانبەرانی زانکۆ بێپەردە باسی کۆنترۆڵی سیاسی زانکۆکە ئەکەن. خوێندکارانی زانکۆکە دووجاری گرتن و فەسڵکردن ئەبن ئەگەر پرسیاری ئەوە بکەن، بۆ لە کاتێکدا دانیشتوانی شارۆچکە و لادێکانی ئێزدیخان ئەپاڕانەوە بۆ بەهێزکردنی هێڵەکانی بەرگری، چەند هەفتەیەک بەر لە هێرشی چەکدارانی دەوڵەتی ئیسلامی، هێزەکانی ئاسایشی مەسرور جێیان هێشتن تا ببن بە نێچیری تیرۆریستان. یا ئەگەر رەخنە بگرن لە پێداگری مەسعود بارزانی لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆی لە ٢٠١٧، یا باسی گەندەڵی بکەن کە پێشبینی هەموانی تێپەڕاندوە. 

کە ئەم زانکۆیە لە بینایەکی ناوازە دایە و لەسەر خاکی دەزگایەکی ئاوارەکان بنیات نراوە کە پێشتر شوێنی حەوانەوەی بارزانیە ئاوەرەکان بوو و دانیشتوانەکەی جارێکی تر ئاوارە کرانەوە، تەنها ئاماژە نیە بۆ گرنگی پێدانی بنەماڵەی بارزانی بە رووکەش لەسەر حیسابی ناوەڕۆک. بەڵکو ئاماژەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر فەرامۆشکردنی زانکۆ حکومیەکان. زانکۆی دهۆک بە نمونە کە پێداویستیەکانی دابین ناکرێت. 

ئەمانە هەموی ئاماژەی خراپن,  بەڵام روداوەکانی هەفتەکانی رابردوو، گرفتی بەکارهێنانی ناوی (ئەمریکی) بۆ پرۆژەکەی مەسرور زیاتر کرد.

مەبەست راپۆرتە بنکۆڵکاریەکەی زاک کۆپلینە لە گۆڤاری  (ئەمریکان پرۆسپێکت) لەمەڕ ئەو موڵکانەی مەسرور و ئەندامانی تری خێزانەکەی کڕیویانە، کە دیارە بە پارەی دزراوی خەزینە کڕدراون. 

راپۆرتەکە کە سەرچاوەی حاشاهەڵنەگری هەس، لەکاتێکدایە کە توڕەیی سەرمایەدار و خاوەن پرۆژەکان لە زیادبوندایە بە هۆی بەرزکردنەوەی باج لەسەریان و خزمەتگوزاری گشتی بوکاوەتەوە و حکومەت قەرزاری موچەیەکی زۆری فەرمانبەرانیەتی. 

گەندەڵی دیاردەیەکی نوێ نیە لە کوردستان، بەڵام تەنها گەمژەکان و (مەسرور) نکۆڵی لێئەکەن. 

سەرباری ئەمانە کاردانەوەی مەسرور بۆ راپۆرتەکەی کۆپڵین ئەوە بوو لە راگەیاندنێکدا نوسینگەکەی گوتی، زاک پەیوەندی هەیە لەگەڵ ژنی رەخنەگرێکی دەستەڵاتەکەی.  

لەگەڵ ئەوەی کۆپلين هەر چاویشی بەو ژنە نەکەوتوە، بەڵام ئەگەر واش بێت خۆ هیچ لە راستیەکانی راپۆرتەکە ناگۆڕێت.  

توڕەبوونە منداڵانەکەی مەسرور بەو ئامانجە بو کە ئەو ژنە توشی توندوتیژی بکات لە کۆمەڵگایەکی کۆنەپارێزی وەک کوردستان کە کوشتن بە پاساوی شەرەف( بە بنەماڵەی بارزانیشەوە) شتێکی دەگمەن نیە. 

لەبەر ئەم هۆیانە پێویستە رانداڵ رۆدسی سەرۆکی زانکۆکە مەسرور سەرکۆنە بکات کە سەرۆکی بۆردی متمانەپێکراوانی زانکۆکەیە. 

ناکرێ لە لایەک لافی ستایڵی دەزگایەکی ئەکادیمی ئەمریکی لێبدەیت و لە لایەک گوزارشێکی  پێپەردەی ئاوهای (ژن نەفرەتی Misogyny )فەرامۆش بکەیت، جونکە رەوایی زانکۆکە ئەخاتە ژێر پرسیارەوە و پەردە لەسەر لادانێکی بنەرەتی لە پەیام و ئامانجە باڵاکانی ئەکادیمیای ئەمریکی هەڵدەداتەوە. ئەکادیمیە ئەمریکیەکان ناوێرن قسە لەسەر رەفتارە شێتانەکانی بارزانیەکان بکەن.      

خەڵکانی وەک پیتەر گالبریت و بیرنارد کۆشنەر بە ئەندام بونیان لە بۆردی متمانەپێکراونی زانکۆکە لە گەڵ مەسروردا خۆیان و توراسی خۆیان لە بەریگریکردن لە مافەکانی مرۆڤ شەرمەزار ئەکەن. ئەگەر پرەنسیپ بخەنە پێش قازانجەوە پێویستە ناوی خۆیان لەو شتە بکەنەوە کە زیاتر بنیادێکە بۆ غرور وەک لەوەی دامەزراوەیەکی فێرکردن بێت. 

گەرچی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کۆنترۆڵی نیە بەسەر بەکارهێنانی ناوی (ئەمریکی) بۆ هەر دامەزراوێک، بەڵام کونسوڵی گشتی ئەمریکا لە هەرێم پێویستە ئازایەتی ئەوەی هەبێت بە روونی بڵێت (ژن نەفرەتیەکەی. Misogyny ) مەسرور گونجاو نیە لەگەڵ  بەها وپرەنسیپەکانی رابەرایەتی ئەمریکی لەهەر زانکۆیەکی ئەمریکی راستەقینە. 

لەکۆتاییدا ئەگەر مەسرور زانکۆکەی بەلاوە گرنگە پێویستە دەستی لێبەردا،کە بۆ خۆی و زانکۆکەش قازانجترە.

  

نوسینی دکتۆر مایکل روبن، سەرنوسەری هاوکار لە پەیمانگای ئەمەریکان ئەنتەرپرایز. دکتور روبن نوسەر و هاونوسەری چەندەها کتێبە لە بواری دپلۆماسی و مێژووی ئێران و کولتوری عەرەب و تۆژینەوە دەربارەی کورد و سیاسەتی شیعە لەوانەش: 

- حەوت پایە، چی دەبنە هۆی ناسەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوین

- سەرهەڵدانی کوردستان 

- سەماکردن لە گەڵ گورگدا

- ناوخۆی ئێران

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×